تەندروستیی ئەمریکا پزیشکێکی رابردووی کۆشکی سپی تۆمەتبار دەکات

رووداو - تەندروستی

وەزیری تەندروستی و خزمەتگوزارییە مرۆییەکانی ئەمریکا داوای لیژنەیەکی نیشتمانی بۆ لێپێچینەوە لە 'ئەنتۆنی فاوچی، پزیشکی یەکەمی کۆشکی سپی بۆ نوێگەری و زانیارییەکان لەبارەی کۆرۆناوە لە حکومەتی رابردووی ئەمریکا' کردووە و تۆمەتباری کردووە بەوەی کە دەستی لە بڵاوبوونەوەی کۆڤید-19دا هەبووە و راستییەکانی شاردوونەتەوە.
 
رۆبەرت کێنێدی، وەزیری تەندروستی و خزمەتگوزارییە مرۆییەکانی ئەمریکا رایگەیاند، فاوچی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنای ''بە سرووشتی'' داناوە و چەندین جاریش ''بە درۆ'' لە کۆنگرێسدا راستییەکانی شێواندووە.
 
ئەنتۆنی فاوچی، بەڕێوەبەری پەیمانگەی نیشتمانیی هەستیاری و نەخۆشییە گوازراوەکان NIAID لە سەردەمی بڵاوبوونەوەی کۆڤید-19 سەرکردایەتیی تەندروستیی ئەمریکای دەکرد بۆ ئاشکراکردنی نوێترین و وردترین پاشهاتەکانی نەخۆشییەکە، یەکێک بوو لە پزیشکە هەرە پێشەنگەکانی کۆشپی سپی لەو ماوەیەدا.
 
فاوچی لە حوزەیرانی 2024دا لەبەردەم کۆنگرێسمانەکان گوتی، ''ئەو ڤایرۆسەی لە پەیمانگەکانی توێژینەوەکە لە وهان گەشەیان پێدراوە زۆر دوورن لە ڤایرۆسی کۆڤید-19 و مەحاڵە ئەو ڤایرۆسانە پەرەیان سەندبێت و بووبنە هۆی بڵاوبوونەوەی کۆڤید-19''.
 
بەڵام ئێستا تەندروستیی ئەمریکا و بەشێک لە شارەزایانیش، ئەوە باس دەکەن کە پێویستە لیژنەی تایبەت بە لێکۆڵینەوە لە ئەنتۆنی فاوچی دابنرێت و بە شێوەیەکی راستگۆیانە زیاتر لە هۆکاری پەرەسەندنی کۆڤید-19 بکۆڵدرێتەوە، ''چونکە ئەو لەو ماوەیەدا راستییەکانی شێواندوون''.

بەپێی کۆتا ئامارە تۆمارکراوەکانی کۆڤید-19 لە هەرێمی کوردستان کە تاوەکو مانگی 12ـی 2023ـیە، زیاتر لە 466 هەزار و 900 تووشبوو تۆمار کراون کە زیاتر لە 459 هەزار و 400 کەس چاک بوونەتەوە، 7 هەزار و 468 کەسیش گیانیان لەدەستداوە.