گەنجێکی ئاکرێ دەیەوێت جلوبەرگی کوردی بباتە نێو براندە بەنێوبانگەکانی جیهان
رووداو دیجیتاڵ
دیزاینەری ناسراوی کورد هاڤی ئاکرەیی، کە لە پاریس نیشتەجێیە، یەکێکە لەو گەنجانەی لە بواری مۆدە و دیزاینی جلوبەرگدا بووەتە کەسێکی سەرکەوتوو لە ئەورووپا. لە بەرنامەی دیاسپۆرا بە وردی باسی لە سەرەتای دەستپێکردنی کارکردنی لە بواری دیزاین و کاریگەرییەکانی ژیانی لەسەر کارەکانی کرد.
هاڤی ئاماژەی بەوە دا، دایکی رۆڵێکی یەکجار گەورەی هەبووە لەوەی کە ببێتە دیزاینەرێکی سەرکەوتوو و دەڵێت، "دایکم جلوبەرگی کوردیی دروست دەکرد، پارچەی دەکڕی و دروستی دەکرد. کاتێک ئێمە بچووک بووین لە سوێد بووین، دەنگی مەکینەی دروومانمان دەبیست."
ئاکرەیی ئەوەشی خستەڕوو، ئەو دەنگەی مەکینەی دروومان سەرەتا بۆی بێزارکەر بووە، بەڵام دواتر بووەتە ئیلهامێک بۆی.
هاڤی باسی لەوەش کرد، لەدوای تەواوکردنی خوێندن، خێزانەکەی هانیان داوە بەدوای خولیاکانیدا بگەڕێت و لە بواری هونەر و دیزایندا خۆی پێش بخات، "هەموویان دەیانگوت، تۆ حەزت لە جلوبەرگە، شێوەکاریت خۆش دەوێت، وێنەکێشان و هونەر. جلوبەرگ و هونەر کە پێکەوە دەبن، دەبنە دیزاین."
هەڵبژاردنی پاریس وەکو ناوەندێک بۆ دیزاین
لەبارەی هەڵبژاردنی پاریس وەکو شوێنێک بۆ خوێندن و کارکردن، هاڤی دەڵێت، "لە هامبۆرگ خوێندنم تەواو کرد و پاشان ئەو کۆلێژە لە پاریس زۆر ناوبانگی هەبوو لەو کاتەدا و هێشتا ناوبانگی زیاتری پەیدا کردووە." ئاماژەی بەوەش دا، کۆلێژەکەی لە لەندەنیش هەبووە، بەڵام کۆلێژەکەی پاریس هەلی باشتر و پێشکەوتنی زیاتری بۆ رەخساندووە.
جلوبەرگی کوردی، ناسنامەیەک بۆ دیزاینەری کورد
هاڤی ئەوەی خستەڕوو، دایکی هەمیشە لە کارەکانیدا هاوکاری بووە، تەنانەت سەردانی پاریسیشی کردووە بۆئەوەی یارمەتیی بدات لە تەواوکردنی دیزاینەکانیدا، "دایکم پێی گوتم، هەر کاتێک بگەمە تەمەنی 50 ساڵ، حەز دەکات لەگەڵم بێت بۆ پاریس."
هاڤی ئاکرەیی هیوای خواست بتوانێت لە رێگەی کارەکانیەوە خزمەت بە کولتووری کوردی بکات و ناسنامەی کوردستانی بە جیهان بناسێنێت.