دووەم رۆمانی حەلیم یوسف بە زمانی ئەڵمانی بڵاودەبێتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

حەلیم یوسف، نووسەری دیاری خەڵکی رۆژئاوای کوردستان، دوای 25 ساڵ ژیان لە ئەڵمانیا، دووەم رۆمانی خۆی بە زمانی ئەڵمانی بڵاوکردەوە.
 
رۆمانەکە لە بنەڕەتدا بە ناونیشانی "فڕین بە باڵی شکاوەوە" بوو، بەڵام دەزگای بڵاوکردنەوە ئەڵمانییەکە ناونیشانەکەی گۆڕی بۆ ناونیشانی لاوەکیی کتێبەکە کە "خۆشەویستی لەبەر ئاڵا تاریکەکان" بوو، چونکە پێیان وابوو بۆ خوێنەری ئەڵمانی گونجاوترە.
 
حەلیم یوسف، جەختی لە گرنگیی وەرگێڕان کردەوە و رایگەیاند، وەرگێڕان ئەدەب لە چوارچێوەی هەرێمییەوە دەکاتە ئەدەبێکی جیهانی. بە بڕوای ئەو، ئەگەر بەرهەمەکان وەرنەگێڕدرێن، لە سنووری خۆیاندا دەمێننەوە و لەبیر دەکرێن. بەرهەمەکانی حەلیم یوسف پێشتر بۆ زمانەکانی عەرەبی، تورکی، فارسی و ئینگلیزی وەرگێڕدراون.
 
ئەلیزابێت رۆیتز، کە رۆمانەکەی لە کوردییەوە بۆ ئەڵمانی وەرگێڕاوە، رایگەیاند، چیرۆکەکە بۆی سەرنجڕاکێش بووە، چونکە تێکەڵەیەک بووە لەو شتانەی کە دەیانناسێت و ئەو شتانەی کە بۆی نامۆ بوون.
 
ئەلیزابێت گوتیشی، کە بەڕادەیەک کەوتۆتە ژێر کاریگەری کاراکتەرو چیرۆکەکانی ڕۆمانەکە لەگەڵ کاراکتەرەکان ئازاری چەشتوەو، چەند جارێک نەیتوانیوە لە وەرگێڕان بەردەوامبێت و وازیلێهێناوە بەڵام دواتر دەستیپێکردووەتەوە.
 
حەلیم یووسف لە گفتوگۆکەیدا لەگەڵ زنار شینۆ، باسی رۆڵی زیرەکیی دەستکردو نووسین و ژیانی تاراوگەی کردو رایگەیاند کە ئەزموون و ژیانی کوردانی دەرەوەی وڵات، بەتایبەتی لە ئەوروپا، کەرەستەیەکی زۆر دەوڵەمەندە بۆ ئەدەب. بە گوتەی ئەو، پێویستە نووسەرانی دیاسپۆرا تەنیا لەبارەی ژێردەستەیی و ستەمکاری لە وڵات نەنووسن، بەڵکو ئەو سەختی و رووداوانەی کورد لە تاراوگەدا پێیاندا تێدەپەڕێت، بیکەنە بابەتی بەرهەمەکانیان. روونیشیکردەوە کە بەم شێوەیە، هەم ناوەڕۆکی ئەدەبی کوردی دەوڵەمەندتر دەبێت و هەمیش ئاسۆی بینینی نووسەران فراوانتر دەبێت.
 
ناوەڕۆکی ڕۆمانەکە باسی خۆشەویستیی نیشتمان، بەرخودانی پاراستنی خاک و خەونەکانی شەڕڤانە گەنجەکانی رۆژئاوای کوردستان دەکات.