گولشیفتە فەراهانی: خۆپێشاندانەکانی ئێران بۆ ئازادیی بڕیاردانە
رووداو دیجیتاڵ
گولشیفتە فەراهانی، ئەکتەری ئێرانیی رایگەیاند، سەرسامە بە خۆپێشاندەرانی ئێران کە بە گوتەی خۆی "بە جوانی، بە شێوەیەکی ژنانە، قژیان ئازاد لە نێو هەوادا، تەنیا داوای ئازادی دەکەن".
ئەستێرە تەمەن 39 ساڵەکە کە لە چەندین فیلمدا رۆڵی سەرەکی بینیوە، لەوانەش فیلمەکانی 'دەرکردن' و 'لاشەی درۆکان'، ماوەی زیاتر لە 10 ساڵە لە فەرەنسا لە دوورەوڵاتیدا دەژیت.
لە ماوەی رابردوودا، فەراهانی خۆی لە سیاسەت بەدوور دەگرت، بەڵام لە دوای سەرهەڵدانی خۆپێشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە مانگی رابردووەوە دوای گیانلەدەستدانی گوماناویی ژینا ئەمینی، ئەستێرە سینەماییەکە دەستی بە پشتیوانیکردنی ناڕەزاییەکانی دژی حکومەتی تاران کردووە.
گولشیفتە فەراهانی، لەو بارەیەوە روونیکردەوە: "من هەرگیز قسەم لەسەر سیاسەت نەکردووە، بەڵام ئەم رووداوە بە هۆی جوڵاندنی هەستێکی زۆر بەهێزە لەنێومدا".
فەراهانی لە رێگەی ئینستاگرامەوە، زانیاری لە بارەی خۆپێشاندانەکان بۆ 14 ملیۆن شوێنکەوتووی خۆی بڵاودەکاتەوە. هەروەها تیشک دەخاتە سەر ئەوەی بەشێک لە خەڵکی رۆژئاوا نیگەرانیی ئەوەیان هەیە، ئەگەر پشتگیری لە خۆپێشاندانەکان بکەن، رەنگە وەکو شتێکی دژی ئایینی ئیسلام لێکبدرێتەوە، باس لەوەش دەکات، لە بەرامبەر بێدەنگیی فێمنستەکانی ئەمریکا و وڵاتەکانی دیکە، دڵگرانە.
فەراهانی دەڵێت: "ئەمە شەڕێک نییە پەیوەندی بە ئایین و ئیسلامەوە هەبێت، یانیش بڕیاردان نییە لەسەر سەرپۆش، بەڵکو تەنیا پەیوەندیی بە ئازادی بڕیاردانەوە هەیە کە ئایا تۆ دەیپۆشی یان نا".
وێڕای ئەوەی لە ساڵانی رابردوو ژمارەیەکی زۆر خۆپێشاندان کراون، گولفریشتە فەراهانی دەڵێت: "ئەم جارە جیاوازە".
ئاماژە بەوەش دەکات، هاوتەمەنەکانی خۆی لە کاتی شۆڕشی ئیسلامی 1979 و شەڕی ئێران-عێراق لە هەشتاکانی سەدەی رابردوو، تووشی ترس و تۆقان بوون، بەڵام گەنجانی ئەمڕۆی شەقامی ئێرانی ئەو ترسەیان نییە.
فەرەهانی دەڵێت: "ئێمە دەترساین، بەڵام ئەوان ناترسن، ئەوان شەرم ناکەن".
هەروەها باس لەوەش دەکات، کاتێک منداڵ بووە، سەری خۆی دەتاشی بۆ ئەوەی خۆی وەکو کوڕ پێشانبدات.
دەڵێت: "تەنیا لە رێگەی کوشتنی ژنێتیی خۆمەوە دەمتوانی لە نێو ئێراندا ئازادبم. ئەم نەوەیە دەیەوێت قژیان درێژ بێڵنەوە و سەرپۆش بەکارنەهێنن".
هەرەوەها دەڵێت، هەست دەکات شتێکی بێمانا دەکات کاتێک ریکلام بۆ فیلمە نوێیەکەی بە ناوی "Une Comedie Romantique" دەکات لە کاتێکدا خۆپێشاندەران لە سەر شەقامەکانی وڵاتەکەی دەکوژرێن.
لەگەڵ ئەوەشدا هیوا دەخوازێت فیلمەکەی واتای ئەوە بدات کە "هیچ کەس ناتوانێن رێگەی پێکەنین، سەماکردن و دڵخۆشبوونمان لێ بگرێت".
گولشیفتە فەرەهانی، ئەکتەری ئێرانی خاوەن رەگەزنامەی فەرەنسی، روونیکردەوە: "ئێمە نەوەیەکین هەمیشە رێگەی رزگاربوونی دەدۆزێتەوە. ئێمە چارەسەر دەدۆزینەوە. بۆیە چەندین ساڵ پێویست بوو سەرم بتاشم. ئەوە جیاوازییە گەورەکەیە. لە ئێران توانیم ئازاد بم، بەڵام تەنیا لە رێگەی کوشتنی ژنێتیی خۆمەوە"، گوتیشی "کاتێکی زۆرم پێچوو تا زانیم چی روودەدات. فەرەنسا، وڵاتی مافەکانی مرۆڤ و ژنان؛ بۆچی هیچیان نەگوت؟ بۆچی هیچیان نەکرد؟ بۆچی ماکرۆن تەوقەی لەگەڵ رەئیسی کرد، رێک لەو کاتەی کە نەدەبوو بیکات؟".
فەرەهانی، ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد: "ئەگەر ئەم شتە لە وڵاتێکی سەردەمیانە روویدابا، جیهان سەراوژێڕ دەبوو، ئەگەر منداڵێکی چواردە ساڵان لە سەر شەقامی 'سان ژێرما دوپخێ' مردبا، ئەوە کۆتایی ئەوروپا دەبوو، بەڵام لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، سووریا، عێراق، ئێران، ئەمە بە شتێکی ئاسایی دەبینرێت، بەڵام ئاسایی نییە".