من و ئارامگەی نالی لە ئیستەنبووڵدا

ژیڤان بەکر
 
کورد، فرە مرۆڤەیلی چەشنی نالی (زانا و داھێنەر)ی بەرھەمھێناوە، ھەر یەکەیان کەڵەنووسەر و زانای سەردەمی خۆی بووە، باندۆری لەبان گەلەک شتان جێ ھێشتووە؛ ھەندێکیان پێش سەردەمی خۆیان کەوتوون، نەختێکیان بەری سەرھەڵدانی رێبازە ئەدەبییەکان لە دنیادا، درکیان بە پڕ لایەنی ئاریشەداری مرۆڤ کردووە، پێشەنگ و سەردەستەی زێدە پرسن، جێی باس و رامانن. بێگومان مامۆستا (نالی)یش، یەکێکە لەوان.
 
مامۆستا نالی، سەرکردەی لەشکری غەممان، سەرکردەی کودەتا دروستەکە، ئەو کودەتا زوانەوانییە مەزنەی تا ئێستاش بەردەوامە و کۆتایی نەھاتووە، خەریکە دەچەسپێت. ما خۆی ئەو دێڕە نەمرەی نھایش دەگوترێ و دەنووسرێتەوە (کەس بە ئەلفازم نەڵێ خۆ کوردییە، خۆکردییە!)، ئەو یەکەم کەسە لە سەتەی نۆزدەوە، کودەتای بەسەر بیانیپەرستان و زاری گۆرانیدا کرد، مامۆستا نالی بوو، غەمی زوان و زوانی ستانداردی لە کۆڵ نابوو.
 
گەشتەکەی دیکەی ئیستەنبووڵم، مێژووی ٢ی ٦ی ٢٠٢١ بوو، شەش رۆژ مامەوە؛ بەداخەوە نەمتوانی سەرێ لە گۆڕستانی "قەرەجە ئەحمەد" بدەم، ھۆی سەرەکی، کورتیی گەشتەکە و کەمیی کات بوون؛ ئاخر بە گوێرەی سەرچاوەکانەوە، ئارامگەی مامۆستا "نالی" لەوێیە! گەشتی دووەمم، بیرۆکەی ئەم سەردانە کەوتە سەرم، شەو لە کاروانسەردا نەخشەم بۆ کێشا، قسەم لەگەڵ مامۆستا (د. ھێمن عومەر خۆشناو) کرد، تا لە گۆڕستانەکە دڵنیا ببمەوە، ئەویش فەرمووی: بە گوێرەی سەرچاوەکان لە گۆڕستانی (قەرەجە ئەحمەد)ە. دەبوو سەعاتێ زێتر ملی رێگە بگرم تا بگەمە گۆڕستانەکە، چونکی "قەرەجە ئەحمەد" لە بەری ئاسیای شاری ئیستەنبووڵە، منیش لە بەری ئەورووپا بووم؛ سبەی دانی بەیانییەکەی، مێژووی ١٩ی حەفتی ٢٠٢١ گەیشتمە ئیستەنبووڵ، لێ من ٢٥ی مانگ لە تەقسیمەوە بە مێترۆ بەرەو "کەبەتاش" چووم، لە کەبەتاشەوە سواری کەشتی بووم، لە "ئوسکودار" ھاتمە خوارێ؛ لەوێوە سواری پاس بووم، لە بەر دەرگەی گۆڕستانی "قەرەجە ئەحمەد"دا دابەزیم. بێ سڵاو، سەرم بە ژوورێدا گرت، لە دڵی خۆمدا گوتم: ئێستە بچمە پرسگە، بڵێم کوردم، دەمبوغزێنن و مەبەستەکەم ناپێکم!
 
وردە وردە چوومە ناو گۆڕستانەکە، لە دوێنێوە، لەسەر نەخشە سەیری دەکەم، ھەر چی دەینم و دەبەم سەرم لێی دەر ناچێت! لە دەستی راستدا مزگەوتێکی جوان دروستکراوە، نافوورەیەکی ناوازە لە ناوەڕاستدایە، بەسەر پلیکانەی مزگەوتەکەدا سەرکەوتم، مزگەوتەکە تۆزێ بەرزتر لە رووی ئاستی دەریاوە چێکراوە، وەک بڵێی بەسەر گردێ سەرکەوتبم وایە، ئەگەر دار و درەختی دەوروبەر نەبن، بەشێکی زۆری گۆڕستانەکەم لێ دیارە.
 
لە مزگەوتەکەدا ھاتمە دەرێ، وردە وردە بە نێو گۆڕەکاندا شۆڕ بوومەوە، سەیری یەک یەکی کێلی گۆڕەکانم دەکردن. ئارامگە کۆنەکان، بە خەتێکی خۆش و ئەلیفبێی ئارامیی ناسنامەی کەسەکەیان لەسەر نووسراون؛ گۆڕەکان تێکەڵن، کێلێ بە ئەلیفوبێی ئارامیی سەردەمی عوسمانی و دووی دیکە بە تورکی نووسراون. پێناچێ هیچ شوێنێ بۆ کەسی بیانی و سەر بە نەتەوەکانی دیکە جودا کرابنەوە. (ئەوا بە زەقەزەقی چاوان، تورک هەموو شتێکمان لێ داگیر دەکەن، ئینجا چۆن گۆڕی کەسێکی وەک نالی جودا و دەستنیشان دەکەن؟!) سەرم ھەڵبڕی، نە گۆڕێکە، نە دوو، نە سەت! لە دڵی خۆمدا گوتم "ئارامگەی نالی، بە من دەدۆزرێتەوە؟!"
 

یەک دوو کۆڵان گەڕام، سەیری هەشت نۆ کێلم کردن، بێهیوا بووم، لە بابەتەکە گەیشتم کە ئەم گەڕانەم بێئەنجام دەبێ، وا باشە خۆم بگەیەنمە لایەنی پێوەندیدار. ئاوڕی لای چەپم داوە، کارمەندێکی تەناھیی سەر بە گۆڕستان سەیرمی دەکرد، بەرەو رووی ھەنگاوم نا، بەتورکی سڵاوم لێی کرد و وەڵامی دامەوە. (ھەموو گوتوگۆکانمان بە زوانی تورکین.) خۆمم پێ ناساند، پرسیم: لە ئارامگەی نالی شاعیر دەگەڕێم؟ 
- نەبی شاعیر! وەرە پێت پیشان بدەم.
- ئەوەی تۆ دەڵێی ھەو نییە، نەبی نا، دەڵێم نالی، قوربان نالی شاعیرێکی کوردە.
- ئێ تەواو، نەبی شاعیر لە سەردەم پێغەمبەری ئیسلامدا، لە شاری مەککە ژیاوە و پیاوێکی گەورەیە!
- نەخێر، نالی لە سەردەمی عوسمانییەکاندا ژیاوە، ناوی خۆی مامۆستا خدرە، نالی ناسناوی شیعرییە.
- تۆ خەڵکی کوێی؟
- من خەڵکی کوردستانی عێراقم.
- تورکمانی؟
- بەڵێ.
 
بێتەلەکەی دەرھێنا، قسەی لەگەڵ پرسگە کرد، تێی گەیاند، پێی گوتم بڕۆ چاوەڕێتە، ئەو یارمەتیت دەدا. سپاسیم کرد. چوومە پرسگە و سڵاوم کرد، فەرمووی لێکردم و دانیشتم. گوتی:
- نەبی شاعیرمان ھەیە، بەڵام نالی نازانم، ناوێکی وام بیستووە، با سەیری ئینتەرنێت بکەم!
- زۆر چاکە.
- ئەمە لە ڤیکیپیدیا نووسراوە، ساڵی 1798 لە شاری سلێمانیدا لە دایکبووە و ساڵی 1856 لە ئیستەنبووڵ مردووە. مامۆستای ماتماتیک بووە، شاعیر و زانا بووە، لە خوارەوەیش نووسراوە لە ساڵی 1878دا، لە تەمەنی 80 ساڵیدا مردووە، لە کۆتا دێڕدا دەڵێ: نالی لە نێوان ساڵانی 1856 - 1858دا مردووە و لە گۆڕستانی (ئەیووب)دا نێژراوە.
- قوربان ئەم زانیارییانە ھەموو ھەڵەن، لە نوێترین کۆڵینەوەدا، دەرکەوتووە نالی لە مێژووی 23ی 11ی ساڵی 1877دا چووەتە بەر دلۆڤانی خودا، ھەروەھا لێرەیش نێژراوە! مەبەستم شاری ئیستەنبووڵ و گۆڕستانی (قەرەجە ئەحمەد)ـە. ئەم کۆڵینەوەیەی باسی دەکەم، پشتی بە بەڵگەنامەی عوسمانییەکان بەستووە، واتە لەخۆڕا وا ناڵێم!
 
پێی ناخۆش بوو ئەم قسەیەم کرد، سەری ھەڵبڕی و تۆزێ بەگرژی گوتی:
- ئێوە چۆن دەتوانن پێگەیەک بە درۆ بخەنەوە کە لە لایەن دەوڵەتەوە سەرپەرشتی دەکرێ؟! ئەم جۆرە پێگانە، مرۆڤی زانا بەڕێوەی دەبەن!
- قوربان، من دڵنیام ئەم پیاوە لێرە نێژراوە، لە سەردەمی عوسمانییەکاندا ژیاوە...
- بوەستە با بپرسم.
 
پێوەندیی بە بەڕێوەبەری ھەرە گەورەوە کرد، بەڕێوەبەری ھەرە گەورە پێی گوت ھیچ شتێ لەبارەی ئەم پیاوەوە نازانێت! فەرمانی کرد، مادام لە عێراقەوە ھاتووە و تورکمانە، یارمەتی تەواوی بدەن و بۆی بدۆزنەوە. گوتی فەرمانتە گەورەم. بە منی گوت: با پێوەندیی بە گۆڕستانی ئەیووبەوە بکەم، بزانم ئەوان چ دەڵێن. گوتم خۆم دەچم، گوتی نا، خۆت ماندوو مەکە، ئێستە تەواوی زانیارییەکانت بۆ وەردەگرم. پێوەندیی بە کەسێکەوە کرد، ژمارەی تۆمار و زانیاریی گۆڕستانی ئەیووبی لێ خواست، ژمارەکەی وەرگرت. پێوەندیی پێوە کرد و گوتی:
- سڵاو، من تاریقم، لە گۆڕستانی (قەرەجە ئەحمەد)ەوە پێوەندیی دەکەم، ئێوە کاک (مەحموود)ن؟
- بەڵێ بەڵێ، بفەرموو؟
- گەشتیارێ ھاتووە، ناوی ژیڤان بەکرە، خەڵکی عێراقە و تورکمانە. لە گۆڕی شاعیرێ دەگەڕێ بە ناوی نالی، ئایا ھیچ کەسێ بەو ناوە لای ئێوە تۆمارکراوە؟ نالی شاعیری کوردەکانە.
- تکایە لەگەڵم بە...
ھێندێ گەڕا، پێوەندیی بە یەک دوو کەسەوە کرد، گوتی ببوورە کاک تاریق، ھیچ زانیاریمان لەبارەی ئەم ناوەوە نییە، ھەشبێ سەردەمی عوسمانییەکانە و ھیچ تۆمارێکی ئەو سەردەمەمان لا نەماوە. ھەشبێ ئەرشیڤ کراون!
 
ئینجا (تاریق) رووی لە من کرد، گوتی:
- بەڕێز ژیڤان، بەداخەوە وەک گوێت لێبوو، ھیچمان دەست نەکەوت، ئێمە لەگەڵ بنیاتنانی دەوڵەت، ھەموو شتێکی عوسمانییەکانمان سڕیوەتەوە و ھەڵگرتووە؛ کە ئەلیفوبێی عوسمانی گۆڕا و دەرۆزەمان لە ئینگلیز و ئەورووپایی کرد (مەبەستی ئەوەبوو، لاتینیمان خستە جێی!) ئێمە مێژوو و یەک دنیا شتمان لەدەست چوو، ئێستە ئەوەی لە قوتابخانەیش دەخوێنرێت سێ بەشی درۆیە... خۆزگە دەمتوانی شتێکت بۆ بکەم، ببوورە!
- کێشە نییە کاک تاریق، تکا دەکەم! زۆر سوپاس کە یارمەتیت دام، ئەم ھەڵوێستەت بۆ منێکی کورد، مایەی پێزانین و ستایشە.
 
کە گوتم کورد، چاوی ئەبڵەق ما، لێم گەیشت کە بۆچی پێیانم گوتبوو "تورکمان"م! ئەگەر وا نەبووبایە، بیانزانیبا کوردم، ھیچیان بۆم نەدەکرد و ھەر وەڵامیان نەدەدامەوە، بەڵکە وەلایان دەنام! بە خەمباری رووم وەرگێڕا و ھاتمە دەرێ، دڵم بووە کووچکە بەرد.
 
گۆڕستانی "قەرەجە ئەحمەد" گەورەترین گۆڕستانی وڵاتی تورکیایە و یەکێکیشە لە گەورەترین گۆڕستانەکانی دنیا. رووبەری ئەم گۆڕستانە نێزیکەی ٧٥٠ دۆنم زەوییە، ھیچ کەسێ ژمارەی ھەقیقی نێژراوانی ئەم گۆڕستانە نازانێت، ئارامگرتووان بە ملیۆنان دەخەمڵێنرێن. ئەم گۆڕستانە، ژمارەیەکی زۆر کەسایەتی سیاسی و رووناکبیریی تێدا بە خاکسپێردراوە؛ ھێندێ لە گۆڕەکان، بە شێوازێکی ھونەریی رازێنراونەتەوە، بە خۆشنووسیی لەسەریان نووسراون، ئەمەیش بەھایەکی گرنگی ھونەریی بە گۆڕەکان بەخشیوە.
 
سەربردەی ئەم گەشت و گەڕانەم، چیڕۆکێکی تاڵە، کورد لە دێرەوە ھەرچی ھەیە و نییە لێی زەفت دەکرێ و کراوە، یان لێی دەسڕنەوە. بەڕژدی کوردبوون دەردێکی بێ دەرمانە، بیر لە ھەرچی دەکەیتەوە، دەبێتە مایەی خەم، سەیری ھەرچی دەکەیت خواروخێچە، دەتەوێ ھەرچی راست بکەیتەوە دەقی بە گێڕییەوە گرتووە!
 
ئێستەیش دەنگۆی سەراب بوونی (وەلی دێوانە) کپ نەبووە و ماوە، نووکەیش ھێندێ کەس دەنووسن وەلی دێوانە و شەم چیڕۆکێکی دروستکراوی (پیرەمێرد)ی شاعیرن، ئەگەر بەڵگەی بوونی وەلی دێوانە لە دیوانی رەنجووریدا نەبووبا، وەلی دەبووە سەراب؛ ئێجا نالی و وەفاییشی بێتە سەر! چیمان دەمێنێ؟ کێمان دەمێنێ؟ چما خۆمان، چیمان ھەیە تا ئەوانەیشمان لەدەست بچن؟!
 
کاربەدەستانی کورد، دەبوو، زۆر لەمێژبایە ئەو پرسانەیان کۆتایی پێ ھێنابان، چارەیان کردبووبان؛ دەبوو وابێت، بەڵام کە وا نەبووە، دەبێ ئێستە و ئایندەیش خەمی لێ بخۆین. دەتوانرێ 10 کەسی شارەزا ھەڵبژێردرێت، پرسی گۆڕی نالی و وەفایی یەکلا بکەنەوە، لە دایکبوونی فڵان شاعیر و نووسەر بە زانستیی روونبکەنەوە، چەندان نووسەر و زانای گومناوی کوردمان پێ بناسێنن، یەک دنیا دەستنووس و بەڵگەنامەمان لە وڵاتانن، دەکرێ مێژووی زۆر شتمان بگۆڕن...
 
ئەمن دەمویست، دەست لە ملی کێلەکەی سەرینگانی نالی بکەم و لەبن گوێی بچرپێنم، پێی بێژم: ئەو زوانە ستاندارد و کوردییە ناوەندییەی تۆ ھەوڵت لەبۆ دا، ئەوا ئێستە ئێمە پێی دەنووسین، ئارام بنوو. رووحی بەرزەفڕت، بۆ ھەتایە شاد و ئاسوودە بێت. بەکورتی، من ئارامگەی نالیم پێ نەدۆزراوە و نالییش ھەروا لە چاوەنۆڕی ئێمەدایە. دەردی پێشینانمان گوتوویانە: کڵاشم دڕا و ھیچم پێ نەبڕا!