لە بەریتانیا هۆشداری دەدرێت لە دەرمانەکانی دژەقەڵەوی؛ رەنگە ببنە هۆی هەوکردنی پەنکریاس

رووداو - تەندروستی

ئاژانسی چاودێریی دەرمان لە بەریتانیا هۆشداری دەدات لە کێشەیەکی باوی نێو بەکارهێنەرانی دەرمانەکانی دژەقەڵەوی و ئاشکرای دەکات، زۆرینەیان تووشی هەوکردنی تووندی پەنکریاس بوون.
 
ئاژانسەکە ناسراوە بە (MHRA)و ئاگاداری کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی دەرمانەکانی دژەقەڵەوی کە بۆ نەخۆشیی شەکرەش بەکاردێن، دەکاتەوە لەوەی دەشێت لێکەوتەیەکی لاوەکیی مەترسیدار تووشی پەنکریاس بکات.
 
بەپێی ئاژانسی چاودێریی دەرمان لە بەریتانیا، ئەمساڵ لە بەریتانیا 123 تووشبووی هەوکردنی پەنکریاس لەو کەسانە تۆمارکراون کە دەرمانەکانی دژەقەڵەویان بەکارهێناوە.
 
گوتەبێژی ئاژانسەکە دەڵێت: ''لێکۆڵینەوەکان لەبارەی کاریگەریی دەرمانەکان لەسەر هەوکردنی پەنکریاس دەستپێدەکەن و هۆشداری دەدەینە پزیشكان کە بۆ نەخۆشەکانیان ئەم کێشەیە رەچاو بکەن''.
 
کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنەر چی دەڵێن؟
 
دوای ئەم هۆشدارییەی ئاژانسەکە، کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنی دەرمانەکانی دژەقەڵەوی جەخت لەوە دەکەنەوە، سەلامەتیی نەخۆش پێش هەموو شتێکە و هەوکردنی پەنکریاسیش دەشێت کاریگەرییەکی لاوەکیی دەرمانەکان بن.
 
ئەو کۆمپانیایانە پێشنیاز دەکەن، هاووڵاتییان تەنیا لەژێر راوێژی پزیشک و بۆ دۆخی تایبەت دەرمانەکانی دژەقەڵەوی بەکاربهێنن. هاوکات دەشڵێن: ''ئامادەی هەر جۆرە لێکۆڵینەوەیەکین کە لەسەر دەرمانەکانمان بکرێن بۆ ئەوەی زیاتر لە کاریگەرییەکانیان تێبگەین''.