خوێندنەوەیەک بۆ ژیان و بەرهەمی حوسێن حوزنی موکریانی لە سەقز کرا

 
رووداو دیجیتاڵ

(رۆژنامەگەری لە غوربەت) خوێندنەوەیەک بوو بۆ ژیان و بەرهەمی حوسێن حوزنی موکریانی، بە بەشداریی کۆمەڵێک رۆژنامەڤان، نووسەر و چالاکڤان لە شاری سەقزی پارێزگای سنە بەڕێوەچوو.
 
ئەمڕۆ شەممە 4ی تشرینی یەکەمی 2025 فەردین مستەفایی، رۆژنامەڤان و بەشداربووی کۆڕەکە بە رووداوی راگەیاند، "دوێنێ هەینی، بە بەشداری کۆمەڵێک رۆژنامەڤان، نووسەر و چالاکڤان، خوێندنەوەیەک لەژێر ناوی رۆژنامەگەری لە غوربەت بۆ ژیانی رۆژنامەڤانیی حوسێن حوزنی موکریانی کرا."
 
ئەو بەشداربووەی کۆڕەکە گوتی، "چەند بابەتێک لەلایەن بەشداربووانەوە پەیوەندیدار بە ژیان و بەرهەمی حوسێن حوزنی موکریانی باسکران، لەوانەش بیرۆکەی نیشتمانپەروەری و خوشەویستی خەڵک، هاوکاری لەگەڵ رۆژهەڵاتناسان، رۆژنامەنووسی لە غوربەت و پێگەی حوزنی موکریانی لە نەتەوەسازیی کورد."
 
فەردین مستەفایی ئاماژەی بەوەش کرد، "جەخت لەوە کرایەوە کە پێویستە ناساندنی کەسایەتییە ناودارەکانی کورد بە نەوەی نوێ بەردەوام بێت."
 
لە کۆڕەکەدا کامیل عیسازادە، یەکێک لە نەوەکانی حوزنی موکریانی، بەشێک لە مێژووی ژیانی حوسێن حوزنی موکریانی لە باسکرد و ئاماژەی بە چوونی بۆ وڵاتانی دیکە کرد.
 
لە کۆڕەکەدا بڕیاردرا فێستیڤاڵێک بە زمانەکانی کوردی و فارسی بە ناوی حوزنی بەم زووانە لە سەقز بەڕێوەبچێ.
لە 20-09-1947 لە بەغدا کۆچی دوایی کرد و لە شاری هەولێر بەخاک سپێردرا.