دایکی هونەرمەند ئەردەڵان بەکر کۆچی دواییکرد


هەولێر دیجیتاڵ

دایکی هونەرمەندی کۆچکردوو "ئەردەڵان بەکر" کۆچی دواییکرد. کوڕێکی دەڵێت: "هۆکاری نەخۆشیی خوێنبەربوونی ناوەکی نێو هەناوی بووە."
 
ئەمڕۆ شەممە، 30ـی ئابی 2025، شوان بەکر، برای هونەرمەندی کۆچکردوو ئەردەڵان بەکر بە رووداوی گوت: "دایکم ئەمڕۆ ئێوارە بە نەخۆشی و لەدوای نەشتەرگەرییەکی پێویست کە دکتۆر داوای کردبوو، کۆچی دواییکرد."
 
بە گوتەی شوان بەکر، دایکیان ماوەیەکی درێژە نەخۆشە و لە ماڵەوە خزمەتی دەکەن؛ دواجار دکتۆر گوتوویەتی تووشی خوێنبەربوونی ناوەکی بووە و نەخۆشییەکە لەنێو هەناویەتی، پێویستە نەشتەرگەری بۆ بکرێت.
 
فەخرییە عومەر، دایکی ئەردەڵان بەکر لە ساڵی 1949 لە دایک بووە و ئەم ئێوارەیە بەهۆی نەخۆشیی خوێنبەربوونەوە لە تەمەنی 76 ساڵی کۆچی دواییکرد.
 
شوان بەکر ئاماژەی بەوەشدا، "دایکمان لە گۆڕستانی شێخ ئەحەمەدی هەولێر و لە تەنیشت هونەرمەندی کۆچکردوو دەنێژین."
 
ئەردەڵان بەکر 25ـی ئەیلوولی 1967 لە شاری هەولێر، لە دایک بووە و خاوەنی چەندین بەرھەمی گۆرانییە. لە ساڵی 1986 یەکەم کاسێتی خۆی بڵاوکردووەتەوە. لە سەرەتای ساڵانی 1991دا، لەدوای راپەڕینە مەزنەکەی کوردستان، لەگەڵ کۆڕەوە جەماوەرییەکەی 31ـی ئازاری ئەو ساڵە کوردستانی بەجێھێشت و رووی کردە دەرەوەی وڵات. پاش ماوەیەک لە وڵاتی سوێد گیرسایەوە. 
 
ئەردەڵان لە نەورۆزی 2008دا، لەلایەن کۆمپانیای کۆڕەک میوزیک بۆ یەکەمین جار دوای چەندین ساڵ دووری، گەڕایەوە بۆ کوردستان و چەند ئاھەنگێکی لە شاری ھەولێر ساز کرد.
 
ئەردەڵان بەکر لە 10ـی تشرینی یەکەمی 2009 بەھۆی نەخۆشیی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی کارۆلینسکای ستۆکھۆڵم کۆچی دواییکرد. دواتر تەرمەکەی گەڕێندرایەوە بۆ ھەولێر و لە گۆڕستانی شێخ ئەحمەد بەخاک سپێردرا. دوای مردنیشی پەیکەرێکی رێزلێنانی لە پارکی منارە بۆ دروستکرا، پەیکەرەکە لە رۆژی 6ـی ئازاری 2014 داندرا.