کۆمەڵەی پزیشکانی نەشتەرگەریی منداڵانی کوردستان راگەیێندرا
رووداو - تەندروستی
کۆمەڵەی پزیشکانی نەشتەرگەریی منداڵانی کوردستان راگەیێندرا و جێگری سەرۆکی کۆمەڵەکە بە رووداوی گوت، ئامانجیانە بایەخی پسپۆڕییەکە لەنێو کۆمەڵگەدا دەربخەن و ببنە هۆکارێک بۆ باشترکردنی ژیان و تەندروستیی منداڵان.
رۆژی پێنجشەممە 1-6-2023 لە مەراسیمێکدا کۆمەڵەی پزیشکانی نەشتەرگەریی منداڵانی کوردستان لە هەولێر راگەیێندرا، دکتۆر محەممەد کەمال، پسپۆڕی نەشتەرگەریی منداڵان و جێگری سەرۆکی کۆمەڵەکە رایدەگەیێنێت، ئامانجیانە بایەخی زیاتر بە پسپۆری نەشتەرگەریی منداڵان بدەن و کاری جیدی لەسەر هۆشیارکردنەوەی منداڵ و دایک و باوکان بکەن.
بە گوتەی دکتۆر محەممەد، کۆمەڵەکەیان لەپێناو باشترکردنی ئاستی ئەندامانیان و خوێندکارانی پسپۆرییەکە، هاوئاهەنگی لەگەڵ کۆمەڵە و زانکۆکانی پەیوەندیدار بە پسپۆڕییەکەوە دەکەن و بە هاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی پڕۆژەکانیان جێبەجێدەکەن.
جێگرەکەی سەرۆکی کۆمەڵەکە ئەوەشی گوت کە نوێنەریان لە پارێزگەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان هەیە، بەڵام سەرەتای کارکردنیان لە هەولێر دەبێت و دواتریش لە پارێزگەکانی دیکە چالاکی دەکەن.
دکتۆر محەممەد کەمال، پزیشکی پسپۆڕی نەشتەرگەرییەکانی منداڵان رووندەکاتەوە و دەڵێت: ''پێشتر پسپۆڕییەکە بەشێک بووە لە نەشتەرگەریی گشتی، بەڵام لە ساڵی 2004ـەوە بەشەکە لە نەخۆشخانەی راپەڕین جیاکراوەتەوە، هەروەها لە ساڵی 2006 بەفەرمی وەکو سەنتەر بەڕووی خوێندکارانی بۆردی عێراقی کرایەوە''.
دکتۆر کارزان کازم، بەرپرسی بەشی راگەیاندنی کۆمەڵەی پزیشکانی نەشتەرگەریی منداڵان بە رووداوی راگەیاند، کۆمەڵەکە هاوئاهەنگی لەگەڵ رێکخراو و کۆمەڵە جیهانییەکاندا هەیە و ئاماژەشی بە کارکردنیان کرد لەگەڵ پزیشکانی نەشتەرگەریی منداڵان لە سعودیە، بەجۆرێک کە بێنە هەرێمی کوردستان و بتوانن سوود بە منداڵان بگەیێنن.
دکتۆر کارزان ئاماژەی بە باوترین هۆکاری نەشتەرگەریی منداڵان کرد و گوتی، زۆرینەی حاڵەتەکان ئەوانەن کە نەخۆشییە سکماکییەکانیان هەیە و هەوڵیان داوە بە هاوبەشی لەگەڵ پزیشکانی خانمان و منداڵبوون، هەر لە ماوەکانی دووگیانیدا چارەسەری ئەو جۆرە نەخۆشییانە بۆ کۆرپەلە بکەن.
مەراسیمی راگەیاندنی کۆمەڵەی پزیشکانی نەشتەرگەریی منداڵانی کوردستان لە هەولێر بە ئامادەبوونی چەندین پزیشک و پسپۆڕی هەرێمی کوردستان و عێراق بەڕێوەچوو و ئامانجی سەرەکیی کۆمەڵەکە بایەخدانە بە پسپۆڕی نەشتەرگەریی منداڵان لە کوردستان و کارکردنی زیاتر لەسەر هۆشیارکردنەوەی منداڵان لە پاراستنی تەندروستییان و باشترکردنی ئاستی زانستیی پزیشکانی پسۆڕییەکە.