عەتا قەرەداخی گۆرانییەکی نوێدەکاتەوە و یەکەمجار لە رووداو بڵاودەبێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
عەتا قەرەداخی، هونەرمەندی دیاری کوردستان سەرقاڵی نوێکردنەوەی گۆرانییەکی خۆیەتی کە لە ساڵی 1994 لەسەردەمی ئامێرە سادەکانی میوزیکدا تۆماری کردووە. ئەو هونەرمەندە بۆ ئەوانەى یادەوەرییان لەگەڵ گۆرانییەکانى ساڵانى دواى نەوەدەکان هەیە، ناو و دەنگێکى دیارە.
ئەو گۆرانییەی کە ئەو هونەرمەندە کوردە کاری لەسەر دەکات، ناوی "ئازیز ئەمشەو"ـە. عەتا قەرەداخى لەوبارەوە بە رووداوی گوت، "ئەم گۆرانییە لە ئەرشیڤدا ماوە، بەڵام چونکە کوالێتى لاواز بوو و، هى پێش 25 ساڵ بوو، بە کەڵکى بڵاوکردنەوە نەدەهات، بۆیە بە باشمان زانى نوێیبکەینەوە. ئاوازەکەی هی خۆمە."
عەتا قەرەداخى خاوەنى نزیکەى 30 گۆرانییە، بە ژمارە بەرهەمەکانى کەمن، بەڵام رەنگە زۆرینەى گۆرانییەکانى ئەو، لاى هەوادارانى دەنگ و ئاوازى رەسەنى کوردى رۆژانە بگوترێنەوە.
دابەشکردنى یەکەمجارى گۆرانییەکە لە لایەن ئەنوەر قەرەداخییەوە بووە، ئەو کات زۆرینەى ئامێرە میوزیکییەکانى بە تەنیا خۆى و بە شێوەى راستەوخۆ بۆ تۆمارکردبوو.
ئەنوەر قەرەداخى، هونەرمەند بە رووداوی گوت، "ناوەڕاستى نەوەندەکان بوو، کاک عەتام بینی، گوتى: حەز دەکەم ئەم گۆرانییە لای تۆ تۆمار بکەم. ئەو کاتە ستۆدیۆیەکم لەژێرزەمین هەبوو و بە کرێ کارمان دەکرد، کە گوێم لە گۆرانییەکە گرت، تابڵێی جوان بوو، ئینجا منیش گوتم حەز دەکەم ئەو کارەت بۆ بکەم، حەزەکەشم لەوەبوو، چونکە بەڕاستی هەستێکی کوردانەی جوانی تێدابوو."
بڕیارە لە دەستپێکی ساڵی نوێ گۆرانییەکە بڵاوبکرێتەوە، بڵاوکردنەوەى یەکەمجاریشى دراوە بە تۆڕى میدیایی رووداو.
"ئازیز ئەمشەو" ئاواز و هۆنراوەى عەتا قەرەداخى خۆیەتى، لە نوێکردنەوەیدا بڕیار فەتاح کارى وێنەگرتن و مۆنتاژى بۆ کردووە. قەرەداخى چەند ساڵێکە بەرهەمى نوێى نییە، بەڵام نیازى وایە دواى نوێکردنەوەى گۆرانییە کۆنەکانى، ئیدى دەست بە کارى نوێ بکاتەوە.