هونەرمەندێکی کورد لە ئەڵمانیا بە گۆرانییەکی کۆمێدی نێوبانگی دەرکردووە
رووداو دیجیتاڵ
مالیک سامۆ، هونەرمەندی دیاری رۆژئاوای کوردستان بە ستایلی کوردی و بە زمانی ئەڵمانی گۆرانییەکی لەسەر بێ ئیقامەیی خۆی بڵاوکردەوە، تێیدا گلەیی ئەوەی کرد کە ساڵانی زۆر چاوەڕێی کردووە و هێشتاش ئیقامەی نییە.
تەلەڤیزیۆنە بەنێوبانگەکانی ئەڵمانیا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان گۆرانییەکەی دەبینن و یەک بەدوای یەکدا دەیکەنە میوان، ئەمە ساڵانی زوو بوو. ئێستا مالیک ژیانێکی نوێی هەیە و بۆ یەکەمجار لە دیاسپۆرا چیرۆکی گۆرانییەکە و ژیانی خۆی دوای گۆرانییەکە باسدەکات.
مالیک سامۆ، هونەرمەندی دیاری کوردی رۆژئاوای کوردستان، میوانی بەرنامەی دیاسپۆرا بوو و تێیدا باسی ژیان و خەباتی هونەریی خۆی لە ئەڵمانیا کرد. سامۆ خەڵکی گوندێکی سەر بە شاری حەسەکەیە، ئێستا لە ئەڵمانیا نیشتەجێیە و تەرخانکاری ناساندنی هونەر و کولتووری کوردییە بە جیهان، بەتایبەتی بە کۆمەڵگەی ئەڵمانی.
سامۆ بە دەربڕینێکی پڕ سۆزەوە دەستی بە قسەکانی کرد و گوتی، "کاتێک پێت پێدەکەنم، لاڵ و بێزمان دەبم، کاتێک دەنگت دێت،" ئەم وتانە خۆشەویستی بێ سنووری ئەو بۆ هونەر و میوزیک نیشان دەدات. لە تەمەنێکی بچووکدا رووی لە ئەڵمانیا کردووە و دەستی بە خوێندن کردووە، ئەو باس لە قۆناخەکانی سەرەتای ژیانی دەکات و دەڵێت، "لێرە لەڕووی زمانەوە زەحمەتییەکی زۆرم کێشا"، بەڵام ئەم سەختییانە نەبوونە رێگر لەبەردەم پەرەپێدانی بەهرەی هونەرییدا، "دڵم عەجایب ئەڤیندارە، باوەڕ بکەن حەزم لە کارەکەمە."
ئەو هونەرمەندە جەخت لە گرنگیی میوزیک و میوزیکی فۆلکلۆری کوردی دەکاتەوە و بە رۆحی دەتباتە ناوی، هەرچەندە بۆ ماوەی چەند ساڵێک لە ئەڵمانیا کاری هونەریی لێ قەدەخە کرابوو، بەڵام خۆشەویستیی ئەو بۆ میوزیک هەرگیز ساردی نەکردەوە. دەڵێت، "زۆر چێژی لێ وەردەگرم،" ئەو بە تاسەوە باسی ئەو کاتانە دەکات کە گەنجان سازیان دەژەنی و ئەویش لە رێگەی کاسێت و شریتی کۆنەوە گوێی لە دیلان و میوزیکی کوردی دەگرت، ئەم خۆشەویستییە قووڵە بۆ میوزیک وای لێکردووە بەردەوام بێت لەسەر رێچکەی هونەریی خۆی، تەنانەت لە نێو کولتوورێکی بیانیشدا.
مالیک سامۆ ئاماژەی بەوە دا، تاوەکو ساڵی 2012، نە ئیقامە و نە پاسپۆرتی هەبووە، ئەمەش چەندین ئاستەنگی بۆ ژیانیان دروستکردووە، یەکێک لە بەرهەمە هەرە دیارەکانی بریتییە لە گۆرانییەک بە زمانی ئەڵمانی کە تێیدا سێ نەوەی "ich bin" (من هەم) دەردەبڕێت، "من چیرۆکی خۆم و گۆرانییەکانم گوتووە، تاوەکو هەموو کەسێک دەربارەی من بزانێت"، ئەم گۆرانییە وەکو پردێک بۆ پەیوەندیی نێوان کولتوورەکان، چیرۆکی ژیان و ناسنامەی ئەو دەگەیێنێتە گوێگران، هەر گۆرانی و بەیتێک کە دەیڵێیت، حیکایەت و چیرۆکێکی هەیە، مالیک سامۆ بە شانازییەوە رایگەیاند، بە زمانی ئەڵمانی گۆرانی دەڵێت.
ئامانجی سەرەکیی مالیک سامۆ بریتییە لە ناساندنی کولتوور و هونەری کوردی بە گەلی ئەڵمانیا، "بۆئەوەی ئەوانیش بیبینن." ئەم هەوڵە تەنیا بۆ خۆی نییە، بەڵکو بۆ نەوەکانی داهاتووشە، ئەو دەڵێت، "ئەم شتەم بۆ رۆحی منداڵەکانمان دەوێت، چونکە منداڵەکانمان لێرە زیاتر بە زمانی ئەڵمانییەوە بەستراونەتەوە."
مالیک سامۆ هیواخوازە لە رێگەی هونەرەکەیەوە، منداڵانی کورد لە ئەڵمانیا پەیوەندییان بە رەگ و ریشەی کولتووریی خۆیانەوە بمێنێت و فێری زمان و هونەری دایک ببن.
سامۆ باس لەوە دەکات، لەو ماوەیەدا کە بێ ئیقامە بوون، ژیانی ناخۆش بووە و دووری لە کەسوکاری زەحمەتیی زۆری بۆ دروستکردووە، بەڵام ئەم سەختییانە وایان لێنەکردووە کە دەستبەرداری هونەرەکەی ببێت، ئەو ئاماژە بەوە دەکات کە گۆرانییەکانی ئەو کاتە، گوزارشتیان لە ئێش و ئازارەکانیان دەکرد، بەڵام هاوکات خۆشی و ئومێدیشیان تێدابوو.
ئەو گۆرانییەی ە مالیک سامۆ بە ئەڵمانی گوتوویەتی، کاریگەرییەکی زۆری هەبووە و خەڵکێکی زۆر، نەک تەنیا کورد، بەڵکو ئەڵمانی و تەنانەت گەلانی ئەفریقیش گوێیان لێگرتووە. سامۆ باس لەوە دەکات، زۆر جار لەلایەن خەڵکەوە دەوەستێندرێت و داوای سێڵفیی لێدەکرێت، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە لە تیکتۆک و سۆشیاڵ میدیا گەلێک بەنێوبانگە.
سەبارەت بە داهاتوو، مالیک سامۆ دەڵێت، هەرگیز چاوەڕوانی ئەوەی نەکردووە تەلەڤیزیۆنی ئەڵمانی بانگهێشتی بکات یان لە کۆنسێرتە گەورەکانی ئەڵمانیا گۆرانی بڵێت، بەڵام ئێستا ئەو شانازی دەکات کە بەشداری لەو رووداوە هونەرییانەدا دەکات و بەردەوامە لەسەر دروستکردنی کلیپ بە هەردوو زمانی کوردی و ئەڵمانی.
لە کۆتاییدا، مالیک سامۆ سوپاسی هاوکارانی و پشتگیریکەرانی دەکات، وەک هونەرمەند شەریف عومەر، وشبۆ برایم و هادی حەموود کە رۆڵێکی گرنگیان لە پەرەپێدانی هونەرەکەیدا هەبووە، ئەو باس لەوە دەکات کە خێزانەکەیان لە چوارباخی سەر بە شێخ عەبدی بوون و هونەر لە بنەماڵەکەیانەوە دەستیپێنەکردووە، بەڵکو خۆی بە بێ هیچ پێشینەیەکی هونەری، ئەم رێگایەی گرتووەتەبەر.
ئێستا مالیک سامۆ خەریکی ئامادەکردنی کلیپێکی نوێیە بە زمانی کوردی کە گۆرانییەکی دیلان خومارانییە، بەردەوامیش دەبێت لەسەر گۆرانی گوتن بە زمانی ئەڵمانی، ئەو هیواخوازە لە رێگەی هونەرەکەیەوە پردێکی بەهێز لە نێوان کولتووری کوردی و ئەڵمانیدا دروست بکات و هەلی زیاتر بۆ ناساندنی کولتووری کوردی بە جیهان بڕەخسێنێت.