توێژەرانی ئەمریکا هۆکارێکی شاراوە و پڕ لە مەترسی بۆ زیادبوونی منداڵی ناکام دەدۆزنەوە
رووداو - تەندروستی
توێژەرانی سەنتەرێکی تەندروستیی ئەمریکی لە لێکۆڵینەوەیەکی شیکاریدا ئاشکرای دەکەن، بەرکەوتن بە هەندێک مادەی کیمیایی ئەگەری وەچەخستنەوەی منداڵی ناکام زیاد دەکات و دەشێت بەهۆیانەوە منداڵی پێ بمرێت.
توێژەرانی سەنتەری تەندروستیی لانگۆن لە زانکۆی نیویۆرک دەریدەخەن، 8٪ـی حاڵەتەکانی لەدایکبوونی منداڵی ناکام پەیوەندییان بە بەرکەوتن بە مادە کیمیاییەکانی DEHP هەیە کە لە جۆری فتالەیتەکانە و لەنێو هەر جۆرە پلاستیکێکدا هەیە کە نەرم و شلە.
توێژەران هۆشداری دەدەن کە ئەو مادە پلاستیکییانە بە تێکەڵاوبوونیان لەگەڵ ئاو، خاک و هەوادا دەشێت تێکەڵ بە جەستە ببن بەتایبەت خانمانی دووگیان، تەنانەت لەوێشەوە بچێتە نێو خوێن و بە وێڵاشدا تێپەڕ ببن.
چونکە مادە کیمیاییەکانی DEHP لەنێو نموونەی میز و خوێنی وێڵاشی ئەو دایکانەدا هەبووە کە بەرکەوتەیەکی زۆریان بەو مادانە هەبووە.
پێشبینیش دەکرێت، بە نزیکەیی دوو ملیۆن لەدایکبوونی پێشوەختە و 74 هەزار مردنی منداڵی تازەلەدایکبوو بەهۆی ئەو مادە کیمیاییانەوە بووبێت.
فتالەیتەکان لە چیدا هەن؟
فتالەیتەکان لە کەرستەکانی جوانکاری، پاککەرەوەکان، قاپ و کەوچکی پلاستیکی، مێرووکوژ و ئەو پلاستیکانەدا هەیە کە نەرم و شلن.
لێکەوتەکانی لەدایکبوونی پێشوەختە
ناڕێکیی فەرمانەکانی مێشك
هەوکردن
هەناسەتەنگی
تووشبوون بە جەڵتە
ئیفلیجیی مێشک
نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن
ناڕێکیی گەشە
لاوازیی بەرگریی جەستە
ئاسان تووشبوون بە نەخۆشییە درێژخایەنەکان