مەترسیی بڵاوبوونەوەی ئەنفلەوەنزای بەراز لە ئیسپانیا هەیە

رووداو - تەندروستی

وەزارەتی تەندروستیی کەتەلۆنیا رایدەگەیێنێت، تووشبوویەکی ئەنفلەوەنزای بەراز تۆمار کراوە.
 
بەرپرسانی تەندروستیی ئیسپانیا ئاشكرای دەکەن، ئەو تووشبووە پیاوێکی 83 ساڵ بووە و دانیشتووی شاری یێیدایە، 
 
بەپێی نەخۆشخانەی گشتیی شارەکە، دۆخی تەندروستیی تووشبووەکە باشە، بەڵام ئەوەی جێگەی گومانە ئەو پیاوە هیچ بەرکەوتنێکی لەگەڵ بەراز و کێڵگەی بەرازدا نەبووە، بۆیە پێیان وایە لەڕێگەی کەسێکەوە تووشی ڤایرۆسەکە بووبێت.
 
حکومەتی کەتەلۆنیا رێکخراوی تەندروستیی جیهانی ئاگادار کردووەتەوە کە ڤایرۆسەکە بڵاو بووەتەوە، بەڵام مەترسییەکەی کەمە.
 
نیشانە و رێگەکانی خۆپاراستن لە ئەنفلەوەنزای بەراز
 
لەساڵی 2009، زاناکان زنجیرەیەکی ڤایرۆسی ئەنفلەوەنزایان ناسی کە بە H1N1  ناسراوە، لەڕاستیدا ئەم ڤایرۆسە تێکەڵەیەکە لەو ڤایرۆسانەی کە تووشی بەراز و باڵندە و مرۆڤ دەبن. لەبەر ئەوەی خەڵکێکی زۆر تووشی ئەو نەخۆشییە بوو لەوەرزی ساڵی 2009 تاوەکو 2010، رێکخراوی تەندروستیی جیهانی رایگەیاند، ئەو ئەنفلەوەنزایەی لەڕێگەی ڤایرۆسی H1N1 دەگوازرێتەوە، پەتایەکی گشتگیری جیهانییە.
 
نیشانەکان لە مرۆڤ 
 
• تا (بەڵام لە هەندێک کاتدا)
• لەرزین
• کۆخە
• هەوکردنی قورگ
• گیرانی لووتەکان
• سووربوونەوە و ئاوکردنی چاوەکان
• ئازاری جەستە
• سەرئێشە
• هیلاکیی بەردەوام
• سکچوون
• هێڵنج و رشانەوە 
 
خۆپاراستن لە ڤایرۆسەکە؛
 
1- شووشتنی دەستەکان بەمەرجێک زیاتر بێت لە 20 چرکە.
2- بەکارهێنانی مادەی پاکژکەرەوە بۆ سەر مێز و کەلوپەلەکانی دەوروبەرت.
3- بایەخ بە خواردنی سەوزە و میوەکان بدە بەتایبەت مزرەمەنییەکان.
4- رۆژانە ئاوی پێویست بخۆرەوە.
5- نزیک مەکەورەوە لە کەسی تووشبوو.
6- کەسانی تووشبوو لەکاتی کۆکە و پژمە کلێنکس بەکاربهێنن.
7- دوورکەوتنەوە لە شوێنی قەرەباڵخ.
8- هەواگۆڕکێ لەنێو ماڵدا هەبێت.
9- کوتان بە ڤاکسینی ئەنفلەوەنزای وەرزی.
10-  دەرزیی تێکەڵە بەکارمەهێنە، چونکە بەرگریی جەستە لاواز دەکات.
11- بە ئاوی شلەتێن یاخود سارد خۆتبشۆ، چونکە بەرگریی جەستە بەهێز دەکات.