محەممەد خەیر جەڕاح داوا دەکات جوانیی کوردستان بە جیهان بناسێنرێت


رووداو دیجیتاڵ 

هونەرمەندی ناسراوی سووری، محەممەد خەیر جەراح، سەردانی شاری سلێمانی کرد و سەرسامی خۆی بە جوانی، مێژوو، کولتوور و میواندۆستیی خەڵکی شارەکە و هەرێمی کوردستان دەربڕی.
 
جەڕاح کە بە کارەکتەری "باوکی بەدر" لە زنجیرەی بەنێوبانگی "باب ئەلحارە" ناسراوە، ئاماژەی بەوەدا، سلێمانی چیرۆکێکی بەردەوامی خۆشەویستی و خەباتە. 
 
ئەو باسی لە پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان کورد و عەرەب لە حەلەب کرد، بەتایبەتی لە گەڕەکەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود، جەختی لەوە کردەوە کە هەرگیز هەستی بە جیاوازی نەکردووە و کولتووری پێکەوەژیان بەشێکی دانەبڕاو بووە لە ژیانیان.
 
هونەرمەندە سوورییەکە سەرسامی خۆی بە سرووشتی جوان و سەوزایی شاری سلێمانی و گرنگیدان بە پاراستنی نیشان دا، هەروەها ئاماژەی بە تایبەتمەندیی شارەکە کرد کە تێکەڵەیەکە لە ژیانی هاوچەرخ و پاراستنی کولتووری رەسەن، وەک نانی بەیانیی کوردەواری و جلوبەرگی نەتەوەیی. 
 
جەڕاح بە تایبەتی باسی لە جلوبەرگی کوردی کرد کە تاقیکردەوە و هەستی بە "شکۆمەندی" کردووە، هەروەها سەرسام بوو بە فەلسەفەی پشتێنی کوردی و پەیوەندیی بە رێزگرتن لە ژنەوە.
 
ئەو هونەرمەندە نێودارەی سووریا و جیهان کە بۆ یەکەم جار سەردانی هەرێمی کوردستانی کردووە، ئاشکرای کرد، سەرسام بووە بەوەی کارەکتەری "باوکی بەدر" لەنێو کورددا ئەوەندە ناسراوە، ئەمەش بەهۆی دۆبلاژکردنی زنجیرەی "باب ئەلحارە" بۆ سەر زمانی کوردی. ئەو گوتی: "دڵخۆش بووم کە ئەبو بەدر گەیشتووەتە دڵ و ویژدانی هەموو ئەم خەڵکە."
 
لەلایەکی دیکەوە، جەڕاح باسی لە کارە نوێیەکانی کرد لە بواری گۆرانیدا، کە تێیدا گرنگی بە زیندووکردنەوەی کەلەپووری حەلەب و گۆرانی کۆمەڵایەتی دەدات، ئاماژەی بە هاوکاریی لەگەڵ میوزیکژەنی کورد شێرۆ مەنان کرد. 
 
ئەو جەختی لەسەر گرنگیی پاراستنی کەلەپوور و ناسنامە کردەوە، هاوشێوەی کارەکانی میوزیکژەنی کورد ریاز ئەحمەد کە لە بەرنامەکەدا ئامادەبوو و باسی لە پڕۆژەکەی کرد بۆ نوێکردنەوەی میوزیکی فۆلکلۆری کوردی.
 
لە کۆتاییدا، محەممەد خەیر جەڕاح دووپاتی کردەوە کە لە سلێمانی هەستی بە ئارامی و دڵنیاییەکی زۆر کردووە کە لە زۆر شوێنی دیکە هەستی پێنەکردووە. ئەو ستایشی "راستگۆیی و سادەیی" خەڵکی کوردستانی کرد و داوای کرد پارێزگاری لە جوانی و تایبەتمەندییەکانی ئەم هەرێمە بکرێت و زیاتر بە جیهان بناسێنرێت، هیوای خواست جارێکی دیکە سەردانی کوردستان بکاتەوە.