پسپۆڕێکی منداڵان: نابێت لە ژووری خەوتنی منداڵ هیچ شاشەیەک هەبێت
رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی منداڵان رایدەگەیێنێت، مانەوەی منداڵ لەبەردەم شاشەکان ئاستی زیرەکییان کەم دەکاتەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 1-6-2025 هاوتا لەگەڵ رۆژی جیهانیی منداڵان، د. سروە موحسین، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان لەنێو بووڵتەنی تەندروستیدا رایگەیاند، شاشەکان لە ژووری خەوتنی منداڵدا نەبێت، چونکە خەویان تێکدەدات و وادەکات درەنگ بخەوێت.
د. سروە موحسین دەڵێت: ئەو منداڵانەی شاشەکان زۆر بەکاردەهێنن پەیوەندیی کۆمەڵایەتییان لاواز دەبێت و زیاتر گۆشەگیر دەبن.
بەپێی WHO، ماوەی رێگەپێدراوی مانەوە لەبەردەم شاشەکان لە 24 کاژێردا بەم شێوەیەیە؛
- خوار 2 ساڵان، رێگەپێدراو نییە
- تەمەنی 2 - 5 ساڵان، 1 بۆ 1.5 کاژێر ڤیدیۆی پەروەردەیی
- تەمەنی 5 - 12 ساڵان، 2 بۆ 3 کاژێر
- تەمەنی سەروو 12 ساڵان، 2 بۆ 4 کاژێر
هەروەها کاژێرەکان نابێت بەسەر یەکەوە بن