مەرزی رامۆس گۆرانیی "دەستم بگری" بڵاودەکاتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

مەرزی رامۆس زۆر نییە دەستی بە گوتنی گۆرانی کردووە، بەڵام دەنگە خۆشەکەی سەرنجی هەمووانی بۆلای خۆی راکێشاوە. ئەو لە ئەمریکا دەژی، بەڵام لە چریکەکەیەوە دەزانیت کوردستان و ئاوازی کوردی لە ناخیدا دەژی.
 
مەرزی رامۆس میوانی بەرنامەی دیاسپۆرا بوو و گوتی، "لە تەمەنی 5 ساڵییەوە حەزم بە گوتنی گۆرانی کردووە، لەو کاتەوە گۆرانیم گوتووە." دەشڵێت، بەشداریی چەند کۆرسێکی راهێنانی دەنگ و گۆرانی گوتنی لە تورکیا و ئەمریکا کردووە.
 
وەکو مەرزی ئاماژەی بۆکرد، "گۆرانی (دەستم بگری) یەکەم بەرهەممە و پێم خۆشبوو بە کوردی بێت. لە داهاتووشدا ئەگەر بکرێت هەوڵدەدەم ئینگلیزیشی لەگەڵ تێکەڵ بکەم، بەڵام زمانی کوردی ناسنامەمە و ئەوەی بەلامەوە گرنگە کولتوور و ناسنامەی کوردی بەرز رابگرم." رامۆس دەڵێت، "تاوەکو تەمەنی 18 ساڵی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و لەگەڵ گۆرانی و میوزیکی کوردی ژیاوم."
 
ئەو گۆرانیبێژە ئەوەی نەشاردەوە کە پێی خۆشە بە کوردی گۆرانی بڵێت، بۆئەوەی میوزیکی کوردی بچێتە نێو پلەی لیستی گەلانی دیکەوە.
 
مەرزی لە تەمەنی 18 بۆ 23 ساڵی لە وڵاتی تورکیا بووە، دواتریش چووەتە ئەمریکا و دەڵێت، 8 ساڵە نەهاتووەتەوە بۆ کوردستان و پێی خۆشە ئەگەر دەرفەت هەبێت، سەردانی کوردستان بکات.