خەڵاتی قەڵەمی زێڕینی جەمال نەبەز بە کوردێکی خەڵکی باکووری کوردستان دەبەخشرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

چوار ساڵە خەڵاتی قەڵەمی زێڕینی جەمال نەبەز دەبەخشرێ. بەڕێوەبەری رێکخراوی رۆشنبیریی جەمال نەبەز دەڵێ، ئەم ساڵ "خەڵاتەکەمان بە مێژوونووسێکی باکووری کوردستان بەخشی."
 
ئەمڕۆ دووشەممە 22ی ئەیلوولی 2025 دەوەن مەعرووف، بەڕێوەبەری رێکخڕاوی رۆشنبیریی جەمال نەبەز لە سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەم ساڵ پێجەمین ساڵە خەڵاتی قەڵەمی زێڕینی جەمال نەبەز دەبەخشرێت."
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری رێکخڕاوی رۆشنبیریی جەمال نەبەز، خەڵاتەکە بریتییە لە 2000 دۆلار و قەڵەمێکی زێڕین کە لە سویسرا دروست دەکرێ؛ هاوکات لۆگۆی رێکخراوەکەیش لە شاری سلێمانی بە زێڕ دروست دەکرێ و لە رێوڕەسمێکدا بە کەسێکی شایستەیان دەبەخشن.
 
دەوەن مەعرووف دەڵێ، دەستەیەکی ئەکادیمی کە ژمارەیان سێ کەسە براوەی خەڵاتەکە لەنێوان 65 کەسایەتی و 25 دەزگای رۆشنبیری دەستنیشان دەکەن و گوتی: "پێویستە کەسی دەستنیشانکراو لەو 9 بوارەدا کاری کردبێت کە مامۆستا جەمال نەبەز تێیدا خزمەتی کردووە."
 
مامۆستا جەمال نەبەز خاوەنی زیاتر لە 120 کتێب و توێژینەوە و بابەتە. ئەو بوارانەی مامۆستا جەمال نەبەز کاری تێدا کردن ئەمانەن: وەرگێڕان، ئەدەب و رەخنە، فەرهەنگ، رۆژنامەوانی، لێکۆڵینەوەی زانستی، فەرهەنگناسی، زمانەوانی، مێژوو و لێکۆڵینەوەی ئەدەبی.
 
خەڵاتی قەڵەمی زێڕینی جەمال نەبەز لە چوار ساڵی رابردوودا بەم دەزگا و کەسانەی خوارەوە بەخشراوە:
 
1- د. جەلیل جەلیلی، مێژوونووس و خەڵکی کوردستانی سۆرە.
 
2- میشیل لێزن بێگ، فەیلەسووف و کوردناسێکی هۆڵەندییە.
 
3- ئەنیستیتووی کەلەپووری کورد، خاوەنەکەی مەزهەری خالقییە.
 
4- پ. د. وریا عومەر ئەمین، زمانناس و نووسەری کورد.
 
بەڕێوەبەری رێکخڕاوی رۆشنبیریی جەمال نەبەز دەڵێت: "ئەو کەسانەی خەڵاتەکەیان پێ دەبەخشین، مەرج نییە کورد بن؛ ئەوە گرنگە خزمەتی کوردیان کردبێت".
 
دەوەن مەعرووف گوتی: "خەڵاتی هەر ساڵێک بەناوی کەسێکەوەیە. خەڵاتی یەکەم "بەناوی مامۆستا نەبەز خۆی بوو؛ دووەم بە ناوی د. جەمال ئەحمەد رەشید بوو؛ سێیەم ببە ناوی جەمیل رۆژبەیانی بوو؛ چوارەم بە ناوی بەشیر موشیر بوو. ئەمەشمان بە ناوی ئیبراهیم ئەحمەد کردووە."
 
لەبارەی ئەو کەسەی کە بۆ خەڵاتەکەی ئەم ساڵ دەستنیشان کراوە، بەڕێوەبەری رێکخڕاوی رۆشنبیریی جەمال نەبەز گوتی: "بڕیارە ئەم ساڵ مێژوونووسێکی گەورەی خەڵکی باکووری کوردستان خەڵاتەکە وەربگرێ و لە رۆژی 11ی 10ی 2025 لە رێوڕەسمێکدا لە شاری سلێمانی ناوەکەی ئاشکرا دەکەین."
 
جەمال نەبەز لە ساڵی 1933 لە شاری سلێمانی لەدایکبوو و لە 8ی کانوونی یەکەمی 2018 لە بەرلین کۆچی دوایی کرد.