توێژینەوەیەک: کەمخەوی مەترسیی تووشبوون بە بەرزە پەستانی خوێن زیاد دەکات
رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەک لە ئەمریکا دەریخستووە، ئەو کەسانەی کێشەی کەمخەوی و هەناسەتەنگیان لەکاتی نووستندا پێکەوە هەیە، مەترسیی تووشبوونیان بە نەخۆشییەکانی دڵ و بەرزە پەستانی خوێن زیاترە.
توێژینەوەکەی زانکۆی یەیڵ لە ئەرمیکا لەسەر نزیکەی 1 ملیۆن کەس کراوە و بۆی دەرکەوتووە، تێکەڵبوونی کەمخەوی و وەستانی هەناسە لەکاتی نووستندا، بارگرانییەکی زۆر لەسەر دڵ دروستدەکات و مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکان زیاد دەکات.
د. ئالیسن گافی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی دڵ لە زانکۆی یەیڵ و سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە رایگەیاند: "پێویستە کێشەکانی خەو وەک هۆکارێکی سەرەکیی مەترسی بۆ نەخۆشییەکانی دڵ سەیر بکرێت و هەردوو کێشەی کەمخەوی و هەناسەتەنگی لەکاتی خەودا پێکەوە هەڵبسەنگێندرێن و چارەسەر بکرێن نەک بە جیا."
د. ئالیسن گافی دەڵێت "خەو بۆ رێکخستنی سیستمی دڵ و خوێنبەرەکان زۆر گرنگە، لەکاتی خەوێکی تەندروستدا دڵ و خوێنبەرەکان کاتیان هەیە بۆ پشوودان چاککردنەوە و نوێبوونەوە، کاتێک خەو بەهۆی زۆر بەخەبەرهاتنەوە کەمخەوی یان وەستانی هەناسە تێکدەچێت، سیستمی دڵ و خوێنبەرەکان ئەو کاتە گرنگەی چاکبوونەوە لەدەستدەدەن."