رێگری لە چوونی بەشێک لە شانۆکاران بۆ فێستیڤاڵی شانۆی کەرکووک دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
هەرچەند بڕیاربوو میوانانی سەرجەم پارچەکانی کوردستان بەسەر فەرشی سووردا بڕۆن، بۆ بەشداری لەدەستپێکی فێستیڤاڵی شانۆی کەرکووک، بەڵام بەهۆی رێگری بازگەکانی کەرکووک، هەشت گرووپی شانۆیی نەیانتوانی بگەنە کەرکووک و نمایشەکان لەم شارەدا بکەن.
ئالان هیوا، ئەندامی دەستەی باڵای فێستیڤاڵی شانۆی کەرکووک بە رووداوی راگەیاند: بەهۆی دەستوەردانی ئەمنی و سیاسیی، ناچار بوون، فێستیڤاڵەکە بکەن بە دوو بەش، یاخود سێ بەش، گوتیشی "میوانەکانی فێستیڤاڵ بە پاس لە سنووری کوردستانەوە هاتوون و پێویستیان بە ڤیزا نییە، تەنیا بە مۆرێک دەتوانن بێنە ژوورە، بەڵام رێگە نەدرا هیج میوانێک بێتە ژوورەوە".
ئاهەنگی دەستپێکی فێستیڤاڵی شانۆ بەبێ ئامادەبوونی میوانانی دەرەوە دەستی پێکرد و بۆکان هەورامی بەسێ گۆرانی و گرووپی هەڵپەڕکێ بەنمایش و تابلۆی کوردی دەستپێکی کوردانەیان بەخشییە فێستیڤاڵ.
وەزیری رۆشنبیری عێراقیش گەیشتە نێو هۆڵی سەنتەری رۆشنبیری کەرکووک و بەشداریکرد، هەرچەند لەرێگەی وەزیرەوە هەوڵی درا بۆ چارەسەری کێشەی مێوانی پارچەکانی دیکە کوردستان، بەڵام بێ سوودی بوو.
دوای کۆبونەوەی وەزیری رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ستافی رێکخەرانی فێستیڤاڵ گۆڕانکارییان لە پلان و شوێنی نمایشەکان کرد، بڕیاریردا هەشت شانۆگەری باکوور، رۆژئاوا و رۆژهەڵات، لە شاری چەمچەماڵ نمایش بکرێن.
حەمەی حەمە سەعید، وەزیری رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە رووداوی راگەیاند، بەشێک لە نمایشە شانۆییەکان دەبنە دەرەوەی کەرکووک و لە چەرمۆ و مۆنۆمێنتی چەمچەماڵ نمایشەکان دەکرێن.
لە سێیەمی فێستیڤاڵی شانۆی کەرکووک، بۆ یەکەمجارە شانۆی هۆڵ و شەقام تیکهەڵکێش دەکرێت و نۆ شانۆگەری هۆڵ کە یەکێکیان مێوانی فێستیڤاڵە، لەگەڵ 11 شانۆی شەقام تێیدا بەشدارن و نمایش دەکرێن.