ماهیر حەسەن و ئەحمەد جۆڵا: فیلمی 'خۆشەویستی لە سەردەمی کۆرۆنا' پەیامی مرۆڤایەتیی لە پشتەوەیە

 
رووداو دیجیتاڵ 

دوو لە سەرەکیترین ئەکتەرەکانی فیلمی سینەمایی "خۆشەویستی لە سەردەمی کۆرۆنا" میوانی شاهۆ ئەمین، پێشکێشکاری بوڵتەنی کاژێر 08:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو بوون و باسیان لە پەیام و نێوەڕۆکی فیلمەکە کرد.
 
"خۆشەویستی لە سەردەمی کۆرۆنا" ناوی نوێترین بەرهەمی سینەمایی کوردییە کە لەلایەن کەرتی تایبەتەوە لە باشووری کوردستان بەرهەمهاتووە و ئەمشەو دووشەممە ترەیلەرەکەی بۆ یەکەمجار لە یوتیوبی رووداو بڵاوکرایەوە.
 
ماهیر حەسەن و ئەحمەد جۆڵا، دووان لە ئەکتەرە سەرەکییەکانی فیلمەکەن؛ ماهیر حەسەن گوتی، مرۆڤایەتی؛ خۆشەویستی بۆ ژینگە و ئاژەڵەکان پەیامەکانی نێوەڕۆکی فیلمەکەن.
 
فیلمی "خۆشەویستی لە سەردەمی کۆرۆنا" ماوەکەی کاژێرێک و 40 خولەکە و لە یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزانی ئەم ساڵدا، لە هەولێر، سلێمانی، دهۆک و کەرکووک پێشاندەدرێت.
 
هونەرمەند ئەحمەد جۆڵا دەڵێت، ئەو بابەتانە لە فیلمەکەدا هەن، راستی کاتی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنان لەنێو کۆمەڵگەدا پیشان دەدرێن.
 
"خۆشەویستی لە سەردەمی کۆرۆنا" هونەرمەند شوان عەتووف دەرهێنەریەتی. ماهیر حەسەن فیلمەکەی بە "ناوازە" پێناسە کرد.
 
فیلمەکە لە ژانرای کۆمیدی، رۆمانسی و درامییە، ماهیر حەسەن بە کۆمیدیای رەش پێناسەی کرد و گوتی: "کۆمیدیایەکە پڕ مانایە و پەیامی زۆری تێدایە؛ جیایە لە کارەکانی دیکە".
 
کۆرۆنا ڤایرۆسێک بوو دەگوازرایەوە، بێ جیاوازی تەمەن؛ کەسایەتی هەژار و دەوڵەمەند تووشی مرۆڤەکان دەبوو، ئەمەش لە فیلمەکەدا پێشانی بینەرەکانی دەدرێت.
 
ماهیر حەسەن ئاماژەی بەوە کرد، ئازادبوونی ئاژەڵەکان و خاوێنبوونەوەی سرووشت لەکاتی کۆرۆنا و کەرەنتینەدا، لە فیلمەکەیاندا خراوەتەڕوو.
 
ئەحمەد جۆڵا گوتی، رۆڵگێڕانی خۆی لە فیلمەکەدا بە دڵە. گوتیشی، سینەمای کوردستان هەنگاوی بەرەو پێشەوە ناوە و ئەوانیش دەیانەوێت بەرەو پێشتری ببەن.
 
"خۆشەویستی لە سەردەمی کۆرۆنا" ئەکتەرە سەرەکییەکانی جگە لە ماهیر حەسەن، ئەحمەد جۆڵا، بریتین لە رێشان حەمۆ، سیروان جەمال، سرووشت کامەران، شوان کەریم و ژاڵە رەسووڵ.
 
رووداوەکانی فیلمەکە لە سەردەمی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا روودەدەن، تێیدا کوڕەکانی (غورەی قەساب) دەکەونە گەرمە و کێشەی ژنهێنان و چاوەڕێی مردنی باوکیانن؛ بۆ ئەوەی ئەم ململانێیە یەکلایی بکەنەوە.
 
کۆرۆنا دێت و کەرەنتینەی گشتیی راستییە زۆر شاراوەکەی ئەم چیرۆکەیان بە شێوازێکی هونەری و کۆمیدی بۆ دەردەخات.
 
فیلمەکە لە بەرهەمهێنانی سۆران عوسمان و کۆمپانیای "سۆ پڕۆدەکشەنە"، لە 23 حوزەیرانی 2023 راگەیێندرا و لە 1ـی ئابی 2023 وێنەگرتنی دەستیپێکرد، ئاوات شەریف، بەرپرسی وێنەگرتنیەتی. 
 
"خۆشەویستی لە سەردەمی کۆرۆنا" بە کامێرای "ئەلێکسا 35ـی" کۆمپانیای "Arri" وێنەگیراوە، کە نوێترین ئامێری وێنەگرتنی سینەماییە و بە کوالیتی 4.6K وێنەگیراوە.