تەندروستیی ئێران داوای خوێنبەخشین دەکات
رووداو - تەندروستی
بەڕێوەبەرایەتیی قەیرانەکان لە وەزارەتی تەندروستیی ئێران چەند داوا و هۆشدارییەک ئاڕاستەی هاووڵاتییانی دەکات بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە پارێزراو بن و کەمترین زیانیان بەربکەوێت، هەروەها داوای خوێنبەخشینیش دەکات.
بەڕێوەبەرایەتیی قەیرانەکان لە وەزارەتی تەندروستیی ئێران داوا لە خەڵک دەکات، هێمنی و ئارامی بپارێزن و لە شوێنی سەلامەت لە ماڵ و شوێنەکانی نیشتەجێبوونیان بمێننەوە.
وەزارەتی تەندروستیی ئێران رایدەگەیێنێت، جانتای فریاگوزاریی سەرەتایی لەگەڵ ئاو و خۆراکی پێویست لە شوێنێکی سەلامەت هەڵبگیرێن و لە ئەگەری هەر تەقینەوەیەکیش گوێ و دەم بگیرێت.
ئاماژەشی بەودا کە لەم کاتەدا بەخشینی خوێن پێویستە و هەم سوود بە تەندروستیی خوێنبەخش دەدات هەمیش ژیانی کەسانی دیکە لە مردن رزگار دەکات.
لە خاڵێكی دیکەدا بەڕێوەبەرایەتیی قەیرانەکان دەڵێ، دایک و باوکان ئاگاداری گفتوگۆکانیان بن و لەبەردەم منداڵەکانیان هەواڵی ناخۆش و مەترسیدار باس نەکەن، چونکە ئەو توێژە بە ئاسانی دەروونییان کاری تێدەکرێت و کاردانەوەی خراپ و درێژخایەنیان لەسەر دەبێت.
نزیک کاژێر 09:00ی بەیانیی رۆژی شەممە 28ی شوبات، بە هێرشی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر چەند بنکە و ناوەندێکی ئەمنی و سەربازی، شەڕی دووەم لە نێوان ئێران و ئەمریکا/ئیسرائیل دەستیپێکرد. حکومەت و هێزە سەربازییەکانی ئێران تاوەکو ئێستا بە فەرمی ناوی ئەو شوێنانەیان بڵاونەکردووەتەوە، کە کراونەتە ئامانج و هەروەها زەرەر و زیانەکانیشیان رانەگەیاندووە.
سێ کاژێر دوای دەستپێکردنی هێرشەکان، ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران لە راگەیێندراوی ژمارە یەکدا رایگەیاند، بەپێی ئەو زانیارییانەی پێیان گەیشتووە، هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر تاران و چەند شاری دیکە بەردەوام دەبێت. لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئامادەکاری پێشوەختەیان بۆ ئەو هێرشە کردووە و هێزە چەکدارەکانی ئێران وەڵامی تووند بە هێرشەکەی ئەمریکا و ئیسرائیل دەدەنەوە.
ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران رایگەیاندووە، قوتابخانە و زانکۆکان دەکرێنە پشوو و داوا لە خەڵک دەکات، ئەگەر بۆیان دەکرێت، تاران جێبهێڵن و بچنە شارەکانی دیکە، تاوەکو زیانیان پێ نەگات.