تەرمی 'لی سانگ بۆ' لەنێو ماڵەکەی خۆیدا دۆزرایەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەیانی ئەمڕۆ، هەواڵی مردنی کتوپڕی ئەکتەری ناوداری سینەما و درامای کۆری لی سانگ بۆ، هەوادارانی لە سەرتاسەری جیهاندا تووشی شۆک کرد. تەرمی ئەو ئەکتەرە لەلایەن یەکێک لە ئەندامانی خێزانەکەیەوە لە ماڵەکەی خۆی لە شاری پیۆنگتایکی کۆریای باشوور دۆزرایەوە.
پۆلیسی ناوچەی گایۆنگی لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، تەرمی ئەکتەرەکە نزیکەی کاژێر 12:40 خولەکیی نیوەڕۆ بە کاتی سیئۆل (7:40 خولەک بە کاتی هەولێر) دۆزراوەتەوە، هیچ نیشانەیەکی تاوان لە شوێنی رووداوەکەدا نەدۆزراوەتەوە، بەڵام لێکۆڵینەوەی ورد بەردەوامە بۆ دڵنیابوون لە هۆکاری سەرەکی گیانلەدەستدانی.
کۆمپانیای KMG کە سپۆنسەری کارەکانی ئەم ئەکتەرەیە، ماتەمینی خۆی راگەیاند و داوای لە میدیاکان کرد ڕێز لە دۆخی هەستیاری خێزانەکەی بگرن. کۆمپانیاکە ئاماژەی بەوە کرد کە لەسەر داوای بنەماڵەکەی، هۆکاری مردنەکەی ئاشکرا ناکەن و ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی سبەی 29ی ئادار بەڕێوەدەچێت.
ئەکتەرەکە لە ساڵی 2022دا رووبەڕووی دۆخێک بووەوە، ئەوەش کاتێک پۆلیس بە تۆمەتی بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر دەستگیری کرد و ناوبانگی کەوتە مەترسییەوە .
بەڵام دوای لێکۆڵینەوە و پشکنینەکان، بێتاوانیی لی سانگ بۆ سەلمێندرا و دەرکەوت کە ئەو ئەکتەرە تەنیا دەرمانی دژە خەمۆکی و هێورکەرەوەی بەکارهێناوە، ئەوەش بەهۆی ئەو دۆخە دەروونییە خراپەی دوای لەدەستدانی ئەندامانی خێزانەکەی تووشی ببوو.
لی سانگ بۆ، کە لە ساڵی 2006ەوە لە جیهانی نواندندا دەردەکەوێ، بە رۆڵەکەی لە درامای Miss Monte-Cristo گەیشتە لووتکەی ناوبانگ.