د. یاد نەقشبەندی: 'خۆشبەختانە' ئەگەری چاکبوونەوە لە شێرپەنجەی مەمک زۆرە

رووداو - تەندروستی

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوای تایبەت بە شێرپەنجە و نەخۆشییەکانی خوێن لە سلێمانی رایدەگەیێنێت، ''خۆشبەختانە'' ئەگەری چاکبوونەوە لە شێرپەنجەی مەمک زۆرە و چارەسەرەکانیش بەردەستن.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 1-5-2025 د. یاد نەقشبەندی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، شێرپەنجەی مەمک 20٪ـی حاڵەتە تۆمارکراوەکانی ساڵی رابردوو بووە و تاوەکو ئێستاش باوترین شێرپەنجەیە لە هەرێمی کوردستان و جیهان.
 
د. یاد نەقشبەندی دەڵێت: ''هێشتا بودجەی تەرخانکراو بۆ نەخۆشخانەی هیوا کەمە و ساڵانە پێیویستمان بە 40 ملیار دینارە''، ئەوەش دەڵێت کە هێشتا نەخۆشخانەکە قەرزارە و ئێستا داهاتی زۆر بۆ سندووقی شێرپەنجە کۆناکرێتەوە.
 
لە بەشێکی قسەکانیدا ئەوەی گوت، کەمیی دەرمان کێشەیەکی جیهانییە، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت کاری باشتر لەسەر دابینکردنی دەرمانی شێرپەنجە بدات. چونکە ''ئێستاش هەندێک دەرمانی شێرپەنجە هەن بە ستیکەرەوە دەستناکەون و نەخۆش لە ناچاریدا لە دەرەوە دەیانکڕێت''.
 
هۆشداریشی دا کە هەر دەرمانێک ستیکەری وەزارەتی تەندروستی پێوە نەبێت، گرەنگی ناکرێت و هەر دەرمانێک لە نەخۆشخانەی هیوا دەدرێت بە نەخۆش، بە کواڵیتیی کۆنتڕۆڵدا تێپەڕیوە و سەلامەتە بۆ بەکارهێنان.
 
ئامارەکانی شێرپەنجە لە باشووری کوردستان لە ساڵانی 2023 و 2024
 
لە هەولێر ساڵی 2023= 5456 تووشبووی نوێ تۆمارکراون
لە هەولێر ساڵی 2024= 4983 تووشبووی نوێ تۆمارکراون
 
لە سلێمانی ساڵی 2023= 2796 تووشبووی نوێ تۆمارکراون
لە سلێمانی ساڵی 2024= 3310 تووشبووی نوێ تۆمارکراون
 
لە دهۆک ساڵی 2023= 1250 تووشبووی شێرپەنجە تۆمارکراون
لە دهۆک ساڵی 2024= 1303 تووشبووی نوێی شێرپەنجە تۆمارکراون
 
لە کەرکووک ساڵی 2023= 1116تووشبووی نوێ تۆمارکراون
لە کەرکووک ساڵی 2024= 1276 تووشبووی نوێ تۆمارکراون