پسپۆڕێکی دەروونی: دۆخی دەروونیی هاونیشتمانییانی رۆژئاوای کوردستان خراپە
رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی دەروونی لە رۆژئاوای کوردستان رایگەیاند، بەهۆی شەڕ و کۆچکردنەوە گوشارێکی زۆری دەروونی لەسەر هاونیشتمانییانی رۆژئاوای کوردستان دروستبووە و دۆخی دەروونییان خراپە.
ئەمڕۆ 1-2-2026 د. مەحموود بەدرخان پسپۆڕێکی دەروونی هۆکاری سەرەکیی خراپیی باری دەروونیی هاونیشتمانییانی بۆ زۆریی کۆچکردن گەڕاندەوە و گوتی، "هەندێک هاونیشتمانی هەن 2 بۆ 3 جار لە ژیانیاندا کۆچیان کردووە."
بە گوتەی د. مەحموود بەدرخان، نەخۆشییە دەروونییەکانی وەک تەنگژەی دەروونی، قەلەقیی بەردەوام و دڵەڕاوکێ لەنێو خەڵکدا زیادیان کردووە، هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد شەڕکردن وایکردووە خەو لەنێو هاونیشتمانییان کەم ببێتەوە و ترسی بەردەوامیان هەبێت.
د. مەحموود بەدرخان، ئەوەشی خستەڕوو کە نەخۆشییە دەروونییەکان لەنێو منداڵانی رۆژئاوای کوردستانیشدا بە رێژەیەکی بەرچاو زیادیان کردووە.