مستەفا ئەحمەد: گەورەترین خەونم بەرهەمهێنانی فیلمێکە لەبارەی قەڵای دمدم
رووداو دیجیتاڵ
مستەفا ئەحمەد، ئەکتەری دیاری کورد کە زیاتر لە 6 دەیەیە لە بواری نواندندایە و بە کارەکتەری "وەستا عەلی" ناسراوە، لە پەراوێزی پێنجەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سلێمانی، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، باس لە سەرەتای کاری هونەری، ژیانی تایبەتی و گەورەترین خەونی دەکات، کە تاوەکو ئێستا بەدی نەهاتووە.
ئەو ئەکتەرە بەئەزموونە کە بۆ پشتیوانیکردنی کوڕەکەی سەردانی فێستیڤاڵەکەی کردووە، دەڵێت، "یەکەمجار لە ساڵی 1958 و لە تەمەنی 11 ساڵیدا دەستم بە نواندن کردووە، کاتێک لە پۆلی پێنجی سەرەتایی بووم." ئەو جەخت لەوە دەکاتەوە کە گەورەترین خەونی، بەرهەمهێنانی فیلمێکە لەبارەی داستان و مێژووی "قەڵای دمدم."
"کوڕەکەت ناونەنێی هێمن، چونکە ناوێکی نەگبەتە"
مستەفا ئەحمەد باوکی چوار کوڕە و بە پێکەنینەوە دەڵێت، "هەمیشە حەزم دەکرد کچێکم هەبێت، بەڵام خودا پێی نەدام." یەکێک لە کوڕەکانی ناوی "هێمن"ە و چیرۆکێکی سەرنجڕاکێشی لەبارەی ناوەکەیەوە هەیە.
ئەو ئەکتەرە گێڕایەوە، "کاتێک خێزانم بە هێمن دووگیان بوو، مامۆستا هێمنی شاعیر میوانم بوو. پێم گوت ئەگەر کوڕمان بوو، ناوی دەنێم هێمن. ئەویش بە پێکەنینەوە گوتی 'نەکەیت! هێمن ناوێکی نەگبەتە، بەساقەتبم لە کوڕەکەتی مەنێ.' بەڵام من هەر سوور بووم لەسەر ناوەکەی و ناوم نا هێمن."
لە ئاغای منداڵییەوە بۆ وەستا عەلی و خولەپیزە
سەرەڕای ئەوەی بە کارەکتەرە کۆمیدییەکانی ناسراوە، مستەفا ئەحمەد پێیوایە ئەکتەری سەرکەوتوو دەبێت توانای نواندنی هەموو رۆڵێکی هەبێت. یەکەم رۆڵی لە تەمەنی 11 ساڵیدا رۆڵی "ئاغا" بووە، وەک خۆی دەڵێت، "ئەو کاتە ئەوەندە لاواز بووم، لوتت بگرتینایە گیانم دەردەچوو، بەڵام مامۆستاکەم گوتی نواندنەکەت جوانە و بۆ رۆڵەکە گونجاویت."
ئەو ناوەی زۆرترین ناوبانگی پێ پەیدا کرد، "وەستا عەلی" بوو، بەڵام خۆی رۆڵێکی دیکەی لەلا پەسەندترە و دەڵێت، "لە درامای 'گوڵەمێخەک'دا رۆڵی مامۆستایەکم دەبینی بە ناوی 'عەولە فەنی'، کە زۆر لە دڵمەوە نزیک بوو و لە ناخی خۆمەوە کارم تێدا دەکرد."
یەکێک لە کارە هەرە قورسەکانیشی، فیلمی "خولەپیزە" بوو، کە تێیدا رۆڵێکی تەواو تراژیدی و جیددی دەبینی. ئەو دەڵێت، "بۆ بەرهەمهێنانی ئەو فیلمە خانووەکەی خۆمم فرۆشت. کاتێک نمایشکرا، خەڵک باوەڕیان نەدەکرد من بتوانم رۆڵێکی وا ببینم. ژنێک لە سینەما هاتە دەرەوە، گریا و گوتی 'ئۆخەی، شوکر تۆ نەکوژراویت!'"
"ئێمە لە شانۆوە فێر بووین"
مستەفا ئەحمەد بەراوردێکی نێوان سەردەمی دەستپێکی کاری خۆی و ئێستا دەکات و دەڵێت، "ئێمە کاتێک دەستمان پێکرد، لە شانۆوە فێر بووین. نە تەلەڤزیۆنی تایبەت بە خۆمان هەبوو، نە ئەکادیمیا و پەیمانگە. دەقمان دەنارد بۆ بەغدا و لە 10 دەق، رەنگە تەنیا یەکێکیان پەسەند بکرایە. بەڵام سوپاس بۆ خوا دوای راپەڕین، دەرگاکان کرانەوە و ئێستا چەندین کەناڵ، فێستیڤاڵ و ناوەندی ئەکادیمی هەن."
خەونی هەرە گەورە: قەڵای دمدم
سەرەڕای ئەو مێژووە دوورودرێژەی لە کاری هونەریدا، مستەفا ئەحمەد خەونێکی گەورەی هەیە کە هێشتا بەدی نەهاتووە، ئەویش بەرهەمهێنانی فیلمێکە لەسەر داستانی مێژوویی قەڵای دمدم.
ئەو ئەکتەرە دەڵێت، "ئەمە خەونی منداڵیمە. رۆژێک لەگەڵ خوالێخۆشبوو مام جەلال باسی ئەم پڕۆژەیەم کرد. پێیگوتم چەندی تێدەچێت؟ گوتم بە لایەنی کەمەوە دوو ملیۆن دیناری ئەو کاتەی دەویست، چونکە جلوبەرگ، ئەسپ، سوپا و دروستکردنەوەی قەڵاکە بودجەیەکی زەبەلاحی دەوێت. بەداخەوە تاوەکو ئێستا ئەو خەونەم نەهاتووەتە دی، چونکە پێویستی بە پشتیوانییەکی گەورەی دارایی هەیە."