ئەزموونی شێوەکارێکی خەڵکی کەرکووک لە دیاسپۆرا
رووداو دیجیتاڵ
شێروان کەرکووکی، شێوەکارێکی دیاری کورد، لە ساڵی 1963 لە گەڕەکی شەتەرلووی کەرکووک لەدایکبووە، باوکی خەڵکی کۆیە و دایکیشی خەڵکی رواندز بووە. شێروان بە خۆشەویستییەکی زۆرەوە یادی منداڵی و کۆڵانەکانی کەرکووک دەکاتەوە، کاتێک شارەکە لانکەی پێکەوەژیانی کریستیان، تورکمان و عەرەب بوو و هیچ کێشەیەک لەنێوانیاندا نەبوو، هەر بەهۆی ئەم خۆشەویستییەوە بۆ شارەکەی، ناوی کەرکووکی بەناوی هونەریی خۆیەوە گرێداوە.
خولیای هونەریی شێروان هەر لە تەمەنی زووەوە دەستیپێکردووە، لە تەمەنی 11 ساڵیدا یەکەم تابلۆی کێشاوە، کە وێنەی عەدنان قەیسی بووە، چیرۆکێکی سەرنجڕاکێشی لەگەڵ باوکی کۆچکردووی هەیە، کە چۆن بە نهێنی لە قوتابخانە خۆی دزیوەتەوە، بۆئەوەی سەیری وێنەکێشانی مامۆستایەک بکات، باوکی کە بەم کارەی زانیوە، لەجیاتی سەرزەنشتکردن هاوکاری کردووە لە گەشەپێدانی بەهرەکەی.
شێروان کەرکووکی، شێوەکار دەڵێت، "دووکانێک هەبوو وێنەی خەییامی دروست دەکرد، بۆ بازرگانی بوو، منیش هەموو بەیانییەک دەچووم و سەیری دەستەکانیم دەکرد، لەوێ دادەنیشتم و جانتاکەم دادەنا، باوکم وایدەزانی هەموو بەیانییەک کە هەڵمدەستێنێت بۆ قوتابخانە، دەچمە قوتابخانە، بەڵام خۆم دەدزییەوە و دەچوومە بەرامبەر ئەو دووکانە دادەنیشتم، مانگێک بەو شێوەیە تێپەڕی و من نەچووبوومە قوتابخانە، کارگوزارێکی قوتابخانەکە کە باوکمی دەناسی، هات و گوتی: مام عەزیز کوڕەکەت مانگێکە نایەتە قوتابخانە. باوکم گوتی: چۆن؟ من هەموو بەیانییەک هەڵیدەستێنم و دەینێرم بۆ قوتابخانە. کابرا گوتی: نەوەڵڵا نایەتە لای ئێمە. دواتر باوکم کە منی بەڕێکرد بۆ قوتابخانە، بە نهێنی بەدوامدا هاتبوو، منیش ئاگام لێنەبوو، ئیدی وەک جاران چوومە بەردەم دووکانەکە، کاتێک هات لە بەرامبەر دووکانەکە دانیشتبووم، سێ چوار کاژێرێک بوو، گوتی: تۆ یەک مانگە ناڕۆیتە قوتابخانە و لێرەیت؟ گوتم: وەڵڵا، هاتوومە سەیری ئەو پیاوە دەکەم."
لە ساڵی 1997، شێروان کەرکووکی رووی لە ئەورووپا کردووە و لە هۆڵەندا و پاشان لە ئەڵمانیا نیشتەجێ بووە، پێش ئەوەی بەرەو ئەورووپا بڕوات، لە تورکیا ئەزموونی وێنەکێشانی لەگەڵ هونەرمەند ئیبراهیم تاتڵیساس هەبووە. شێروان، تاتڵیساس بە کەسایەتییەکی باش و ئاسایی وەسف دەکات و باس لەوە دەکات کە چۆن تاتڵیساس تابلۆکانی ئەوی لە کەناڵی شەشی تورکیا (کەناڵ ئاڵتێ) نمایش کردووە.
شێروان کەرکووکی ئاماژەی بەوە کرد، "ئیبراهیم تاتڵیساس کە تۆ لە تەلەڤیزیۆنەکان دەیبینیت، مرۆڤێکی زۆر باش و ئاساییە، تابلۆکانی منی بینی و من نەمدەزانی کە دەیانباتە سەر شاشە، یانی لە خەیاڵی مندا نەبوو کە من چووم و تەوقەم لەگەڵ کرد، یەکەمجار بوو بە واقیعی ئیبراهیم تاتڵیساس ببینم لە کەناڵی 6ی تورکیا (کەناڵ ئاڵتێ)، ماوەیەک ماینەوە لەوێ، دواتر سەیری تەلەڤیزیۆنەکانی تورکیام کرد، تۆزێک ئازادی هەبوو بەراورد بە رژێمی بەعس، ئێمە کە رامانکرد، سەرنجم خستە سەر ئازادییەکە و تاوەکو لەوێش دەستم بە تۆزێک کاری هونەری کرد، ئیدی ئاوا خەڵکم ناسی و لەگەڵ فەنتازیاکان، زۆر حەزم دەکرد ئەحمەد کایا ببینم، بەڵام نەمبینی."
شێروان کەرکووکی تێڕوانینێکی جیاوازی هەیە سەبارەت بە هونەری مۆدێرن و پۆست مۆدێرن، بە بڕوای ئەو، ئەم جۆرە هونەرانە کە بێ وردەکاری زۆر دروست دەکرێن و هەموو قوتابخانە هونەرییەکان تێدەپەڕێنن، نایەنەوێت بە هونەر دابنرێن و دەبێت هونەرمەند بە قۆناخ قۆناخ گەشە بکات.
چەند دێڕە شیعرێکی شێروان کەرکووکی:
من دارێکی بێ ئاو و وشک و هەڵپڕوکاوم
من کۆچەرێکی بابە گوڕگوڕ و لە خزمان دابڕاوم
من کوردێکی بێ خان و دەم کوتکراوم
من چاو بە فرمێسک و لە خاک دەرکراوم
من دەنگی کوردێکی ماف لێخوراوم
من شیعری شاعیرانم و داستانێکم لە شیعر نووسراوم
من کوڕی شەوگارم و لە ژێر ئاسمانی کوردەواریدا بەخێو کراوم
ژیانی شێروان لە تاراوگە پڕ بووە لە هەوراز و نشێو، لە هۆڵەندا ژیانی هاوبەشی لەگەڵ ژنێکی خەڵکی هەڵەبجە پێکهێناوە، بەڵام هاوژینەکەی لە ساڵی 2010 کۆچی دوایی دەکات و بۆشاییەکی گەورە لە ژیانیدا دروست دەکات.
شێروان کەرکووکی ماوەی زیاتر لە 30 ساڵە لە گەشت و کۆچبەریدا دەژێت و لە ئەورووپا هەست بە غەریبییەکی زۆر دەکات، سەرەڕای ئەوەی لە ئەورووپا ئازادیی بیرکردنەوە و سیستماتیکبوونی فێر بووە، بەڵام هەست دەکات تێکەڵاوبوونی کۆمەڵایەتی لێی سەندراوەتەوە و دڵی خۆش نییە.
لە ساڵانی 2014 و 2018، شێروان گەڕاوەتەوە کوردستان، بەو هیوایەی وانەی هونەر بە منداڵ و گەنجانی کوردستان بڵێتەوە، بەڵام ئەم هیوا و ئاواتەی هێشتا بەدی نەهاتووە، بە شیعرەکانیشی دەنگی کوردێکی مافخوراو و نیشتمانپەروەر دەگەیەنێت، کە لە خاک دەرکراوە و چاوەکانی پڕن لە فرمێسک.