خەڵاتی نۆبڵی ئەدەب دەدرێتە ئانێ ئارنۆی، نووسەری فەرەنسی


رووداو دیجیتاڵ

ئانێ ئارنۆی، خانمە نووسەری فەرەنسی خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبی ئەمساڵی بردەوە. 
 
ئەکادمیای نۆبڵ رایاگەیاند، "بەهۆی ئازایەتی" لە خستنەڕووی بیرەوەری و ئاستەنگەکانی، خەڵاتەکەیان بە نووسەرەکە داوە. 
 
خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبی ساڵانە لەلایەن ئەکادیمیاییە سوێدییە 18 ئەندامییەکەوە دەبەخشرێت. خەڵاتەکە رێزلێنانێکە بۆ کۆی کارە ئەدەبییەکانی نووسەرەکە. 
 
براوەی خەڵاتەکەی ئەمساڵ، جگە لە میدالیایێکی زێڕ، 913 هەزار دۆلاری ئەمریکیش وەردەگرێت. ئانێ ئارنۆی، تەمەنی 82 ساڵە، خاوەنی زیاتر لە 20 پەرتووکە، کە لە زۆربەیاندا، لە روانگەیەکی کۆمەڵناسانەوە، باس لە ژیانی تایبەتی خۆی دەکات. 
 
ئێرنۆی لە هەڤپەیڤینێکیدا لەگەڵ میدیای سوێدی، خەڵاتەکەی بە "شەرەفێکی گەورە" و "بەرپرسیارێتییەکی گەورە" ناوی برد. 
 
پەرتووکەکانی خانمە نووسەرەکە، کە بەشێکیان ماوەی چەندین دەیەیە لە قوتابخانەکانی فەرەنسا دەخوێنرێن، تێگەیشتنێکی ورد و درشت بۆ ژیانی کۆمەڵایەتیی فەرەنسای سەردەم، بەدەستەوە دەدەن. 
 
هەروەها پەخشانە روونەکەی باس لە گەشتی نووسەرەکە دەکات لە کچێکی چینی کرێکارەوە بۆ چینی ئەدیب و نووسەر، لەو سۆنگەیەشەوە، لێکدانەوەیەکی رەخنەگرانە بۆ چینایەتیی کۆمەڵگە و هەستە ئاڵۆزەکانی خۆی دەکات. 
 
ئەکادیمیای نۆبڵ ئاماژەی بەوە کرد: "لە نووسینەکانیدا، ئێرنۆی بەردەوام و لە گۆشەی جیاوازەوە، لە ژیانێکی پڕ لە جیاکاریی گەورەی پەیوەست بە رەگەز، زمان و چینایەتی، دەکۆڵێتەوە." دەشڵێت: "کارەکانی پتەون و بە زمانێکی سادە و روون نووسراون."
 
ناوی بەربژێرەکانی خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبی، کە بۆ ماوەی 50 ساڵ بەشاراوەیی دەمێننەوە، لە لایەن ئەندامانی ئەکادیمیا و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی.
 
لیژنەیەکی بچووکتر دوو جار لیستی ناوەکان کورت دەکاتەوە، تا لە کۆتاییدا پێنج ناو بە ئەکادیمیاکە دەدات. دوای پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندنی کاری ناوە بەربژێرکراوەکان، ئەکادیمیاکە لە مانگی ئۆکتۆبەر، براوەیەک هەڵدەبژێرێت.