تەندروستیی سۆران پزیشکێکی پسپۆڕ سزا دەدات و دەیگوازێتەوە بۆ زاخۆ
رووداو - تەندروستی
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سۆران رایدەگەیێنێت، پزیشکێکی پسپۆڕیان سزا داوە کە پابەندی دەوامەکەی نەبووە و ئێشکگری نەکردووە. (گواستوویانەتەوە بۆ زاخۆ).
تەندروستیی سۆران بە نووسراوێک سزاکەی رەوانەی وەزارەتی تەندروستی کردووە و وەزارەتەکەش بە فەرمانێک سزای بەسەر د. (خ. س. پ) پسپۆڕی نەشتەرگەرییەکانی مێشک و بڕبڕەی پشت جێبەجێکردووە.
بەپێی نووسراوی وەزارەتی تەندروستی، ئەو پزیشکە لە نەخۆشخانەی گشتیی فێرکاریی سۆرانەوە گوازراوەتەوە بۆ سەر میلاکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی زاخۆ.
ئەمڕۆ چوارشەممە 1-10-2025 د. کامەران محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سۆران بە رووداوی راگەیاند، دووجار لەسەر یەک پزیشکەکە پابەندی ئێشکگرییەکەی نەبووە و دوای سزادانی مادی و ئاگادارکردنەوە، لە پێشێلکارییەکەی هەر بەردەوام بووە.
د. کامەران گوتیشی، پێنج پزیشكی دیکەی هەمان پسپۆڕی لە نەخۆشخانەکە هەن و بەردەوامن لە دەوام کردن.
بەپێی تەندروستیی سۆران، چەندانجار هاونیشتمانییان سکاڵایان لەسەر نەبوونی پزیشکی ئێشکگر تۆمار کراوە، ئەوانیش رژدن لەوەی هاونیشتمانییان هەر کەموکورتییەکیان بینی، پەیوەندی بە بەڕێوەبەرایەتییەوە بکەن.