کتێبی "پاییزی رۆما" چاپ و بڵاودەکرێتەوە


رووداو دیجیتاڵ

بژار حەکیم، کتێبێک لەبارەی گەشتێکی پاییزی رۆماوە دەنووسێت و دەڵێت: "گێڕانەوەی هەزمنەکردنی کولتووری رۆژئاواییە لە لای تاکی رۆژهەڵاتی و بەریەککەوتنی نەریت و شەرمە لەگەڵ ژینگەیەکی کراوەدا."

رۆژی دووشەممە، 4ی ئایاری 2026، بژار حەکیم، نووسەر و رۆژنامەنووس لەبارەی کتێبەکەیەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کتێبی پاییزی رۆما گەشتنامەیە؛ گێڕانەوەی رووداوەکانی گەشتێکی پاییزەیە و وێناکردنی رووداوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانە؛ باهۆز مستەفا پێشەکی بۆ نووسیوە."
 
چاپخانەی رەنج ئەرکی لە چاپدانی کتێبەکەی لە ئەستۆ گرتووە و بە تیراژی 500 دانە چاپی دەکات. دیزاینی بەرگ و نێوەڕۆکی کتێبەکە شۆڕش غەفووری کردوویەتی.
 
نووسەر و رۆماننووس باهۆز مستەفا لە پێشەکیی کتێبەکە نووسیویەتی: "ئەم کتێبە هەم گەشتنامەیە؛ هەمیش رۆمانە؛ چونکە هەردوو چەشنە ئەدەبییەکەی لەخۆ گرتووە."
 
هاوکات باهۆز مستەفا ئاماژەی بەوەداوە، ئەو کتێبە شێوازێکی نوێی گێڕانەوەیە لە گەشتنامەی کوردیدا و هەوڵێکی نوێی هونەرەکەیە.
 
بژار حەکیم ئاماژەی بەوەیش دا، بەشێکی دیکەی گەشتنامەکە، قسەکردن و پێشاندانی کولتووری جیاوازە. دەشڵێت: "هەزمنەکردنی کولتووری رۆژئاواییە لە لای تاکی رۆژهەڵاتی و بەریەککەوتنی نەریت و شەرمە لەگەڵ ژینگەیەکی کراوەدا."

 

بژار حەکیم ساڵی 1982 لە هەولێر لەدایکبووە. نووسەر و رۆژنامەنووسە، لە ساڵی 2000 لە چەندین دامەزراوەی میدیایی وەک هەفتەنامەی هەواڵ، رووداو، رۆژنامەی پێگە، رادیۆی نەورۆز، کاری کردووە و ئێستاش جێگری نەقیبی رۆژنامەنووسانی کوردستانە. ئەندامی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی رۆژنامەنووسان و ئەندامی لقی هەولێری یەکێتیی نووسەرانی کوردە.
 
کتێبە چاپکراوەکانی:
 
دەنگی وشەکان_ گوتاری رۆژنامەنووسی_ ساڵی 2010
ئاوازێک لە قەدی گەڵا_ شیعر_ 2011
هەناری رەش_ شیعر_ 2012
پەیڤ و مانا_ لێکۆڵینەوەی ئەدەبی_2016
برینی ئاوێنەکان_ شیعر_ 2018
ئەلیف، شیعر، ژمارەیەک نووسەر، 2019
میدیای پۆپۆلیستی: 2026