چیرۆکی مانگا

 
رووداو دیجیتاڵ
 
مانگا، بە زوانی ژاپۆنی 漫画 بەم نیگارە دەنووسرێت، ئەم دەربڕینەیە کە ژاپۆنییەکان بۆ (چیرۆکی وێنەیی(1)، یان چیرۆکێک وێنەی هێڵکاریی لەگەڵ دەکێشرێت)، دەری دەبڕن. هەروەها ئەم گوزارەیە لە دەرەوەی ژاپۆنیش گوزارشت لە چیرۆکی وێنەیی (کە لە ژاپۆندا داهێنراوە و نووسراوە) دەکات، یان ئەو چیرۆکە وێنەییەی بەم شێوازە دەکێشرێت کە بە شێوازی نووسینی ژاپۆنی (هێڵکاری) دەچێت. ئەم دەربڕینە، ئاماژەیە بۆ دروستکردنی پێبەست بەم جۆرە هونەرە، هەروەها بۆ پێداویستییەکانی راگەیاندنیش کە لە رێگەیەوە بڵاو دەکرێنەوە، وەک (گۆوار و تاد...) بە کار دەهێنرێت.
 
چیرۆکی مانگا، لە ژاپۆندا، گوزارشت لە دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی دەکات، لە زۆرینەی بابەتەکاندا بەنێزیکەیی چەشنی (رۆمانتیک، ماجەراکان، خەیاڵی زانستی، کۆمێدیا و تاد...) دەدوێت، هاوکات رووی هەموو توێژەکانی کۆمەڵگە پیشان دەدات. 
 
ئەم چیرۆکە هونەرییە، بە یەکێک لە سەرکەوتووترین نموونەی چیرۆکی وێنەیی ژاپۆنییەکان لە جیهاندا، هەژمار دەکرێت. هەروەها بڵاوکردنەوەی هەفتانەی چیرۆکی مانگا لە ژاپۆندا، یەکسانە بە بڵاوکراوەی ساڵانەی دروستکردنی چیرۆکی وێنەیی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکادا (کۆمیک)، ئەوەیش بە هۆی زۆری خواست و پێشوازیی خوێنەرەوەیە.
 
چیرۆکی مانگا، لە سەرەتای هەشتاکانی سەتەی رابردوودا، سنووری نیشتمانی گەلانی ئەورووپا و رۆژاوای بەزاند؛ لەگەڵ شەپۆلی بڵاوبوونەوەی ئەنیمی (وێنەی جووڵاوی ژاپۆنی) بە هورووژم دەستی بەسەر شاشەی تەلەفزیۆنە ئەوروپاییەکاندا گرت. ئەمەیش بە تایبەت لە نێوان گەنجاندا ویستێکی زۆری لەسەر بوو.
 
رەگوڕیشەی وشەی مانگا
 
رەگوڕیشەی وشەی "مانگا" بۆ پەیڤەیلی "کانجی" "漫画" ژاپۆنی دەگەڕێتەوە، کە سوودیان لە واژەکانی(漫)(مان) واتا (کەسایەتییەکی نامۆ و سەیر)، وێژەی (画)(گا)یش واتا (وێنە) وەرگرتوون. هەروەک وێژەی "مانگا" لە زوانی ژاپۆنیدا بە وێنەی جووڵاو، کاریکاتێر، تەکنیکی وێنەجووڵاوەکان کە بە ئەنیمی بەناوودەنگە، لە دەرەوەی ژاپۆندا و ژمارەیەک لە وڵاتانی جیهاندا، دەستنیشان کراوە و هەمووان لەخۆ دەگرێت. واژەی "وێنەجووڵاوە ژاپۆنییەکان" سوود لە هونەری "چیرۆکی مانگا"وە دەبینن و وەک ئەوەی ئێستە کە وشەی "ئەنیمی" لە ژاپۆن و دەرەوەی ژاپۆندا بۆ بە کار دەهێنن.
 
یەکەم جار، ئەم وشە لێکدراوە، لە کۆتاییەکانی سەتەی هەژدەدا، لە دەمی بڵاوبوونەوەی کارە وێنەییەکانی (سانتۆ کیۆدن) بە نێونیشانی (Shiji no yukikai) کە وەک کتێب لە ساڵی (1798)دا چاپ کراوە، بەکارهێنراوە. هەروا لە سەرەتاکانی سەتەی نۆزدەدا، لە کارێکی دیکەی وەک مانگادا بە نێوی (Hyakujo) کە لە ساڵی (1914)دا ئیکاوا میناوا بڵاوی کردووەتەوە، لەگەڵ مانگای هوکوسای بەهێزەکان (1814 – 1834) کە لە وێنەی جۆراوجۆری "ئەوکییەوە" بە هونەرمەندی ناودار و باوکی رووحی (هوکوسای) ناسراوە، وشەی "مانگا" هاتووە. هاوکات واکۆتین کیتازاوا (1876 – 1955) یەکەم کەسە کە واژەی "مانگاکا"ی بە واتایەکی نوێ دە کار بردووە، پەیڤی مانگا روونە، وەلێ وشەی "کا" بە واتای ئەزموون و لێهاتوویی دێت، لە نووسینی ئەم هونەرەدا، زێدەی کردووە.
 
مێژووی چیرۆکی مانگا
 
مێژووی دروستبوونی چیرۆکی مانگا بۆ هێڵکارییەکانی سەتەی دوازدەیەم دەگەڕێتەوە، وای بۆ دەچن کە لە بنەڕەتدا شێوازی خوێندنەوەی لە راستەوە بۆ چەپ بووە. لە سەردەمی (چاخی ئیدۆ)دا (1603 – 1867) "ئوبا ئەهون" واتای مانگای چەسپاند. بۆ یەکەم جار وشەی "مانگا" وەک پەیڤێکی میللی بە کار هێنرابێت، لە ساڵی 1798دا، لە کارێکی هاوشێوەی کتێبدا وێنەگر "شینجی نو یوکیکای لسانتۆ کیودین" بوو چەشنی وشەیەکی میللی نووسییەوە؛ لە کۆتاییەکانی سەتەی هەژدەمدا، ئادەم کیرن پێشنیازی کردووە کە کتێبی وێنەیی (کیبیوشی) لەوانەیە ببێتە یەکەم کتێبی وێنەیی لە جیهاندا. رۆمانی وێنەییکێشراو، لە هێندێ بابەتی وەک مانگای کۆمێدی، هەزەلی و رۆمانسی لەگەڵ مانگای نوێدا بەشداری دەکەن، هێندێ لەو کارانە بەشێوەیەکی زنجیرەیی بە بەکارهێنانی (چاپکەری دارین) بەرهەم هێنراون.
 
لە سەرچاوەکاندا، مێژووی مانگا دوو سەردەمی گەورەی بە خۆوە بینیوە و مانگای نوێیان پێکهێناوە. یەکێک لەو بۆچوونانەی کە لە نێو پەڕتووکی ئەمانەدا: فریدریک شودت، وکینکو ئیتۆ، ئادەم کیرن هاتوون، بەردەوامیدانە بە کولتووری رووناکبیریی ژاپۆنی و جوانییەکانی، رووناکبیری و هونەری سەردەمی پێشی جەنگی لەخۆ گرتووە؛ هەروەها سەردەمەیی (میجی) و پێش (میجی)یش. بەڵام بۆچوونەکەی تر، پاش ئەو رووداوانەی کە لەو کاتە و دوای داگیرکردنی هەڤاڵبەندانی ژاپۆنی ساڵی (1945 – 1952) کاریگەریی رووناکبیریی ئەمەریکی دەرخستووە، کە سەربازە ئەمریکییەکان چیرۆکی وێنەیی، نیگار، رێبازی تەلەفیزیۆنی، فیلم و وێنە جووڵاوەکانی ئەمریکاییان لەگەڵ خۆیان بۆ ژاپۆن هێنابوو، بە تایبەتی دیزنی.
 
بەری جەنگ، بەرەوپێشڤەچوونێکی (داهێنانی هونەری) رووی دا، دوو وێنەکێشی مانگا بە ناوەکانی: ئوسامۆ کیزوکا کە (ئەسترۆ بۆی: زنجیرەی رۆبۆتی) نووسیوە و ماجیکۆ هاسیجاوا (سازای سان: زنجیرەی کۆمێدی) بەرهەم هێناوە. بەخێرایی ئەسترۆ بۆی (تا ئێستەیش) بینەرێکی زۆری ژاپۆنی و وڵاتانی دیکەیشی بەدەست هێناوە، هەروەها گوتە و رستەکانی نێو ئەنیمی "سازای سان" کاریگەرییەکی زۆری لەسەر بینەراندا هەبوو، ئەمەیش زێتر بوو لەو ئەنیمییانەی لەسەر شاشەی کەناڵەکانی ژاپۆن لە ساڵی 2011دا پەخش دەکران. نووسەرانی وەک تیزوکا و هاسیجاوا شێوازی نوێیان بە کار دەهێنا. لە تەکنەلۆجیای سینەماییدا، پارچەکانی لاپەڕەی وێنەی جووڵاو، وردەکاریی جووڵەیەک کە لە نێزیک و هێدین لەگەڵ نێزیک و بەپەلە لەو مەودایەدا، دیمەنەکان نێزیک دەکەنەوە و دەردەخەن. دواتر وێنەکێشانیی مانگا، ئەم جۆرە داینامیکییە دیارەیان پێشنیاز کرد. سیجاوا سەرنجی خستە سەر ژیانی رۆژانە و ئەزموونی ژن لە چیرۆکی مانگادا، ناوی لێ نا "شووجوو". لە نێوان ساڵانی 1950 تاوەکو 1969دا، ژمارەیەکی زۆر لە خوێنەرانی چیرۆکی مانگا، لە وڵاتی ژاپۆندا لەگەڵ دەرکەوتنی دوو جۆرە سەرەکییەکەی چیرۆکی مانگا کە مانگای "شوونین" (چیرۆکی مانگا بۆ کوڕان) و مانگای "شووجوو" کە (کچان) دەکاتە ئامانج، زیاد بوون.
 
چیرۆکی مانگای شووجووی رۆمانتیکی نوێ، یەکێ لە تایبەتمەندییەکانی ئەوەیە، خۆشەویستی بەشێکی سەرەکییە لە چیرۆکی مانگادا، لەو رۆمانانەی کە تژینە لە سۆزداری، شیکاریی کەسی دەکەن. چیرۆکی مانگای شووجوو، کۆمەڵێ پاڵەوانی قارەمانی، وەک: میر مایند میلۆدی بیچی بیچی (بینک هاناموری)، تۆکیۆ میۆ میۆی (ڕیکۆیوشیدا) و تاد... بەخۆوە بینی؛ بوونە یەکێک لە بەناوبانگترین جۆرەکانی مانگا و ئەنیمی لە جیهاندا. کۆمەڵێ کچ بۆ زێتربوونی هەوادارانی ئەم جۆرە چیرۆکە، پێکەوە کار دەکەن، لەوانیش: لووشیا، هانوون، رینا و تاد...
 
چیرۆکی مانگا بۆ کوڕان بەپێی تەمەن بەش کراوە: مانگای شوونین بۆ خوارەوەی ١٨ ساڵانە کە لاوان دەگرێتەوە، مانگای سینین لە 19 ساڵەوە تاوەکو 30 ساڵ دەگرێتەوە، کە مەبەست لێی گەنجانن؛ هەروەها ناوەرۆکەکان چیرۆکی چالاکی و سەرکێشین، زۆرینەیان پاڵەوانانی نێر لەخۆ دەگرێت؛ کۆمێدیی هەزەلی، بابەتەیلی شەرەف و هێندێ کات گانگانۆکێی ئاشکران. ژاپۆنییەکان، کانجی بە کار دەهێنن بە نزیکەیی واتای (سینین) (青年)  کە بە واتای (جەوان، لاوان) دێت، هاوکات وشەی (成年) دەنووسن کە زۆرینەیان پێگەیشتوون (باڵق بوون). ئەمەی دووەمیان (成年) واتای مانگای ورۆژێنەر دەگەیەنێت کە بۆ پێگەیشتووانە، بە (مانگای سیجین) ناوزەد کراوە. چیرۆکەکانی مانگای (شوونین، سینین و سیجین)، لە هێندێ تایبەتمەندیدا پێک دەچن.
 
لە دوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە، لاوان و گەنجان یەکەمین خوێنەرانی مانگا بوون؛ لە پەنجایەکانی سەتەی بیستەمەوە تا ئێستە، چیرۆکی مانگای شوونین تیشکی خستە سەر ئەو بابەتانەی گرنگیی بە گەنجێکی نموونەیی دەدەن، کە رۆبۆتەکان، گەشتی ئاسمانی و پاڵەوانیەتییە سەرکێشەکانی پڕن لە ئاکشن. هەروەها خەیاڵی زانستی، تەکنەلۆژیا، وەرزش و بەهێزەکان بەناوبانگترین بابەتەکانی چیرۆکی مانگان.
 
(1)"چیرۆکی وێنەیی" ئەم وشەیە، لەگەڵ وشەی (Photo Story) فۆتۆستۆری ئینگلیزیدا جیاوازە؛ چونکە فۆتۆستۆری بەبێ وشە و رستە چیرۆکێکی وێنەیی دەگێڕێتەوە، بەڵام مانگا بە وشە، رستە و هێڵکاریش چیرۆکی مەبەست دەگێڕێتەوە. فۆتۆستۆری پێویستە سەرەتا بنووسرێتەوە، دواتر کێشەیەک بدۆزیتەوە و پەیامێک ئاڕاستەی بینەر بکەیت، دواجار ئەم چیرۆکەی نووسراوەتەوە بیکەیتە وێنەی نەجووڵاو، لێ چیرۆکی مانگا شێوازی گێڕانەوەی تایبەت بە خۆی هەیە وەک لە سەرەوەدا خراوەتە بەر باس. فۆتۆستۆری زۆر جار رۆژنامەڤان سوودی لێ دەبینێ و وەک فۆتۆجۆڕناڵیزم بە کاری دەهێنن، وتاریشی لەگەڵ دەنووسرێت، دەشێ بۆ بابەتی ژیننیگاری (بایۆگرافی) کەسایەتییەک، یان چەندان بابەتی دیکەی کاریگەر سوودی لێ وەربگیرێت، کەسانی نەخوێندەواریش دەتوانن لێی بگەن، ساتێ بیانخاتە بەردەم هۆشیاری و بیرکردنەوەوە؛ هاوکات لە چیرۆکی مانگایشدا ئەم خاڵانە هەن، بەڵکە لە چیرۆکی مانگادا بینەر هەست بە قووڵی رووداوەکان دەکات و ئاوێزانی یەکدی دەبن. نووسەری چیرۆکی مانگا پێویستە شێوەکار و چیرۆکنووس بێت، بەڵام فۆتۆستۆری دەشێ تەنێ فۆتۆگرافەر بێت، یان کەسێکی ئاسایی بێت، نەک هونەرمەند و نووسەر. (وەرگێڕ).
 
(2) چیرۆکی مانگا، لە وڵاتانی عەرەبیدا گرنگیی پێ نادرێ و هیچ کۆمپانیایەکی عەرەبیی نییە ئیشی لەسەر بکات، بەڵام تەنیا گرنگیی بە ئەنیمی ژاپۆنی دەدەن و کاری لەسەر دەکەن، وەک (گراندایزەر) کە لە ساڵی 1975 بەرهەم هێنراوە، کراوەتە عەرەبی و بە وڵاتانی عەرەبیدا بڵاوکراوەتەوە. هەروەها لە ساڵی 2008دا، بۆ یەکەم جار لە ئیماڕاتی عەرەبیدا ژمارەیەک گۆڤار لە شێوەی (چیرۆکی وێنەیی) چەشنی چیرۆکی مانگا بە رەشوسپی چاپ کران، یەکەم گۆڤاریش بە ناوی (خەیاڵ) بڵاو کراوەتەوە. بە شێوەیەکی گشتی، لە رۆژهەڵاتی ناوین و ئاسیادا، چیرۆکی مانگا هێندە گرنگیی پێ نەدراوە، هەوڵی لاساییکردنەوەیشی رەنگە نەبێت، بەو شێوازە فرەوانەی کە ژاپۆنییەکان هەوڵ دەدەن لە رێگەی ئەم چیرۆکەوە، مێژوو، کولتوور و رووناکبیرییان بە دنیا بناسێنن. لە هەر چوار پارچەی کوردستانیشدا، کاری لەسەر نەکراوە و هیچ کتێبێک، یان نووسراوێک لەبارەی ئەم چیرۆکەوە چاپ نەکراوە. (ئەم هەوڵەی بەندە، یەکەمین هەوڵە بە زوانی کوردی دراوە!) هاوکات ساڵانی بەری، لە بانگەوازێکی نووسینگەی قونسوڵگەریی ژاپۆن – هەولێردا، هەوڵ درا نووسەرانی کوردیش بتوانن لاسایی ئەم هونەرە بکەنەوە (وەک هایکو)، پێشنیازی فێستیڤاڵ و خەڵاتیش کرابوو. (وەرگێڕ)
 
لە عەرەبییەوە: ژیڤان بەکر
سەرچاوە: 
https://ar.wikipedia.org/wiki/%D9%85%D8%A7%D9%86%D8%BA%D8%A7