کتێبی "یەکەمین خۆشنووسی رۆژنامەگەریی کوردی" بڵاودەکرێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
نووسەر و رۆشنبیرێكی کورد هەڤپەیڤینێکی لەگەڵ یەکەمین خۆشنووسی شاری هەولێر کردووە و دەڵێت: "یەکەم ژمارەی رۆژنامەی هاوکاری بە قەڵەم قامیش نووسیوە." خۆشنووسەکەش دەڵێت: "بە رێکەوت کەوتمە نێو بوارەکە."
رۆژی چوارشەممە، 4ی شوباتی 2026، شێرزاد هەینی، نووسەر و وەرگێڕ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لەسەرەتای دەستپێکی خوێندنەوەوە یان ناسینی کتێبەوە، ناوی محەممەد زادەم بیستبوو. لەمێژبوو بیرم لەوە کردبووەوە لەگەڵ ئەو مرۆڤە بەهرەمەندە هەڤپەیڤینێک بکەم. ویستم لە رێگەی ئەو پیاوە بەهرەمەندەوە بزانم قۆناخەکانی نووسینی کوردی چۆن تێپەڕیون و بە ئێستا گەیشتووە."
بە گوتەی شێرزاد هەینی، محەممەد زادە خۆشنووسی یەکەم رۆژنامەی هاوکاری بووە لە بەغدا. ئەوکات نووسین بە قەڵەم قامیش کەم بووە. هاوکات چوار ساڵ خۆشنووسی رۆژنامەی تەئەخی بووە؛ کەسایەتییەکی دیاری ئەو بوارە بوو و بۆیە بەدروستی زانیوە کاری لەگەڵ بکات.
محەممەد زادە، خۆشنووس بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە ساڵی 1968دا لە بەغدا بەشی نێوخۆییم بەرنەکەوت و نەمزانی بۆ کوێ بچم و چۆن خوێندنم تەواو بکەم. ئەمەم بۆ هاوڕێیەکم باس کرد کە ئەوکات لە رۆژنامەی نووری عەرەبی کاری دەکرد و پێی گوتم عەڕزوحاڵێ بنووسە بۆ (دار الحریة) بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە لە بەغدا، بەڵکو ئیشێکت پێبدەن و لەوێش بمێنیتەوە؛ ئاوها ئیشەکەیشت دەکەیت و دەشخوێنیت."
ئەو خۆشنووسە دەڵێت: "نووسراوەکەم بە کوردی نووسی، بەڵام چوار پێنج جار بە خۆشنووسیم نووسی تاوەکو یەکێکیانم بەدڵ بوو. بردمە دار حوریە و سکرتێری بەڕێوەبەری گشتی پێی گوتم ئیشمان نییە و خوات لەگەڵ. لەو دەمەدا بەڕێوەبەرەکەی زەنگی لێدا و نووسراوەکەی لەدەست سکرتێرەکە بینی و سەیری کرد و بووە هۆی ئەوەی من بکەومە نێو کاری خۆشنووسی لە رۆژنامەگەری کوردیدا."
نووسەری کتێبی (یەکەمین خۆشنووسی رۆژنامەگەریی کوردی) دەڵێ: "دوای راپەڕین، محەممەد زادە کاری بۆ رۆژنامەکانی کوردستانی نوێ، خەبات، ئاڵای ئازادی، کۆمەڵێک رۆژنامە و گۆڤاری دیکە کاری کرد. هاوکات ئەو خۆشنووسە نووسەری زیاتر لە 1000 بەرگی کتێبی کوردییە و پێش ئەوەی چاپخانە پێش بکەوێ، ئەو هونەرمەندە بەرگی کتێبی کوردی نەخشاندووە".
ئەم کتێبەی شێرزاد هەینی، درێژکراوەی چەند کتێبێکی دیکەیە کە ناونیشانەکانیان بە یەکەمین دەستپێدەکات، وەک یەکەمین دکتۆر، یەکەمین هەولێری لە سوێد و تاد... شێرزاد هەینی ئاماژەی بەوەدا کە نزیکەی 6 مانگ خەریکی پرۆژەکە بووە و لەو ماوەیەدا لەگەڵ خۆشنووسەکە و هاوڕێکانی دیداری سازداوە، چووەتە نێو کەسایەتی و ئەرشیڤی کەسایەتییەکە، قسەی لەگەڵ ئەوانەش کردووە کە ئەو فێریانی کردووە.
محەممەد زادەی خۆشنووس گوتی: "کە بەڕێوەبەرەکە بینی ئەو نووسراوەم وەها بە خەتێکی خۆش نووسیوە، گوتی بڕیارە رۆژنامەیەکی کوردی دەربکەین کە ناوی هاوکارییە. تۆم بۆ ئەوە پێویستە؛ ئیدی بوومە فەرمانبەری ئەو وەشانخانەیە و بە رێکەوت کەوتمە نێو بوارەکە."
ئەو نووسەرە گوتی: "زادە پەیوەندییەکی فراوانی لەگەڵ رۆژنامەنووس، نووسەر و سیاسەتمەداران هەبووە و هەیە. هاوکات کتێبەکە نزیکەی 70 تابلۆی تێدایە کە زادە بە خامەی خۆی نەخشاندوویەتی، بەم زووانە کتێبەکە چاپ دەکرێ، لە رێوڕەسمێکی شایستەدا بڵاودەکرێتەوە."
محەممەد عوسمان زادە لە 21ی شوباتی ساڵی 1946 لە هەولێر لە دایکبووە، بەشی کوردی لە کۆلێژی ئادابی زانکۆی بەغدای تەواو کردووە، چەندین خەڵاتی وەرگرتووە. لە دەمی نەبوونی ئامێر و کۆمپیوتەردا، ناونیشان و لۆگۆی کتێب و رۆژنامەکان ئەو نووسیویەتی. بەڵام بۆ ئەو رۆژنامە كوردییانەی لە بەغدا دەردەچوون کێشەکە قووڵتر بوو، چونکە خۆشنووسە عەرەبەکان شارەزاییان لە رێنووس و زمانی کورد نەبوو. دوای ساڵانی حەفتاکان ئەو هونەرمەدە وەکو یەکەم خۆشنووس و نەخشەسازی لاپەڕەکانی ڕۆژنامەگەریی کوردی دەرکەوت.