پەرتووکی 'ئەوانەی نەگەیشتنە چیا' لەسەر کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان بڵاوکرایەوە


رووداو دیجیتاڵ

"ئەوانەی نەگەیشتنە چیا" پەرتووکێکی 122 لاپەڕەییە. بە ئامانجی بەبەڵگەکردنی ئەو تاوانانەیە کە دژ بە کوردانی ئێزدی کراون. 
 
ئەو پەرتووکە لە چوارچێوەی پرۆژەی بەبەڵگەکردنی تاوانەکانی داعش بە سپۆنسەری نووسینگەی تایبەتی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان چاپ کراوە. 
 
ناوەڕۆکی کتێبەکە گفتوگۆیە لەگەڵ رزگاربووانی ژێر دەسەڵاتی داعش و ژیانیان کە پیاو و منداڵیشیان تێدایە، بەڵام زۆربەیان ئافرەتن.
 
نووسەری کتێبەکە "بەهرە حەمەڕەش"ـە کە چالاکڤانێکی بواری تووندوتیژی دژی ئافرەتانە، لە چەندین گۆڤار و رۆژنامەدا گۆشە و ستوونی هەبووە و لە چەندین لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی تایبەت بە گێچەڵی سێکسیدا کاری کردووە.
 
نووسەر لە کتێبەکەیدا دەڵێت: "کتێبەکە گفتوگۆی من و رزگاربووانی دەستی رێکخراوی تیرۆرستیی داعشە، وەکو بەڵگەیەک بۆ ئەو تاوانانەی کە دەرهەق بە کوردانی ئێزدی کراون و تاوەکو ئێستاش لە مەینەتیدا دەژین."
 
هەروەها ئاماژە بەوەیش دەدات کە "پێشتریش کورد جینۆساید و کۆمەڵکوژ کراوە، بەڵام وەکو پێویست بەڵگەکان بە دۆکیومێنت نەکراون. ئەو بەڵگانەیش کە ماونەتەوە یان بە کامێرا و نووسینی داگیرکاران بوون یان رۆژنامەڤانانی بیانی. هیوادارم ئەم جارە بتوانین کار بۆ بە جینۆسایدناساندنی ئەو تاوانانە بکەین کە دەرهەق بە کوردانی ئێزدی کران."