ماڵباتی 'تەحۆی بەستەپیازە' سکاڵا لەسەر ستافی فیلمی بەڕازیلییە شینەکە تۆمار دەکەن

رووداو دیجیتاڵ

دوای نمایشکردنی فیلمی بەڕازیلییە شینەکە لە سینەما، ماڵباتێک سکاڵای یاسایی لەسەر ستافەکەی تۆمار دەکەن و دەڵێن: کەسایەتیی کوڕێکی ئێمەیان شێواندووە و بە بەدکار و بکوژ نیشانیان داوە. 
 
دەرهێنەرەکە ئەو قسانە رەتدەکاتەوە و دەڵێت: هیچ ناوێک لە فیلمەکەدا نەهاتووە و "باشترە ئەو ماڵباتە بێن فیلمەکە ببینن."
 
فیلمی بەڕازیلییە شینەکە، باسی ژیان لە ساڵانی نەوەدەکان دەکات لە شاری هەولێر، دەرهێنەرەکەی دەڵێ: لە چەند چیرۆکێکی راستەقینەوە وەرگیراوە.
 
بەگوتەی کەسوکارەکەی، پاڵەوانی سەرەکیی فیلمەکە، کەسێکە بەناوی تەحسین موحسین مەولوود، کە بە تەحۆی بەستەپیازە ناسراو بووە. "تەحۆ کورتکراوەی تەحسینە و بەستەپیازەش گەڕەکێکە لە هەولێر."
 
موخلیس، برای تەحۆی بەستەپیازەیە، قسەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کرد و گوتی: "لە فیلمەکەدا، تەحۆ بە کەسێکی دز و بکوژ نیشاندراوە، لەکاتێکدا براکەی من کەسێکی بەغیرەت بووە و لەسەر مافی هەژاران بەردەوام شەڕی کردووە."
 
موخلیس دەڵێت "ئەو کارانەی لە فیلمەکەدا نیشاندراون، دوورن لە رەوشتی براکەی منەوە، هەروەها ناوی خێزان و دایک و باوکیشم هاتووە، بۆیە سکاڵای یاساییمان لەسەر دەرهێنەر و ستافی فیلمەکە تۆمار کرد."
 
تەحسین موحسین یان تەحۆی بەستەپیازە، لە ساڵی 1973 لەدایکبووە، بە گوتەی براکەی لە ساڵی 1995 لە هەولێر گولـلەباران کراوە و کوژراوە.
 
محەممەد شێروانی، دەرهێنەری فیلمەکەیە، لەبارەی سکاڵاکەی ماڵباتی تەحۆی بەستەپیازە قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی: "فیلمەکە چیرۆکێکە کە خۆمان دروستمان کردووە، بەڕازیلییەکەی ئەوان سوورە، ئێمە شینمان هەڵبژاردووە و هیچ پەیوەندییەکی بەو بنەماڵەوە نییە."
 
بەڕازیلییە شینەکە، فیلمێکی ئەکشن و تاوانکارییە و باسی ژیانی هەولێر دەکات لە ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی رابردوو.
 
محەممەد شێروانی دەڵێت "لەنێو فیلمەکەدا، ناوی تەحۆ و تەحسین نەهاتووە، بەهیچ جۆرێک هیچ ناوێک نەهاتووە، با بنەماڵەی تەحۆ بێن فیلمەکە ببینن ئەوسا بڕیار بدەن، رێزمان بۆ ئەو ماڵباتە هەیە، بەڵام ئەوان چیرۆکەکەیان بەسەر خۆیاندا ساخ کردەوە."