لە شاری بەرلین ئێوارەی کولتووری کوردی بەڕێوەدەچێت

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ شەممە 17-01-2026 (ئێوارەی کولتووریی کوردی) لە بەرلین ساز دەکرێت. وەکو رێکخەرانی ئێوارەکە بۆ دیاسپۆرایان باسکردووە، 40 کەسایەتیی ئەڵمانی و ئەورووپیی دیکەش بانگهێشتکراون و زانیارییان لەسەر کولتووری کوردی دەدرێتێ.
 
شەهریار مورادی و شیرین شاهین سەرپەرشتیاری چالاکییەکەن و رێکخراوی خوەبوون رێکیانخستووە. شەهریار دەڵێت، لە رێوڕەسمەکەدا جگە لەوەی خواردنی کوردی هەیە، میوزیکی کوردی و پانێل و گەنگەشەش دەربارەی کولتووری کوردی دەکرێت.
 
هەر لەو رێوڕەسمەدا باسی دۆخی ئەمدواییە لە رۆژهەڵاتی کوردستان و حەلەب دەکرێت. ئەوەی پێیخۆشە بچێت، دەتوانێت بچێتە (مێرینگدام ژمارە 20 لە بەرلین).
 
هەر لەم هەفتەیەوە لە شاری لەندەن لە (ئارکۆلا تیەتر) شانۆگەرییەک بە سپۆنسەریی تۆڕی میدیایی رووداو پێشکێش دەکرێت. شانۆگەرییەکە ناوی (کەناراوی تەنا یان بە ئینگلیزی سەیڤ هێیڤن)ە و باسی ئەوکاتە دەکات کە ساڵی 1991 خەڵکی باشووری کوردستان دژی سەدام حوسێن راپەڕین و، زۆنێکی ئارامیان لەلایەن ئەمریکا و بەریتانیا و فەرەنسا و هاوپەیمانانیانەوە بۆ دروستکرا.
 
رۆژی 20ی ئەم مانگەش، لە هوتێل شراتۆن پارک لەینی لەندەن دامەزراوەی "کوردس فۆ لەیبە" کۆبوونەوەیەک بۆ کوردە کاریگەرەکانی نێو سیاسەت و جڤاکی بەریتانیا و وەزیران و پەرلەمانتارانی سەر بە پارتی کرێکاران (لەیبە)ی حوکمڕان رێکدەخات. بڕیار وایە لەو کۆبوونەوەیەدا هەندێک نموونەی سەرکەوتوویی کوردی بەریتانیا نمایش بکرێن. ئەمەش دوای ئەوەی لە ماوەی رابردوودا لەنێو میدیای بەریتانیدا زۆرتر ناوی کورد لەگەڵ تاوان و سەرپێچی یاسایی لە کۆمەڵگەی بەریتانیدا دەهات.