گۆرانیبێژ نووری باریکەیی کۆچی دوایی کرد
رووداو دیجیتاڵ
دوای ململانێیەکی سەخت لەگەڵ نەخۆشیی شێرپەنجە، هونەرمەندی میللی نووری باریکەیی کۆچی دوایی کرد.
بەهمەن کاکە عەبدوڵڵا، پەرلەمانتاری کوردستان بە رووداوی راگەیاند، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ، هونەرمەندی میللی نووری باریکەیی کۆچی دوایی کرد و بڕیارە ئەمڕۆ لە گۆڕستانی بنەسڵاوە بەخاکبسپێردرێت.
نووری باریکەیی ساڵی 1947 لە گەرمیان لەدایکبووە. خاوەنی دەیان گۆرانی و سروودی شۆڕشگێڕییە و بە یەکێک لە کۆڵەکەکانی مەقامی "ئای ئای" دادەنرێت.
نووری باریکەیی گۆرانیی لەگەڵ چەندین هونەرمەندی ناودار گوتووە لەوانە "حەسەن زیرەک و عەینەدین." لە کاتی شۆڕشی ئەیلوولدا ئاوارەی ئێران بووە و ئەفسەری خانەنشین بوو.
بەناوبانگترین گۆرانیی نووری باریکەیی گۆرانی "کراس رەش"ـە کە دوای خۆی چەندین هونەرمەندی دیکە گوتوویانەتەوە.