FDA بەکارهێنانی دەرمانێکی نوێی ئازارشکێن پەسنددەکات

رووداو - تەندروستی 

دەزگای خۆراک و دەرمان لە ئەمریکا پەسندکردنی دەرمانێکی ئازارشکێنی راگەیاند و دەڵێت: نابێتەهۆی ئالوودەبوون و کاریگەرییە لاوەکییەکانی بەراورد بە ئازارشکێنەکانی ئێستا کەمترە.
 
دەزگای خۆراک و دەرمان FDA لە ئەمریکا دەریدەخات، دەرمانەکە ناوی Suzetrigine و ناوە بارزگانییەکەی بە Journavx بە رێژەی 50 میلیگرام لە هەر 12 کاژێر جارێک بەکاردێت و بەردەست دەبێت.
 
دەرمانەکە دوای سەرکەوتنی لە تاقیکردنەوە کلینیکییەکان دێت و لە شێوەی دەنکۆڵەیە کە نرخەکەشی نزیکەی 15 دۆلارە.
 
جاکلین کۆریگن، بەرپرسێکی سەنتەری لێکۆڵینەوەی FDA دەڵێت: دەرمانەکە بۆ ئازاری لەناکاو و مامناوەند بەکاردێت و لە گرووپی دەرمانە ئۆپۆیدەکان نییە کە زۆربەکارهێنانیان دەبنەهۆی ئالوودەبوون.
 
لەبارەی کاریگەرییە لاوەکییەکانییەوە جاکلین کۆریگن گوتی، دەشێت {خوران، گرژبوونی ماسوولکەکان و پەڵەی پێست} زۆر بە دەگمەنی رووبدەن.
 
پەیمانگەی نیشتمانیی ئەمریکی بۆ دەرمان بڵاویکردووەتەوە، ئازارشکێنەکان {ئۆپۆیدەکان} گرووپێکی دەرمانن بۆ کەمکردنەوە و نەهێشتنی ئازار بەکاردەهێندرێن، پەیمانگەکە روونی دەکاتەوە، هەندێک ئازارشکێن بەهۆی کاریگەریی لاوەکییانەوە دەبێت لەژێر راوێژی پزیشکی پسپۆڕ بەکاربهێندرێن، چونکە دەشێت ببنەهۆی ئالوودەبوون و مەترسیی بخەنە سەر ژیانی کەسەکە.
 
بەگوێرەی ئامارەکانی ناوەندی کۆنتڕۆڵکردن و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان لە ئەمریکا، 30٪ـی دانیشتووانی وڵاتەکە دەرمانە ئازارشکێنەکان بەکاردەهێنن، هەروەها لە 2022دا نزیکەی 92 هەزار کەس بەهۆی زۆربەکارهێنان و هەڵەبەکارهێنانی ئازارشکێنەکانەوە گیانیان لەدەستداوە.