بە ڤیدیۆ؛ لە هەولێر منداڵێک بە دوو رووخسارەوە لەدایک بوو
رووداو - تەندروستی
لە نەخۆشخانەیەکی تایبەتی هەولێر، منداڵێک بە دوو رووخسارەوە لەدایکبوو، دووانە بوون و ئەوەی دیکە تەندروستە. ئەوەی دوو رووخساری هەبوو، گیانی لەدەستدا.
ئەمڕۆ سێشەممە، 1-7-2025، لە نەخۆشخانەی نەورۆزی تایبەت لە شاری هەولێر بە نەشتەرگەری، خانمێک دووانەیەکی بوو، یەکێکیان بە دوو رووخسارەوە لەدایکبووە. د. ئیسرا محەممەد، پزیشکی سەرپەرشتیاری کەیسەکە بە رووداوی راگەیاند، خێزانەکە پەنابەرن و خەڵکی رۆژئاوای کوردستانن.
د. ئیسرا محەممەد دەڵێت: "لە تەمەنی چوار مانگییەوە لەڕێگەی پشکنینەوە زانراوە کە یەکێک لەو منداڵە دووانەیە ناڕێکە، بەڵام لەبەر دۆخی تەندروستیی ساخەکەیان، دەریان نەهێناون تاوەکو کاتی لەدایکبوونیان".
د. عەلی ئەسوەد، بەرپرسی بەشی منداڵە ناکامەکان لە نەخۆشخانەی نەورۆز بە رووداوی گوت، منداڵەکە دوای کاژێرێک لە لەدایکبوونی، گیانی لەدەستدا. ئەو لەدایکبوونەیشی بە "رووداوێکی دەگمەن" ناوبرد.
بەگوتەی پسپۆڕێکی نەشتەرگەریی گشتی لە نەخۆشخانەکە، تەندروستیی خانمەکە باشە.
بەپێی پەیمانگەی تەندروستیی نیشتمانی لە ئەمریکا، ئەو حاڵەتە دەگمەنە و لە 180 هەزار بۆ 15 ملیۆن لەدایکبوون تەنیا یەک جار ئەمە روودەدات کە منداڵێک لە یەک جەستەدا دوو روخساری هەبێت.