پسپۆڕێکی نەشتەرگەری: رۆژئاوای کوردستان پێویستیی بەپەلەی بە ئامێری هۆڵی نەشتەرگەریی هەیە

رووداو - تەندروستی

پسپۆڕێکی نەشتەرگەریی ئێسک و شکان لە رۆژئاوای کوردستان رایدەگەیێنێت، کەرتی تەندروستی لە ناوچەکەدا بە دۆخێکی سەختدا تێدەپەڕێت و بەهۆی داخرانی رێگەکانەوە رووبەڕووی کەمیی ئامێری پزیشکی و دەرمان بوونەتەوە، بەتایبەتی لە هۆڵەکانی نەشتەرگەریدا.
 
ئەمڕۆ شەممە 31-1-2026 د. شێران حوسێن، پسپۆڕی نەشتەرگەریی ئێسک و شکان لە بوڵتەنی تەندروستی رایگەیاند، "دۆخی رۆژئاوای کوردستان بەتایبەت هۆڵەکانی نەشتەرگەری پێویستیی زۆری بە پێداویستییەکانی نەشتەرگەری، ئامێری ئۆکسجین و دەرمانی سڕکەر هەیە کە ئێستا کەمن، زۆرێک لە ئامێرەکان زۆر کۆن بوون و پێویستییان بە گۆڕین هەیە."
 
د. شێران حوسێن ئاماژەی بەوەشکرد، "بەهۆی داخرانی رێگەکانەوە، بە زەحمەت ئامێری پزیشکیمان دەگاتە دەست، بۆ نموونە، ئامێری رینینمان هەیە، بەڵام کواڵیتییەکەی باش نییە."
 
سەبارەت بە دەرمان، د. شێران حوسێن دەڵێت، "زۆرێک لە دەرمانەکان لە هەرێمی کوردستانەوە بۆمان دێت، بەڵام بەهۆی داخرانی رێگەکانەوە گەیاندنیان بۆ نێو شارەکان زۆر زەحمەت بووە."
 
ئەو پسپۆڕەی نەشتەرگەریی ئێسک و شکان داوای هاوکاری لە رێکخراوە مرۆییەکان کرد و گوتی، "داوا لە رێکخراوە مرۆییەکان دەکەم هاوکاریی رۆژئاوای کوردستان بکەن، راستە پزیشکان لە هەرێمی کوردستانەوە هاتوون و یارمەتیی هاونیشتمانیان دەدەن، بەڵام هیچ ئامێرێکی پزیشکی، بەتایبەت ئەوانەی هۆڵی نەشتەرگەری، بە دەستمان نەگەیشتووە و پێویستیی زۆرمان پێیەتی."