فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی شانۆ لە ئامەد بە دروشمی "دیالۆگ بۆ ئاشتی" دەستی پێ کرد


رووداو دیجیتاڵ

11ـەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی شانۆی ئامەد بە دروشمی "دیالۆگ بۆ ئاشتی" و بە رێوڕەسمێکی تایبەت دەستی پێ کرد و رێوڕەسمی کردنەوەی فێستیڤاڵەکە لە مۆزەخانەی شاری قەسری جەمیل پاشا بەڕێوە چوو. تێیدا هونەرمەندان، شانۆکاران و ژمارەیەکی زۆر لە میوانان بە جلی کوردییەوە بەشدارییان لە رێوڕەسمەکە دا کرد و پەیامی ئاشتییان دا.
 
فێستیڤاڵەکە بە هاوکاریی شارەوانیی گەورەشاری ئامەد، شانۆی شاری ئامەد و پەیمانگەی جیهانیی شانۆ (ITI) ساز کراوە. لەم فێستیڤاڵە دا 22 گرووپی شانۆ لە 19 وڵاتی جیاوازەوە نمایشەکانیان پێشکێش دەکەن و تاوەکو 2ـی ئایار بەردەوام دەبێت.
 
لە چوارچێوەی فێستیڤاڵەکە دا، دوو گرووپی شانۆ لە رۆژهەڵات و باشووری کوردستانەوە بەشدارن و بەگشتی سێ شانۆی کوردی نمایش دەکرێن. شانۆ بیانییەکانیش بە ژێرنووسی کوردی، تورکی و ئینگلیزی پێشان دەدرێن.
 
سێرا بوجاک، هاوسەرۆکی شارەوانیی گەورەشاری ئامەد لە رێوڕەسمەکە دا گوتارێکی پێشکێش کرد و گوتی: "شانۆی کوردی خاوەن ئەزموونە، خاوەنی رۆڵ و  ئەرکـە. ئەمڕۆ جارێکی دیکە ئەو رۆڵ و ئەرکە لێرە بنیاد دەنرێتەوە."
 
هاوکات گرووپێک لە شانۆکارانی مەریوان و چەمچەماڵ بە هاوبەشی شانۆگەرییەکیان بە ناوی "سانتیمەتر" ئامادە کردووە و بەشدارییان لە فێستیڤاڵەکە دا کردووە. شانۆی سانتیمەتر شانۆیەکی سەرشەقامە و رۆژی 25ـی نیسان لە پارکی "بەن و سەن" بە زمانی کوردیی سۆرانی نمایش دەکرێت.
 
سۆران حوسێن، دەرهێنەری شانۆگەریی سانتیمەتر کە خەڵکی شاری مەریوانی رۆژهەڵاتی کوردستانە، گوتی: "شانۆی سانتیمەتر شانۆگەرییەکە لەسەر ئەنفال، بەتایبەتی لەسەر ئەنفالکردنی چەمچەماڵ. کارێکی نیشتمانییە، باس لە هەست و پەیمانی ئاشتی دەکات و پەیامێکی نەتەوەییە بۆ جیهان. هەوڵمان دا ئەو پەیامە بگەیێنینە فێستیڤاڵەکە کە ئێمەی کورد تایبەتمەندییەکی خۆمان هەمانە، ئەویش ئەوەیە کە گەلێکی ئاشتیخوازین."
 
هەروەها فاتیح باباکەریم، یەکێکی دیکە لە شانۆکارەکان دەڵێت: "شانۆی سانتیمەتر باس لە خۆشەویستی و ژیان دەکات، بە هەمان شێوە باس لە برایەتی، ئاشتی و پێکەوەژیانی گەلان دەکات."
 
فەیسەڵ عادل یارگەر، سەرۆکی کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی چەمچەماڵ، سەبارەت بە بارودۆخی جیهان و ناوچەکە گوتی: "ئێستا ئێوەش دەبینن لە هەموو جیهان دا تەنگژەیەک هەیە، بەتایبەتی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ئەم دۆخەی کە نامانەوێت کاریگەریی کردووەتە سەر تەواوی ژیان. وەک هەموو هونەرمەندانی جیهان تەنیا یەک پەیاممان هەیە، ئەویش پەیامی ئاشتییە."
 
شانۆکار سامان عەزیزیش خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی و گوتی: "هەموو شوێنێک ماڵی ئێمەیە. ئێمە لە باشوور و رۆژهەڵاتەوە هاتووین و لە باکووری کوردستان نمایشەکەمان پێشکێش دەکەین. دڵخۆشم کە شانۆی سانتیمەتر کارێکی جوانی هونەرییە."
 
لەو فێستیڤاڵە دا کە 10 رۆژ دەخایەنێت، لەپاڵ نمایشکردنی شانۆکان دا، چەندین پانێڵ، سیمینار و بەرنامەی گفتوگۆ بەڕێوە دەچن.