بەڵگەفیلمەکەی میلانیا ترەمپ سەرەڕای بانگەشەی زۆر، رەخنەباران دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ

بەڵگەفیلمێک لەسەر ژیانی میلانیا ترەمپ، خانمی یەکەمی ئەمریکا بڵاوکرایەوە، کە وێڕای ئەو هەموو بانگشە و ریکلامەی بۆی دەکرێت، بینەرێکی کەمی هەیە و ئەوانەشی سەیریان کردووە، رەخنەبارانی دەکەن و دەڵێن، یەکێکە لە کارە هونەرییە هەرە خراپەکان. بەڵام دۆناڵد ترەمپ پێیوایە یەکێکە لە باشترین بەڵگەفیلمەکان و داوا لە لایەنگرانی دەکات، بلیتی سینەما بکڕن و بڕۆن سەیری بکەن.
 
ژمارەی بینەرانی بەڵگەفیلمەکە زۆر کەم بووە و لە شارە گەورەکانی وەک نیویۆرک، لە کاتی نمایشکردنی دا، هۆڵەکان بەتاڵ بوون.
 
قسەیەکی تەنز ئامێز لە ئینتەرنێت بڵاوبووەتەوە کە دەڵێت: "ئەگەر ئەم فیلمە لەناو فڕۆکەشدا لە ئاسمان پەخش بکرێت، خەڵک هەر دەچنە دەرەوە." 
 
بەڵگەفیلمەکە لە دەرهێنانی برێت راتنەرە و لەلایەن ستۆدیۆکانی "ئەمازۆن ئێم جی ئێم"ـەوە بڵاوکراوەتەوە. باس لەوە دەکات کە لەو 20 رۆژەی پێش دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپ وەک سەرۆک لە ساڵی 2025، میلانیا چی کردوو و چی بەسەر ژیانی دا هاتووە. 
 
فیلمەکە ماوەکەی کاژێرێک و 44 خولەکە و دیمەنی تایبەت، کۆبوونەوەکان و ئامادەکارییەکانی خێزانی ترەمپ بۆ گەڕانەوە بۆ کۆشکی سپی نیشان دەدات.
 
رەخنەگران بە تووندی هێرشیان کردووەتە سەر بەڵگەفیلمەکە و دەڵێن هیچ واتە و چێژێکی ئەوتۆی نییە. 
 
ئەوانەی کە کاریان پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندنی فیلم و بەرهەمە سینەماییەکانە دەڵێن، ئەمە زیاتر لە "ریکلامێکی بازرگانی" دەچێت نەک بەڵگەفیلمێکی راستەقینە. 
 
رۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" ئاماژەی بەوە کردووە کە بینەر هیچ شتێکی نوێ لەبارەی میلانیاوە فێر نابێت، سەرەڕای ئەوەی کوالیتیی وێنەگرتنی جوانە و گرنگی بە جلوبەرگ دراوە. رۆژنامەی "یو ئێس ئەی تودەی" و میدیاکانی دیکە باسیان لەوە کردووە کە بەڵگەفیلمەکە نمرەی زۆر نزمی بەدەستهێناوە، کە لە ماڵپەڕی "رۆتن تۆمەیتۆز" دابەزیوە بۆ نزیکەی 8%. 
 
تێچووی فیلمەکەش بووەتە جێی سەرنج. بەپێی راپۆرتەکان، کۆمپانیای ئەمازۆن 40 ملیۆن دۆلاری داوە بۆ مافی پەخشکردنی (کە بەرزترین نرخە بۆ بەڵگەفیلمێک) و 35 ملیۆن دۆلاریشی لە ریکلامکردن بۆ بەڵگەفیلمکە خەرجکردووە، واتە کۆی گشتی وەبەرهێنانەکە نزیکەی 75 ملیۆن دۆلار بووە. ئەم بڕە پارەیە زۆر زیاترە لە بودجەی ئاسایی بۆ پڕۆژەی لەم شێوەیە.
 
سەرەڕای رەخنەکان، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا بە تووندی بانگەشەی بۆ کردووە تاوەکو خەڵک بیبینن. لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نووسیویەتی "دەبێت ببینرێت" و داوای لە لایەنگرانی کردووە بلیتی سینەماکان بکڕن و بانگەشەی ئەوەی کردووە کە "بلیتەکان خەریکە تەواو دەبن". 
 
لە کاتی نمایشکردنیدا گوتی، فیلمەکە "زۆر سەرنجڕاکێشە". لایەنگرانی ترەمپ لە سینەماکان پێشوازییان لێ کردووە و بەدڵیان بووە کە میلانیا وەک خانمێکی شیک و چالاک دەرکەوتووە.