خەڵاتەکانی هەشتەم فیستیڤاڵی فلیمی دهۆک دابەشدەکرێن
رووداو دیجیتاڵ
خەڵاتەکانی هەشتەم فیستیڤاڵی فیلمی دهۆک دابەشدەکرێن، هەشت خەڵات بۆ فیلمە کوردییەکانە و چوار خەڵاتیش بۆ فیلمە بیانییەکان.
فیلمی "The Other Side of the River" بووە براوەی خەڵاتی باشترین بەڵگەفیلمی بیانی کە باسی کچێکی تەمەن 19 ساڵ لە منبەج هەڵدێت و دەبێتە گەریلا. دوای مەشق و راهێنان دەگەڕێتەوە بۆ شارەکەی خۆی و دەبێتە پۆلیس بۆ رزگارکردنی خوشکەکانی.
فیلمی "نانی پیرۆز" خەڵاتی باشترین بەڵگەفیلمی کوردی وەرگرت، فیلمەکە باسی سەختیی ژیانی کۆڵبەران لە سنووری رۆژهەڵاتی کوردستان دەکات.
فیلمی "Dance of Ali and zin" بووە براوەی خەڵاتی رەخنەگری جیهانیی فیپرێسک، فیلمەکە لە گوندێکی بچووکی کوردستان دەستپێدەکات و، باسی خێزانێک دەکات کە کوڕەکەیان کوژراوە و تەرمەکەیان بۆ گەڕاندوونەتەوە.
فیلمی "Brother’s Keeper" بووە براوەی خەڵاتی باشترین سیناریۆ. فیلمەکە باسی دوو کوڕ دەکات کە یەکێکیان بەردەوام یارمەتیی هاوڕێ نەخۆشەکەی دەدات و لەگەڵ خۆی دەیباتە قوتابخانە و ناهێڵێت قوتابییەکانی دیکە سووکایەتی پێبکەن.
فیلمی "سدیق و پڵنگ" خەڵاتی باشترین فیلمی کوردی وەرگرت، فیلمەکە باسی ژیانی پیاوێک دەکات لە دەڤەری بارزان کە بۆ ماوەی 25 ساڵ لەو دەڤەرە بۆ پڵنگ دەگەڕێت و لە کۆتاییدا پڵنگێک دەبینێت.