ئیبراهیم تاتڵیسەس گۆرانییەک تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری بڵاودەکاتەوە


رووداو دیجیتاڵ

ئیبراهیم تاتڵیسەس، هونەرمەندی تورکیا بەرهەمێکی بە ناونیشانی (مەگری؛ مەگری) تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری بڵاوکردەوە.
 
بەرهەمەکە سەرەتا لە هەژماری ئیبراهیم تاتڵیسەس لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرام و دواتریش لە یوتیووب بڵاوکرایەوە.
 
ئاوازی گۆرانیی (مەگری؛ مەگری) فۆلکلۆرە. جگە لە نیوەدێڕەکە کە لە چوارینەکانی گۆرانییەکە دووبارە دەبێتەوە، تێکستی گۆرانییەکە لەلایەن تاتڵیسەسەوە نووسراوە.
 
لە بەرهەمەکەدا چەند پارچە ڤیدیۆیەک و چەند وێنەیەک دەبیندرێن، لەوانەش کۆبوونەوەیەکی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لەگەڵ پەروین بوڵدان، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و سری سورەییا ئۆندەری کۆچکردوو، پەرلەمانتاری دەم پارتی و ئەندامی شاندی ئیمرالی.
 
بەشێک لە گۆرانییەکە بە کوردی:
 
ئاشتی رووی لە شارەکەمان کرد
مەگری؛ مەگری؛ دایە مەگری (کوردی)
جەژن رووی لە ماڵەکەمان کرد
مەگری؛ مەگری؛ دایە مەگری (کوردی)
 
من باوکم، تۆش دایکیت
بەسە ئیدی، لە خوێن تێر بووین
مەگری؛ مەگری؛ دایە مەگری (کوردی)
مەگری؛ مەگری؛ باوکە مەگری (کوردی)
 
لەوەتەی پرۆسەی چارەسەری لە یەکی تشرینی یەکەمی پارەوە دەستیپێکردووە، چەند هۆنراوە و گۆرانییەک لەبارەی پرۆسەکە نووسراون و گوتراون.
 
سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە کە لە 2016ەوە لە زیندانی ئەدیرنەی تورکیایە، دوو هۆنراوەی بە ناوەکانی (شا قوڵینگ) و (دەروێش) بۆ پرۆسەی چارەسەری نووسیون.
 
هەروەها لەسەر داوای دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی تورکیا (مەهەپە) بەرهەمێک بە ناوی (برایەتی) ئامادەکرا. جانفەر باڵچک تێکستەکەی نووسی و عەلی کنک ئاوازەکەی دانا و هەر خۆیشی گۆرانییەکەی گوت.