پزیشکێکی پسپۆڕ: ئەو منداڵانەی شیری قوتوو دەخۆن، ئەگەری تووشبوونیان بە چەندین نەخۆشی هەیە

هۆرڤان رەفعەت
رووداو - سلێمانی

لە 15 وڵاتەوە چەندین جۆر شیری جیاوازی منداڵان بە قەبارە و کوالێتیی جیاواز لە بازاڕەکان بەردەستن، لەنێو ئەو هەموو شیرەدا جیاکردنەوەی شیری باش و خراپ لەیەکدی سەخت بووە.

بە گوتەی بەشێک لە فرۆشیارانی شیری منداڵان، بۆ ساخکردنەوەی ئەو جۆرە جیاوازانەی شیر، بەشێک لە بریکارانی کۆمپانیاکانی شیر، لەگەڵ بەشێک لە پزیشکانی تایبەت بە منداڵان رێککەوتوون تاوەکو بەرهەمەکانی ئەوانیان بۆ بنوسن.
 
عەباس قادر ماوەی 18 ساڵە فرۆشیاری شیرە، بە رووداوی گوت "لەنێوان بەشێک لە پزیشکان و بەشێک لە بریکاری کۆمپانیاکانی فرۆشتنی شیر رێککەوتن هەیە و گرێبەستی گەورە گەورە دەکەن لەگەڵ پزیشکەکان تاوەکو شیرەکانی ئەوان ساخ بکەنەوە، تەنانەت پزیشک هەیە لەگەڵ چەند کۆمپانیایەک کار دەکات و شیریان بۆ ساخ دەکاتەوە، کاتێکیش ئەو پزیشکە بە دایک و باوکی منداڵان دەڵێن فڵانە جۆر شیر بەکاربهێنن، ئەوان ناچار گوێ لە پزیشکەکە دەگرن".

ئیسماعیل حەمید، فرۆشیارێکی دیکەی شیرە و دەڵێت "لە بازاڕەکان شیری منداڵان جۆری زۆرە، بەڵام هەموویان بە کوالێتیی کۆنترۆڵدا رۆشتوون و لە پشکنین دەرچوون، لە بازاڕەکان هیچ جۆرە شیرێک نییە کە ساختە بێت یان زۆر خراپ بێت، بەڵام دەگونجێت شیری کوالێتی نزم هەبێت، ئەویش نرخی هەرزانە، بەڵام کەمن".

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی، بە نووسراوێک ئەو مەترسییەی ئاراستەی تەندروستیی سلێمانی کردووە، روونیکردووەتەوە کە زیاتر لە 50 جۆر شیری منداڵان لە بازاڕەکاندان، بەشێکیان کوالێتییان زۆر خراپە و گومان دەکرێت بە بەرتیلدان ساخ بکرێنەوە.

د. پشدەر عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند "لە هەموو وڵاتێکی جیهان سێ بۆ پێنج جۆر شیری منداڵان هەن، بەڵام لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 50 جۆر هەن، ئەوەش مەترسییەکی گەورەیە و دەبێت حکومەت بە زوویی ئەو دۆخە رابگرێت".

سەرەڕای رێنوێنیی بەردەوامی پزیشکانی پسپۆڕی منداڵان بەوەی کە شیری دایک دەیان جار و لە دەیان رووەوە لە شیری وشکی قوتوو باشترە، بەڵام هێشتا لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان خواستی زۆر لەسەر شیری قوتووە.

د. خالید حەمە ساڵح، پزیشکی پسپۆڕی منداڵانە و ئاماژە بەوە دەکات "بەپێی لێکۆڵینەوەکان، هەریەکە لە نەخۆشییەکانی هەوککردنی جگەر و سییەکان و سنگ و کۆئەندامی هەناسە و زۆرینەی نەخۆشییە ڤایرۆسییەکانی دیکە، تووشی ئەو منداڵانە دەبن کە شیری وشکی قوتوو دەخۆن، تەنانەت ئێمە تاوەکو یەک منداڵمان بۆ دێتە نەخۆشخانە کە شیری دایکی خواردبێت و نەخۆش بێت، ئەوا 100 منداڵمان بۆ دێت کە تووشی نەخۆشی بووە و شیری قوتووی خواردووە نەک شیری دایک".

بۆ چارەسەری ئەم کێشەیە نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی پێشنیازی کردووە لەڕێگەی لیژنەیەکی زانستییەوە پزیشکانی پسپۆڕی منداڵان مەرجی زانستی بۆ رێگەدان بە شیر دابنرێت، بەجۆرێک هەموو ئەو ماددە سوودبەخشانەی تێدابن کە پێوستن، هەروەها کەمکردنەوەی جۆری شیرەکان و سزادانی ئەوانەی لەپێناو ساخکردنەوەی شیری قوتوو رێککەوتن ئەنجامدەدەن.