پەری سیما لە سلێمانییە: لە فڕۆکەخانە پێیان گوتم تۆ بکوژی ستایشی؟
رووداو دیجیتاڵ
فەریبا نادری، ئەکتەری دیاری سینەما و تەلەڤیزیۆنی ئێران، بۆ بەشداریکردنی لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی سلێمانی بۆ فیلم، لە سلێمانییە.
لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، نادری باسی لە یەکەم گەشتی بۆ کوردستان، بەشداریکردنی لە فێستیڤاڵەکە و کاریگەریی رۆڵی "پەری سیما" لە درامای بەنێوبانگی "ستایش" دەکات.
فەریبا نادری بە خۆشحاڵییەوە رایگەیاند، ئەمە یەکەمین جارە سەردانی شاری سلێمانی دەکات و بە فیلمی درێژی "ئادەمفروش" بەشداری لە فێستیڤاڵەکەدا دەکات، کە بەرهەمی مەحموود کەلارییە و پێشتر چەندین خەڵاتی لە ئێران بەدەستهێناوە. نادری ئاماژەی بەوە دا، فیلمەکە لە بەشە جیاوازەکانی وەکو دەرهێنان، نواندن، دیمەن و جلوبەرگ خەڵات کراوە و لە زۆر فێستیڤاڵدا نمایش کراوە.
"پەری سیما" و کاریگەریی لەسەر بینەران
نادری دان بەوەدا دەنێت کە رۆڵی "پەری سیما" وەکو خوشکی حیشمەت فیردەوسی لە درامای "ستایش" کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر بینەران هەبووە، تەنانەت خەڵک رقیان لێی بووەتەوە، "من ئێستا داوای لێبووردن لە هەموو ئەو بینەرانە دەکەم کە ئازارم دان بەهۆی رۆڵی پەری سیماوە لە درامای ستایش، بەڵام ناچار بووم بەهۆی رۆڵەکەم."
سەبارەت بە پەیوەندیی نێوان خۆی و نێرگس محەممەدی (ستایش)، نادری گوتی، "من و نێرگس هاوڕێی زۆر نزیکی یەکدین و کاتێک خەڵکی هەردووکمان پێکەوە دەبینن، سەریان سوڕدەمێنێ و دەڵێن، ئێوە لەگەڵ یەکدین؟ ئێمەش دەڵێن، ئێمە هاوڕێین، تەنیا لەو کارەدا ناچار بووین دوژمنی یەکتر بین." ناوبراو ئاشکرای کرد کە پەیوەندییەکەیان لە کاتی کاری درامای ستایشدا دەستیپێکردووە و نێرگس بۆی وەک خوشکە.
دەقی هەڤپەیڤینی تۆڕی میدیایی رووداو لەگەڵ فەریبا نادری، ئەکتەری ئێرانی:
رووداو: فەریبا خان زۆر بەخێربێیت، بەخێربێی بۆ سلێمانی، بەخێر بێی بۆ ستودیۆی رووداو. پێمان بڵێ ئەمە یەکەم جارە هاتوویت بۆ کوردستان یان جاری دیکەش هاتووی؟
فەریبا نادری: سڵاو بۆ ئێوە و بۆ هەموو ئەو کەسانەی بەرنامەکەتان دەبینن. بەڵێ ئەوە یەکەمین جارمە هاتوومەتە شاری سلێمانی. زۆر سوپاس بۆ بانگهێشتەکەتان و بە خۆشحاڵییەوە لە خزمەتتاندام.
رووداو: هاتوون بۆ ڤێشتیڤاڵەکە، پلانتان چییە لێرە؟ بە چی بەشدار دەبن، وەکو میوان یان چی دەکەن لە ڤێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی سلێمانی بۆ فیلم؟
فەریبا نادری: لە راستیدا فیلمێکم هەیە، فیلمێکی درێژ بە ناوی ئادەمفروش، بەرهەمی بەڕێز مەحموود کەلارییە، کە دوو ساڵ لەومەوبەر لە وڵاتی خۆمان خەڵاتی زۆری بەدەستهێنا، لە بەشە جیاوازەکانی وەکو دەرهێنەری، ئەکتەری، دیمەن، جلوبەرگ و چەند بوارێکی دیکە. لە زۆر لە ڤێستیڤاڵەکاندا بەشدار بووەو ئەمڕۆش لە خزمەتی ئێوەداین.
رووداو: تۆ لە شتێکدا زۆر بەناوبانگ بووی. هەرچەندە سەرەتای کارەکانت بوو، لە درامای ستایشدا رۆڵت بینیوە. پەری سیما، خوشکەکەی حیشمەت فیردەوسی..چی بوو، بۆ بەدەست دەموچاوت دەشاریتەوە؟ رۆڵەکەت بە جۆرێک بوو کە بینەر رقی لێتدەبوو.
فەریبا نادری: من ئێستا با داوای لێبووردن بکەم لە هەموو بینەران، کە ئەزیەتی ستایشم دا، بەڵام ناچار بووم بەهۆی رۆڵەکە. هەموو بنەماڵەی ستایشم ئەزیەت دا، پارەکانیانم لێوەرگرتن و هەموویانم کوشت. لە کۆتاییدا خۆشم لەنێوچووم و کوژرام، بەڵام پێویستە بڵێم، من و ستایش، من و نەرگس هاوڕێی زۆر نزیکی یەکدین و زۆر سەرنجڕاکێشە؛ چ لێرە و چ لە وڵاتی خۆمان بێت، کاتێک خەڵکی هەردووکمان پێکەوە دەبینن، پێیان سەیرە و دەڵێن، ئێوە لەگەڵ یەکدین؟ ئێمەش دەڵێن، ئێمە هاوڕێین، لەو کارەدا ناچار بووین کە دوژمنی یەکتر بین.
رووداو: تۆ و نێرگس محەممەدی (ستایش) چۆن یەکترتان ناسی؟ چونکە لێرەش لەم ڤێستیڤاڵەدا بەیەکەوە هاتوون..
فەریبا نادری: لەگەڵ نێرگس لەکاتی کاردا یەکترمان ناسی. نێرگس بۆم وەکو خوشکە، ئازیزترە لە خوشک.
رووداو: بەر لە درامای ستایش یەکدیتان دەناسی، یان لە کاتی کارکردن لە درامای ستایشدا یەکدیتان ناسی؟
فەریبا نادری: لە ستایشدا یەکدیمان ناسی.
رووداو: ئەو پەیوەندییە خراپەی نێو دراماکە بووە بە خێر و بەرەکەت و یەکدیتان ناسیوە..
فەریبا نادری: رێک وایە، بۆ ئێمە پڕ لە بەرەکەت بوو. دووبارە داوای لێبووردن دەکەم کە بوومەتە هۆی ئازاردانی خەڵک بەهۆی رۆڵی پەری سیما، کە ئازاری ستایشم دا.
رووداو: خەڵک دەتناسنەوە؟ هەست دەکەم هەندێک گۆڕاویت لەگەڵ ئەو کاتە..
فەریبا نادری: نە، لێرە نە. بە دەنگم دەمناسنەوە، بەڵام لە کاتی رۆڵگیران لە درامای ستایشدا بە نۆ مانگە دووگیان بووم، خەریک بوو منداڵم ببێ، زۆریش قەڵەو بووم. زۆر نامناسنەوە، مەگەر ئەوانەی ناوم دەبیسن و دەگەڕێنەوە. مەگەر ئەو کاتەی بڵێم من پەری سیمام، ئەمە ستایشە و من پەری سیمام. زۆر لاواز بوومە.
رووداو: خەڵکی چیت پێ دەڵێن؟ نێرگس خان کە لەگەڵ ئێمەدا قسەی کرد، باسی ئەوەی کرد کاتی هاتنەوە تەنانەت لە فڕۆکەخانە خەڵک ئەویان ناسیوە و گوتوویانە ئەوەتا ستایش هاتووە. ئەی تۆ لەگەڵیدا بوویت، خەڵک هیچی بە تۆی گوت؟
فەریبا نادری: بەڵێ، بۆ نموونە لە فڕۆکەخانە کاتێک هاتم و پۆلیسی فڕۆکەخانە خەریکی چێککردنی پاسپۆرتەکەی من بوو، بە منی گوت، ئایا تۆ هەمان بکوژەکەی درامای ستایشی؟ منیش گوتم بەڵێ، من هەمان بکوژەکەم لە دراماکەی ستایشدا، هەڵبەت بە پێکەنین و نوکتە بوو. دوای سەیرم کرد جۆرێکی لێهات کە بکوژەکە هاتووەتە وڵاتی ئێمە و.. گوتم ستایش هاتووە و ئەوەتا.. زوو پاسپۆرتەکەی منی مۆر کرد و گوتی بڕۆ ستایش هات.
رووداو: ئەگەر ئێستا باسی ئەوەمان بۆ بکەی، دۆخی سینەمای فارسی-ئێرانی چۆنە و کەشوهەوای کاکردن لە ئێران بۆ سینەماکاران و بەتایبەت بۆ خانمە سینەماکاران و ئەوانەی لە سینەما و درامادان چوونە؟
فەریبا نادری: کارکردن لە سینەما، بەگشتی کاری سینەما قورسە. کارکردن لە ژینگە جیاوازەکانیشدا جیاوازە، لە وڵاتانی جیاواز. سوپاس بۆ خودا ئێستا لە وڵاتی ئێمە تێڕوانینی خەڵک بۆ سینەما زۆر پیشەییانەترە و تەنیا وەکو کاتبەسەردن سەیری ناکەن، ئەمەش ناچارمان دەکات کاری باشتر بکەین و بژاردەی باشترمان هەبێ بەتایبەت بۆ ئێمە خانمەکان. پێشتر لە سینەمادا وەکو ئەو فیلمەی کە پار تێیدا خەڵاتم وەرگرت، کەمتر دەبینرا فیلمێک تەنیا لە دەوری رۆڵی ژنێکدا بسوورێتەوە و ژنێک قارەمانی بێت. جاران هەمیشە وابوو کە ژنان لە تەنیشت پیاوان بوون و چیرۆکێک دەستیپێدەکرد. ئێستا خەریکە ئەمە زیاتر و پڕ رەنگتر لە جاران روودەدات، کە ژنەکان رۆڵی سەرەکییان هەبێ و وەکو ژیانی راستەقینە قارەمانی فیلمەکان بن، چونکە بەڕای من بوونی ژن رێزلێنانێکە بۆ هەر کۆمەڵگەیەک.. لەوانەیە زەحمەت بێت وەرگێڕانەکەی بۆ ئێوە.. ئەمە کارەکە زەحمەت دەکات، بەڵام ئێستا بارۆدۆخەکە جۆرێکە کە ژنەکان رۆڵی میحوەریان هەیە لە کارەکاندا.
رووداو: ئەوە یەکەم جارە دێیت بۆ ئێرە. پێشتر هیچ زانیاری یان خوێندنەوەت لەسەر فیلمە کوردییەکان، ئەو فیلمانە لێرە لە کوردستان بەرهەم دەهێندرێن هەیە؟
فەریبا نادری: باشە، ئێستا ناوەکانیان لەبیرم نییە، بەڵام دەتوانم بۆتان باس بکەم. ئێمە زۆر لەو کوردانەمان هەن، ئەوانەی لە ئێران دەژین، یان ئەوانەی کۆچیان کردووە بۆ ئێرە، هەروەها کوردەکانی عێراق، کە فیلمی باشیان هەیە و زۆر هونەرمەندن. ژمارەی هونەرمەندە کوردەکانمان، ئەوانەی لە ئێرانن و ئەوانەی کە بە هەر هۆیەک کۆچیان کردووەو هاتوونەتە ئێرە، زۆر زۆرن و کەم نین. هەر ئێستاش لەم ڤێستیڤاڵەدا سەرنجراکێشە کاتێک سەیری کەتەلۆگم دەکرد، ناوی زۆر لە کوردانی ئێرانی تێدابوو، لە بەشی دادوەران، لە بەشی کورتەفیلم بەتایبەت ناوەکان زۆر بوون، هەروەها لە فیلمی درێژدا خاتوو بووبانی بەرهەمیان هەیە. کەشێکی زۆر خۆشە.
رووداو: ساڵی رابردوو خەڵاتت برد لە ڤێستیڤاڵی فەجردا. پلان و پرۆژەی نوێ هەیە لەبەر دەستت؟ یان بەشداریکردن لە ڤێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکان لە دەرەوە لە بەرنامەتاندا هەیە؟
فەریبا ناردی: بەڵێ، بێگومان. هەرچەندە ئەمە لە دەستی بەرهەمهێنەردایەو بەرهەمهێنەری ئەو کارەشم خاتوو ستایش، یان نێرگس محەممەدییە.
رووداو: هیچ پلانێکتان هەیە بەیەکەوە.؟
فەریبا نادری: رۆڵگێرانم لە فیلمی هاوژینی ستارە، دەرهێنەرەکەی خاتوو محەممەدییە، نێرگسی ئازیزمە. دوای نمایشکردنی لە سینەما ناوخۆییەکانی ئێران، بێگومان بەشداری لە ڤێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکان دەکات.
رووداو: بۆ بیر لەوە ناکەنەوە درامای ستایش ئەڵقەیەکی دیکەی لێ بەرهەم بێنن؟
فەریبا نادری: ئیدی کێ بێت ئازاری ستایش بدات، من کە مردم ئیتر..
رووداو: لە کۆتاییدا پەیامت چییە بۆ بینەران و هەوادارانت؟
فەریبا نادری: پەیامم ئەوەیە، ئەوەی کە حەزیان لێیە، ئەوانەی کە حەزیان لە فیلمە و پێیان خۆشە لە فیلمێکدا کار بکەن، زۆرترین داهێنان بەکاربهێنن، یارمەتی لە هەر کەسێک وەربگرن، کە دەتوانێ یارمەتییان بدات بۆ بەرهەمهێنانی بەرهەمێکی هەمیشەیی. لە گەڕان و دروستکردن مەترسن. هەروەک چۆن خۆم کەسێکی ترسنۆک بووم و بە سەختی رۆڵەکانم هەڵدەبژارد و کاتێک هەڵبژاردنێکم لە دەرەوەی خەیاڵم کرد، خەڵاتم بەدەستهێنا. ئازارم چەشت، کارێکی لەرادەبەدەر قورس بوو. دڵنیام، کوردی زۆر هونەرمەندمان هەیە، با لە سنوردارییەکان و لە هیچ شتێکی دیکە نەترسن. با هەوڵ بدەن و خۆیان بە جیهان بناسێنن.