چوارەم پێشانگەی کتێب و فێستیڤاڵی ئاشتی لە هەولێر دەکرێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری ناوەندێکی رۆشنبیری، چاپ و بڵاوکردنەوە لە هەولێر دەڵێت، پێشانگەی کتێب و فێستیڤاڵێکی پڕ لە چالاکیی هونەری بۆ 9 رۆژ لە هۆڵی میدیا بەڕێوەدەچێت.
ئەمڕۆ دووشەممە 24ی تشرینی دووەمی 2025 ئاشتی شێرکۆ، بەڕێوەبەری ناوەندی رۆشنبیریی ئاشتی بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە بە رووداوی گوت، "هەموو ئامادەکارییەکان تەواو بوون. لە رۆژانی 27-11-2025 تاوەکو 05-12-2025 چوارەم پێشانگەی کتێب و فێستیڤاڵی ئاشتی لە هەولێر بەڕێوەدەچێت."
بە گوتەی بەڕێوەبەری ناوەندی رۆشنبیریی ئاشتی، 20 دەزگا و ناوەندەکانی چاپ و بڵاوکردنەوەی هەولێر و سلێمانی بەشداریی پێشانگەکە دەکەن، "فێستیڤاڵێکی پڕ لە چالاکیی هونەری و رۆشنبیرییش بەڕێوەدەبرێت."
ئاشتی شێرکۆ گوتی، "لە پێشانگەکەدا، سەتان کتێب و بڵاوکراوە دەبن؛ زنجیرەیەک کۆڕ و سیمینار بۆ نووسەران و توێژەران رێکدەخرێ. هاوکات پیشانگەی کاری دەستییش دەخرێتەڕوو."
ئەو بەڕێوەبەرە دەشڵێت، "زنجیرەیەک سەمینار پێشکێش دەکرێن؛ دوو هەرە نووسەری بەناوبانگی شاری هەولێر کە د. فەرهاد پیرباڵ و تەڵعەت تاهیرن بەشداری دەکەن."
رۆژانە کاژێر 9:00ی بەیانی تاوەکو 5:00ی ئێوارە، لە هۆڵی میدیای شاری هەولێر، لە پێشانگەکە پێشوازی لە خوێنەران و سەردانیکەران دەکریت و ئاشتی شێرکۆ ئاماژەی بەوەش دا، "لە فێستیڤاڵەکەدا، خواردنی خۆماڵی پێشکێش دەکرێ و هاتن بۆ هەمووانە."