بیمەی تەندروستیی عێراق: بیمە هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گشتیی سندووقی بیمەی تەندروستیی عێراق دەڵێت، لە ساڵی داهاتووەوە خزمەتگوزاریی بیمەی تەندروستی هەموو هاووڵاتییانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 1ی ئەیلوولی 2025 عەلی عوبێد، بەڕێوەبەری گشتیی سندووقی بیمەی تەندروستیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "یاسای بیمەی تەندروستی، کە لەلایەن پەرلەمانەوە لە ساڵی 2020 دەرکرا، لە کۆتایی ساڵی 2023 چووە واری جێبەجێکردنەوە، سێ قۆناخی تێپەڕاندووە و ئێستا لە قۆناخی چوارەمدایە."
 
عەلی عوبێد گوتی، "لە ساڵی 2026دا خزمەتگوزارییەکە دەبەینە سەرجەم پارێزگاکانی دیکەی عێراق، کە دەبێتە دەستپێکی قۆناخی چوارەم بۆ 9 پارێزگا." سەبارەت بە هەرێمی کوردستانیش، گوتی، "لە ساڵی 2027 - 2028 هاووڵاتییانی هەموو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان سوودمەند دەبن."
 
بەڕێوەبەری گشتیی سندووقی بیمەی تەندروستیی عێراق، جەختی لەوەش کردەوە، "لەبەر درەنگ کاراکردنی ئەم پرۆگرامە و بەدواداچوونمان بۆ گونجاندنی ژێرخانێکی گونجاو بۆ ئەو دامەزراوانەی بیمەی تەندروستی دەیانگرێتەوە، دەبێت بزانین مەرجەکان دەیانگرێتەوە یاخود نا."
 
بەگوێرەی بەڕێوەبەری سندووقی بیمەی تەندروستیی عێراق، خزمەتگوزارییەکە 285 جۆری نەشتەرگەری و 40 جۆری خزمەتگوزاریی راوێژکاریی پزیشکی و هەموو جۆرە پشکنینەکان دەگرێتەوە.
 
عەلی عوبێد گوتیشی، "ئەو کەسانەی خزمەتگوزارییەکە دەیانگرێتەوە کە لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی تۆمارکراون، نیڤشکانان، فەرمانبەر و خانەنشینانن."
 
یەكەم ئەزموونى کارکردن بە بیمەى تەندروستى لە مانگی 11ی 2023وە لە عێراق دەستیپێکرد.
 
بەگوێرەى یاسای ژمارە 22ـی ساڵی 2020 عێراق، ئامانج لە بیمەی تەندروستی کەمکردنەوەى قورسایی دارایی سەرشانى هاووڵاتییانە لە تێچووى چارەسەرى تەندروستى لە بەرامبەر بەشداریکردنى لە بیمەکەدا، لەهەمان کاتدا سەرچاوەى داهاتى وەزارەتى تەندروستیش زیاتر دەکات.