فیستیڤاڵی فیلمی دهۆک بە بەشداریی 94 فیلم دەستپێدەکات
رووداو رادیۆ
بەڕێوەبەری میدیایی فیستیڤاڵی فیلمی دهۆک رایدەگەیێنێت، فیستیڤاڵەکە بە بەشداریی 94 فیلم دەست پێدەکات کە بەرهەمی 30 وڵاتن و 45 فیلمیان کوردین.
حەسەن عارف، بەڕێوەبەری میدیایی فیستیڤاڵی فیلمی دهۆک بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "رۆژی دووشەممە کاژێر 04:00 گەڕی هەشتەمی فیستیڤاڵی سینەمایی دهۆک دەست پێدەکات. 94 فیلم لە فیستیڤاڵەکەدا بەشدارن کە 49یان بیانین و هی 30 وڵاتن و، 45 فیلمیشیان کوردین. سەرنجی ئەم ساڵی فیستیڤاڵەکە لەسەر سینەمای ئەفغانییە کە بە هەشت فیلم بەشدارن. مژاری سەرەکیی ئەمساڵی فیستیڤاڵەکە لەبارەی ژینگەوەیە."
فیستیڤاڵەکە بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، محەممەد حەمە سەعید، وەزیری رۆشنبیری، عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک بەڕێوەدەچێت.
مەسرور بارزانی لە سەرەتای فیستیڤاڵەکە گوتارێکی پێشکێشکرد و رایگەیاند، دیرۆکی کوردستان وەکو پێویست لە سینەمادا رەنگی نەداوەتەوە، پێشوازی لە هەموو سینەماکاران و دەرهێنەران کرد کە وێنەی فیلمەکانیان لە سرووشتی هەرێمی کوردستاندا تۆمار بکەن.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان باسی لە گرنگیی ئەو جۆرە فیستیڤاڵانە کرد بۆ ناساندنی هەرێمی کوردستان. گوتی، "بێگومان سینەما هونەرێکی ئێجگار گرنگ و کاریگەرە، دەشتوانین لە رێگەی ئەو هونەرەوە چەندین پەیامی گرنگ بگەیێنینە خەڵک و رۆڵی لە هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە و بەرەپێشبردنی هەبێت".
گەلی کوردستان بە درێژایی مێژوو رووبەڕووی دەیان کارەسات، کۆمەڵکوژی و لەنێوبردن بووەتەوە. مەسرور بارزانی گوتی، "بەداخەوە ئەو تاوانانە و دیرۆکی تراژیدیی گەلی کورد لە سینەمادا رەنگیان نەداوەتەوە کە دەتوانن ببنە دەیان فیلمی کاریگەر و بەهێز."
هەروەها وەزیری رۆشنبیریش لە گوتارێکدا ئاماژەی بەوەدا، سینەما پیشەسازییەکی گەورە و پردی کاریگەریی پەیوەندی و ئاڵوگۆڕی نێوان گەلان و نەتەوە جیاوازەکانە.
بابەتی سەرەکیی فیستیڤاڵەکە، وەکو وەزیری رۆشنبیری باسی دەکات، پرسی ژینگەیە، "ئەم پرسە ئێستا لە جیهاندا بابەتی هەرە گرنگ و جێگەی بایەخی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە، پیسبوونی ژینگە بووەتە مەترسیدارترین پڕکێشی بۆ مرۆڤایەتی و ژیان و ژیار بۆ زەمین".
بەڕێوەبەری میدیایی فیستیڤاڵی فیلمی دهۆک ئاماژەی بەوە دا کە زیاتر لە 200 فیلمی کوردی بۆ فیستیڤاڵەکە نێردرابوون، بەڵام لیژنەکە دوای لێکۆڵینەوەیان 45ـیان لێ هەڵبژاردن.
حەسەن عارف گوتی: "هۆڵی پێشاندانی فیلمەکە 700 کەس دەگرێت، بەڵام بەهۆی خۆپاراستن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا تەنیا 300 کەس دەچنە ژوورەوە."
رۆژانە لە کاژێر 11:00ی بەیانییەوە فیلەمەکان پێشان دەدرێن. رۆژی دووشەممە یەکەم فیلم کە پێشان دەدرێت فیلمی "ئەزموون"ـی شەوکەت ئەمین، دەرهێنەری ناوداری کوردە.