چیرۆکی خولەپیزە و یاوەرانی لە بەڵگەفیلمێکی رووداودا

 
رووداو دیجیتاڵ

رۆژی چوارشەممە 08-10-2025 تۆڕی میدیایی رووداو بۆ یەکەمجار بەڵگەفیلمی (خولەپیزە و یاوەرانی) لە شاری سلێمانی پیشان دا. 
 
خولەپیزە گەنجێکی ناوچەی شارباژێری سنووری سلێمانی بووە و لەگەڵ دەستەیەک لە هاوڕێیانی رووبەڕووی جەور و ستەمی ئەوکاتی دەسەڵاتی پاشایەتیی عێراق بووەتەوە. 
 
بەڵگەفیلمی خولەپیزە لەلایەن کاوە ئەمین، پێشکێشکاری تۆڕی میدیایی رووداو ئامادەکراوە و لەلایەن هەرێم بورهانەوە کاری دەرهێنانی بۆ کراوە. 
 
هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لە رێوڕەسمی یەکەمی پیشاندنی بەڵگەفیلمەکە ئامادەبوو و گوتی: "ئەمڕۆ بینەری بەڵگەفیلمێک دەبین لەسەر کارەکتەرێکی راستەقینەی نیشتمانەکەمان، کە هێما و سیمبولێکی جوانی بەرەنگاریی نەهێشتنی ململانێی چینایەتی، بەرگریکردن لە راستی، بەگژداچوونەوەی ستەمکارانی ئەم ناوچەیەیە کە بەدرێژایی مێژوو هەبوون؛ ئەویش مەحموودی پیرۆز خانە."
 
پارێزگاری سلێمانی گوتیشی: "کاک مەحموودی پیرۆز خان [کە ناسناوی خولەپیزەی هەیە] دایکی قەڵایەک بووە لە پشتی و خۆیشی بووەتە قەڵخانێکی گرنگ بۆ پاراستنی دادپەروەری لە ناوچەکەی ئێمە. هەوڵی مکوڕانەی داوە."
 
ئاکۆ محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداو لە رێوڕەسمەکە لە پەسنی خولەپیزەدا گوتی: "مەحموود پیرۆز خان، خاوەن پرۆگرامێکی نووسراوی نیشتمانی و ئایدیۆلۆژی نەبووە، بەشێک نەبووە لە بزووتنەوەیەکی رێکخراوی سیاسیی کوردستان، بەڵام لە هەمان کاتدا رێگر و پیاوکوژ نەبوو، بەڵکو سەردەستەی دەستەیەکی یاخی بوو لە زۆرداریی و خۆسەپاندنی دەسەڵاتی رژێمی عێراق بەسەر شار و ئاواییەکانی سلێمانی دا."
 
بەڕێوەبەری گشتیی رووداو هەروەها گوتی: "خولەپیزە و چەکدارەکانی کەسانی دەست پارێز بوون لە ژنان، کەسانێکی ماڵستێن و تاڵانکار نەبوون. لە هەمان کات دا رێزێکی زۆریان لە ژن گرتووە و زۆر بەڕێزبوونە لەگەڵ رۆشنبیر و شاعیرانی کوردستان دا. پیشەوەرانی کوردستان خۆشیان ویستوون، هەروەها لەلایەن بنەماڵە و کەسایەتییەکی گەورەی وەک شێخ لەتیف حەفید یارمەتیدراون."
 
بەگوێرەی گێڕانەوەیەک، خولەپیزە لە خێزانێکی هەژار بووە کە بە کشتوکاڵ و ئاژەڵدارییەوە خەریک بوون، لە دوای مردنی باوکی، ئەرکی بەخێوکردنی خێزانەکەی کەوتووەتە سەرشان. كاتێك مەفرەزەی پۆلیس لە چوارتاوە دەچن بۆ گرتنی بە هۆی دواكەوتنی خزمەتی سەربازی، خۆی دەشارێتەوە لە ماڵەكەیان و دایكیشی بە قورئانێكەوە دەچێتە پێشوازی پۆلیسەكان و داوایان لێ‌ دەكات واز لە کوڕەکەی بهێنن، چونكە كەسیان نییە بەخێویان بكات. پۆلیسەكانیش پاڵ بەدایکی وەدەنێن و قورئانەکەی دەستی فڕێدەدەن. خولەپیزە ئەمە دەبینێت و بەو تفەنگەی کە هەیانبووە، تەقە لە پۆلیس دەکات و یەکێکیان دەکوژێت، دواتریش دەچێتە شاخ.
 
ئاکۆ محەممەد لەبارەی بەڵگەفیلمەکە گوتی: "لەو بەڵگەفیلمەدا باسی ئازایەتیی چەکدارەکانی دەستەی خولەپیزە دەبینین، یەكێک لەوان عەولی گوڵچینە، کە مێرخاسێکی کوردستان بووە، لە بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەر بووە، برا و نەوەکانی دیکەی بنەماڵەکەیەشی بوونەتە پێشمەرگەی هۆشیار و قارەمانی کوردستان، ئەمین گوڵچینی برایشی لە شۆڕشی کوردستان وەک قارەمانێک نێوبانگی دەرکردبوو و لە سەنگەری ئازایەتی و پێشمەرگایەتی دا لە شۆڕشی یەیلوول دا لە شەڕی چیای گۆڕەزدا قارەمانانە شەهید بوو."
 
 
 
بەگوتەی کاوە ئەمین گوڵچین، ئامادەکاری بەڵگەفیلمەکە، کە (عەول گوڵچین)ـی مامی دەستەڕاستی خولەپیزە بووە، خولەپیزە دەسەڵاتدارانی عێراقی تووڕە کردبوو، بۆیە لە دوای کۆتاییهێنان بەو بزووتنەوە چەکدارییە، کابرایەکیان بەناوی عەزاوی لە بەغداوە هێنا بۆ سلێمانی و بەناوی نووسەر و لێکۆڵەرەوە کتێبێکی بەناوی (الکتاب الأسود – کتێبی رەش)ـەوە نووسی، هەرچی کردەوەی خراپە خستییە دوای یاخیبووەکان بۆ ئەوەی لەنێو خەڵک دا ناویان رەش بکات، بەڵام هەر زوو خەڵکی ناوچەکە سیحرەکەی عەزاوییان بەتاڵکردەوە، بۆیە ئەگەر کەسێک تەنانەت منداڵێک هەڵوێستێکی بوێرانەی بنواندایە بە ئێستاشەوە دەڵێن تەماشاکە لێمان بووە بە خولەپیزە.