لارا دزەیی لە لیستی 25 ئیلهامبەخشترین کەسایەتیی ساڵی گۆڤارێکی ئەمریکی دایە

 
 
رووداو دیجیتاڵ 

گۆڤاری Gladysـی ئەمریکی، دیزاینەری ناسراوی کورد لارا دزەیی، وەک یەکێک لە "25 ئیلهامبەخشترین کەسایەتیی ساڵی 2025" دەستنیشان کرد. 
 
لارا دزەیی، کە شانبەشانی ئەستێرە جیهانییەکانی وەک نیکۆڵ کیدمان و تۆم فۆرد لە لیستەکەدا ناوی هاتووە، بەهۆی کارە هونەرییەکانی لە تێکەڵکردنی جلوبەرگی کوردی لەگەڵ فاشنی هاوچەرخ و گەیاندنی کولتووری کوردی بە جیهان، ئەم ناسناوەی پێبەخشراوە.
 
گۆڤاری Gladys کە گۆڤارێکی وەرزیی ئەمریکییە، ساڵانە لیستێک بڵاودەکاتەوە بۆ رێزلێنان لەو خاوەنکار، هونەرمەند، ئەکتەر و کەسایەتییانەی کە بوونەتە سەرچاوەی ئیلهام. ئەم ساڵ، لارا دزەیی وەک نوێنەری کولتوور و هونەری کوردی، پانتاییەکی بەرفراوانی گۆڤارەکەی بۆ تەرخان کراوە.
 
"نامەی خۆشەویستی بۆ کولتوورەکەم"
 
گۆڤارەکە بە وردی باسی کارەکانی لارا دزەیی دەکات و ئاماژە بە نوێترین کۆکراوەی [کۆلێکشن] دەکات بە ناوی "میلانی سیحراوی" (Milan Enchanted) کە لە هەفتەی فاشنی میلانۆ نمایش کرا. 
 
گۆڤارەکە گوتەیەکی لارا دزەیی گواستووەتەوە کە دەڵێت: "ئەم کۆلێکشنە نامەیەکی خۆشەویستییە بۆ کولتوورەکەم، بۆ گەلەکەم و بۆ هەموو ئەو ژنانەی کە جورئەتیان کردووە خەون بە دەرەوەی سنوورەکانەوە ببینن. لەڕێگەی میلانی سیحراوییەوە، ویستم نەریت و خەیاڵ پێکەوە ببەستمەوە، کە هەر تەقەڵێکی چیرۆکی خۆڕاگری، شانازی و جوانی دەگێڕێتەوە."
 
بەگوێرەی گۆڤارەکە، کۆلێکشنەکەی لارا لە میلان بە پشتیوانیی چەندین لایەن لەوانە Al-Assad، KSAC، Nafith، هێڵی ئاسمانیی کوردستان و کونسوڵخانەی ئیتاڵیا لە هەولێر پێشکەش کراوە، کە ئەمەش نیشانەی بایەخی نێودەوڵەتیی کارەکانیەتی.
 
لە کەرتی نەوت و گازەوە بۆ جیهانی جلوبەرگ
 
لارا دزەیی، کچی هونەرمەندی گەورەی کورد، هۆمەر دزەییە. لە ڤیەننای پایتەختی نەمسا لەدایکبووە و لە ئەمریکا گەورە بووە. بڕوانامەی لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا لە زانکۆی جۆرج مەیسن بەدەستهێناوە و زمانەکانی کوردی، ئینگلیزی، فارسی، عەرەبی و ئەڵمانی دەزانێت.
 
ژیانی پیشەیی لارا چیرۆکێکی سەرنجڕاکێشی هەیە. بۆ ماوەی 15 ساڵ لە کەرتی نەوت و گازدا کاری کردووە، بەڵام دواتر بڕیاریداوە بەدوای خولیا راستەقینەکەیدا بگەڕێت و ژیانی خۆی بۆ دیزاینکردنی جلوبەرگی کوردی بە شێوازێکی کلاسیک و مۆدێرن تەرخان بکات. ئەم گۆڕانکارییە گەورەیە لە ژیانیدا، یەکێکە لەو هۆکارانەی کە وایکردووە وەک کەسایەتییەکی ئیلهامبەخش بناسرێت.