نەجمەدین غوڵامی گۆرانییەک بۆ نەوەکەی دەچڕێت و چیرۆکەکەی بۆ رووداو دەگێڕێتەوە


رووداو دیجیتاڵ

نەجمەدین غوڵامی، هونەرمەندی ناوداری کورد، نوێترین بەرهەمی هونەریی خۆی بەناوی "رۆنیا" بە ڤیدیۆ بڵاوکردەوە، کە تێیدا گۆرانییەک بۆ نەوەکەی دەچڕێت و هەستێکی تایبەتی خۆشەویستیی تێدا رەنگی داوەتەوە.
 
نەجمەدین غوڵامی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەم بەرهەمە نوێیە دیارییەکی تایبەتە بۆ "رۆنیا"، یەکەمین نەوەی، کە خۆیشی لە کلیپەکەدا بەشداریی کردووە و دەرکەوتووە. 
 
هونەرمەند غوڵامی باسی لە چۆنیەتی دروستبوونی هەوێنی شیعر و ئاوازەکەی بۆ رووداو کرد و گوتی: "کاتێک رۆنیا لەدایک بوو، رۆژانە لەباوەشم دەگرت. هەست و خۆشەویستییەکی زۆر تایبەتی پێ بەخشیم کە راستەوخۆ بووە ئیلهام بۆ نووسینی شیعر و دانانی ئاوازەکەی. منیش ئەو هەستە پاکەم کرد بە گۆرانییەک وەک یادگارییەک بۆی."
 
هەروەها، ئەو هونەرمەندە ئاماژەی بەوەش دا دوای رۆنیا دوو نەوەی دیکەشی بووە و لە ئێستادا سەرقاڵی ئامادەکردنی بەرهەمێکی دیکەیە بۆ ئەوانیش، کە ئەمەش نیشانەی پەیوەندیی قووڵی ئەو بە خێزانەکەیەوە دەردەخات.
 
لەلایەکی دیکەوە، نەجمەدین غوڵامی ئاشکرای کرد، پڕۆژەیەکی گەورەتری لەبەردەستدایە بریتییە لە 20 تراکی تۆمارکراو، بەڵام تائێستا بڵاونەکراونەتەوە. دەشڵێت، بڕیار بووە لە مانگی 3ی ئەمساڵدا بەشێک لەو بەرهەمانە کلیپ بکرێن و بڵاوبکرێنەوە، بەڵام بەهۆی ئەو دۆخە نەخوازراوەی لە ناوچەکەدا دروست بوو، بڵاوکردنەوەکە بۆ کاتێکی نادیار دواخرا.
 
کلیپی "رۆنیا" لە سوێد بەرهەم هاتووە و لە سیناریۆ و دەرهێنانی دەوەند دڵشاد، گەنجی بەتوانای خەڵکی هەڵەبجەی شەهیدە. 
 
کۆمەڵێک ژەنیاری بەئەزموون کاری میوزیکیان بۆکردووە؛ دابەشکردنی میوزیک، کەمانچە و سترینگس لەلایەن هاشم رەشادەت، تار و بەم تار لەلایەن جەعفەر رەشادەت، عود لەلایەن فەرید وەیسی، سەنتوور لەلایەن رامین رەبیعی و، تۆمبەک لەلایەن هونەرمەندی خوالێخۆشبوو سەلام قانێعزادە ژەنراوە. تۆماری دەنگ و میکس و ماستەرینگیش لەلایەن ئیرەج حەیدەرییەوە کراوە، لەکاتێکدا شیعر و ئاوازی گۆرانییەکە بەرهەمی هونەرمەند نەجمەدین غوڵامی خۆیەتی.
 
دەرهێنەری کلیپەکە، دەوەند دڵشاد هەڵەبجەیی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەم کلیپە لە بیرۆکەی یەکەمەوە تا کۆتایی، واتە دەرهێنان، بەرهەمهێنان، وێنەگرتن، رەنگسازی و مۆنتاژ، هەموویم بە تەنیا ئەنجام داوە. بەڕاستی حەزم دەکرد شتێکی ناوازە و جیاواز و تایبەت لەنێو میوزیک و کلیپی کوردیدا دروست بکەم کە پێشتر نەکرابێت. ویستم بە شێوەیەکی قووڵتر و سینەمایی کارەکە دەربکەوێت و ستانداردێکی نوێ بۆ ئەم بوارە بهێنمە ئاراوە."